ئێران لە کوێی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندایە؟



جیهان چاوی لەسەر جەنگی ئیسرائیل و فەلەستینە کە لە وەڵامی هێرشی مووشەکی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین بۆ ئیسرائیل دروستبوو، ئەو وڵاتە هێرشی ئاسمانی کردە سەر کەرتی غەززە.

 

ئیسرائیل چوار هێرشی سەربازی درێژخایەنی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە، ئەوانیش لە ساڵانی ٢٠٠٨، ٢٠١٢، ٢٠١٤ و ٢٠٢١، تێیدا هەزاران فەلەستینی کوژراون، دەیان هەزار ماڵ و قوتابخانە و بینای ئۆفیس وێران بوون.

 

ئێران لە کوێی شەڕەکەدایە؟

پاش هێرشەکانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە لایەن گرووپی حەماس لە کەرتی غەززە بۆ سەر ئیسرائیل، چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایانگەیاند کە گومانیان لە تێوەگلانی ئێران هەیە، کە لایەنگرێکی ناسراوی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ئیسرائیلە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات ئێران ڕەتیکردەوە دەستی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی بزووتنەوەی حەماسدا هەبێت.

 

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوز لە ئەمریکا، مایکل هێرزۆگ، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا ڕایگەیاند، سەرکردایەتی ئیسرائیل گومانی لە تێوەگلانی ئێران هەیە.

 

وتیشی: “حەماس و ئێران پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە، ئێران پشتیوانی ماددی، بودجە و چەک پێشکەش بە حەماس دەکات، بەشێکن لە هاووپەیمانی دژبەری ئیسرائیل”.

 

گیلاد ئەردان باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕۆژی یەکشەممە لە نیویۆرک لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس کۆبووەتەوە، ئاگادارین کە لە سوریا و لوبنان کۆبوونەوە هەبووە.

 

 

ئێران چی دەڵێت؟

تاران ڕەتیدەکاتەوە دەستی لەو هێرشانەدا هەبێت، کە بە کردەوەی “بەرگریکردن لە خۆ” لەلایەن فەلەستینیەکانەوە ناویبردووە، بە مەزەندەکردن ٧٠٠ ئیسرائیلی کوژران و دەیان کەسی دیکەش ڕفێنران و تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ فەلەستینی کوژراون.

 

ئیبراهیم ڕەئیسی لە بەیاننامەیەکدا کە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران پەخش کرا و وێڕای ستایشی هەوڵەکانی “بەرخۆدان”ی حەماس وتی: “ئێران پشتیوانی لە مافی ڕەوای نەتەوەی فەلەستین دەکات”.

 

ئێران پشتگیری لە تۆڕێکی بەرفراوانی میلیشیا و گروپە چەکدارەکان دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێویاندا گروپە فەلەستینییەکان، لە کاتێکدا تاران بەردەوام لە هەوڵی چەسپاندنی پێگەی خۆی لە لوبنان، سوریا، عێراق، یەمەن و غەززە دەکات.

 

دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام لە وتار و هەڵوێستەکانیان لەبارەی ئیسرائیل جەخت لە دەستەواژەی “میحوەری خۆڕاگری” دەکەنەوە، ئەم دەستەواژەیە بە پلەی یەکەم ئاماژەیە بۆ هەردوو باڵی حەماس و حزبوڵڵای لوبنان، لە کاتێکدا لەلایەن چەند وڵاتێکەوە بە گروپی تیرۆریستی دادەنرێن، لەوانە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا.

 

لە مانگی ئابی ڕابردوودا حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیروت لەگەڵ سەرۆکەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستین و گروپە دژە ئیسرائیلییەکانی دیکەی چالاک لە لوبنان کۆبووەوە، لەم دیدارەدا وەزیری دەرەوەی ئێران پشتیوانی ئێرانی بۆ “میحوەری خۆڕاگری” دووپات کردەوە.

 

مەحمود زەهار، ئەندامی باڵای سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠دا ڕایگەیاندبوو کە لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی قودسی سوپای پاسداران، نزیکەی ٢٢ ملیۆن دۆلاری بە کاش وەرگرتووە.

 

حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی حزبوڵڵا، چەندین جار دووپاتی کردەوە کە ئەو گرووپە پاڵپشتی دارایی، چەک و مووشەک لە ئێرانەوە وەردەگرن، بۆ نموونە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٦دا وتی “تا ئێران پارەی هەبێت ئێمە پارەمان هەیە، هیچ یاسایەک ناتوانێت ڕێگری لە وەرگرتنی ئەم هاوکارییە بکات”.

 

ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢١ی سەنتەری ویڵسنی ئەمریکی باس لەوە دەکات، “لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە ئێران سەرنجی لەسەر دابینکردنی زانیاری و کەرەستەی بەرهەمهێنانی موشەکی بۆ هاوپەیمانەکانی هەبووە، ئەمیر عەلی حاجی زادە فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، “لەبری ئەوەی ماسییان پێ بدەین، فێری گرتنی ماسییەکەیان دەکەین، هاوپەیمانان و هاوڕێکانمان فێری چۆنیەتی دروستکردنی قەڵغان دەکەین”.

 

ئێران دژایەتی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەکات، هێرشی بزووتنەوەی حەماس لە کاتێکدایە کە دانوستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دیپلۆماسی لە نێوان سعودیە و ئیسرائیل دەکرێت.

 

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەدا باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی “بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەچێت”.

 

ڕێککەوتنی ئەبراهام کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ لەلایەن ئیسرائیل و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئەمریکاوە واژۆ کرا، بووە هۆی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، بەڵام ئێران بەتوندی دژایەتی ئەم ڕێبازە دەکات کە گەلانی عەرەب دەیگرنەبەر.

 

چوار ڕۆژ پێش دەستپێکردنی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، عەلی خامنەیی، ڕێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامی، دامەزرانی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بە “هەوڵێکی تەواو بێهودە” وەسفکرد.

 

ڕۆژی یەکشەممە، ڕاپۆرتێک لەلایەن ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە بڵاوکراوەتەوە، لە زاری بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماسەوە کە ناویان نەهێنراوە، ڕایگەیاندووە کە سوپای پاسدارانی ئێران یارمەتیدەر بووە لە پلاندانان بۆ هێرشی لەناکاوی فرەلایەنەی ڕۆژی شەممە بۆ سەر ئیسرائیل.

 

بەڵام ڕۆژی دووشەممە دانیال هاگاری وتەبێژی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، “هیچ بەڵگەیەکی دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران لەبەردەستتدا نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە پەیوەندییەکی درێژخایەن هەیە”.

 

ئیسرائیل چی دەڵێت؟

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل “لە شەڕدایە” لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس و سوێندی خواردووە تۆڵەی توندی ئەو هێرشانە بکاتەوە.

 

ڕۆژی دووشەممە نەتانیاهۆ ڕایگەیاند، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکانی حەماس “رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت”.

 

گیلاد ئەردان، باڵیۆزی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکانی بە “١١ی سێپتەمبەری ئیسرائیل” ناوبرد، کە دوای ئەوە “هیچ شتێک وەک جاران نابێت”.

 

 

وڵاتانی جیهان چی دەڵێن؟

ڕووسیا و چین لە دانیشتنی یەکشەممەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئەم دواییەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بانگەشەیان بۆ پرۆسەی ئاشتی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد،

هاوکات چین ئیدانەی حەماسی نەکردووە، هەروەک چۆن ڕەتیکردووەتەوە هێرشەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ئیدانە بکات.

 

ڤاسیلی نەبێنزیا، نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە دەزگای نێودەوڵەتی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ” گرنگە دەستبەجێ شەڕەکە بوەستێنرێت، بچینە ئاگربەست و دانوستانێکی مانادار، ڕووسیا هێرشەکانی سەر خەڵکی مەدەنی ئیدانە دەکات”.

 

ڤلادمیر زێلێنسکی ڕۆژی شەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پشتگیری لە ئیسرائیل کرد، بەڵام دواتر هێرشەکەی بەستەوە بە هێرشە بەردەوامەکانی ڕووسیا لە وڵاتەکەی، ڕایگەیاند ڕەنگە دەرەنجامێکی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە بێت کە سەرنجەکان لە لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا لابدات.

 

سەرچاوە: DW

ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی کێشەی فەلەستینەوە کۆدەبێتەوە
پێشت ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی کێشەی فەلەستینەوە کۆدەبێتەوە
ئەندامێکی لیژنەی نەوت: نابێت سازش بۆ تورکیا بکرێت
دواتر ئەندامێکی لیژنەی نەوت: نابێت سازش بۆ تورکیا بکرێت
ەیوەندیدار