ڕێنماییەکانی حەج و عومرە بۆ ئەمساڵ بڵاوکرایەوە



وەزارەتی ئەوقاف وردەکاری ناونووسینی بۆ حەج لە ڕێگەی تیروپشک ڕاگەیاند، وادەی پڕ کردنەوەی فۆرمەکە و ئەنجامدانی تیروپشکەکەی بڵاوکردەوە.

وەزارەتی ئەوقاف لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاری ئەنجامدانی تیروپشکەکەی خستەڕوو، “ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵ پێشخراوە لەلایەن حکومەتی سعودیە و دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، ئەوانەی لە تیروپشکی ساڵانی ڕابردوو ناویان دەرچوو بوو کۆتای هاتووە، ئەمساڵ سەر لەنوێ تیروپشک ئەنجامدەدرێت و ناوی نوێ تۆماردەکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “نووسینی ناوی هاوڵاتیان لە ڕێگەی فۆرمێکی تایبەت دەبێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە ئامادەکراوە، لە ڕێگەی ٥ گروپەوە دەبێت و مۆری حکومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی لەسەر هەیە، هەر فۆرمێکی دیکە پڕ بکرێتەوە پووچەڵ دەکرێتەوە”.

وەزارەتی ئەوقاف مەرجەکانی ناونووسینی بۆ حەجی ئەمساڵ ڕاگەیاند، “پڕکردنەوەی فۆرم لە ڕێگەی نوسینگەکانی حەج و عومرەی پارێزگاکان دەبێت، ئەو کەسەی فۆرم پڕدەکاتەوە نابێت تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمتر بێت، دەبێت دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت و فۆرمی خۆراک و کارتی زانیاری پێبێت، ژنانی سەروو ٤٥ ساڵ دەتوانن بە تەنیا ناوی خۆیان بنووسن، کەمتر لەو تەمەنە دەبێت مەحرەمێکیان لەگەڵ بێت، ئەوانەی حەجیان کردووە ناتوانن جارێکی دیکە ناو تۆمار بکەن، هەروەها ئەوەی جارێک زیاتر فۆرم پربکاتەوە بەتاڵ دەبێتەوە”.

هاوکات سەبارەت بە پڕکردنەوەی فۆرمەکە باسی لەوەکرد، “هاووڵاتی لەگەڵ وەرگرتنی فۆرمەکە دەبێت لە ماوەی چوار ڕۆژدا فۆرمەکە بگەڕێنێتەوە بۆ هەمان شوێن کە لێی وەرگرتووە، پێچەوانەوە ناوی ناچێتە ناو تیروپشکەکە، ناونوسین بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ بەردەوامدەبێت”.

وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاند تەنها ئەمساڵ لە ڕێگەی فۆرمەوە ناو دەنوسرێت و ساڵی ئایندە دەبێتە ئۆنلاین، “ئەوانەی ناویان دەردەچێت ئەگەر لە ژیاندا نەمابن یان ئامادەی گەشتی حەجی نەبێت ناتوانێت دوایبخات بۆ ساڵێکی دیکە، چونکە ناو نووسین تەنها بۆ یەک ساڵە و ساڵی ئایندە ناوی نوێ دەنوسرێت و لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دەبێت”.

هاوکات ئەوەشەی خستەڕوو، ” کەمتر لە ٢٨ هەزار فۆرمی هاووڵاتیانمان لەلاماوە کە لە ساڵی ٢٠١٧ ناویان تۆمارکردووە، پێویست ناکات سەردان بکەن و دووبارە فۆرم بکەنەوە، چونکە ناویان پارێزراوە و تیروپشکیان بۆ ئەنجامدەدرێت، هەروەها ئەوانەی تازە ناویان دەنووسن ڕێژەی ٪٤٠ بۆ دابینکراوە، ئەوانەی ٢٠١٧ ڕێژەی ٪٦٠ یان بۆ تەرخانکراوە”.

 

بومەلەرزە پارێزگایەکی عێراقی هەژاند
پێشت بومەلەرزە پارێزگایەکی عێراقی هەژاند
تورکمانستان پلانی هەیە ١٠ ملیار مەترسێجا غازی سروشتی هەناردەی عێراق بکات
دواتر تورکمانستان پلانی هەیە ١٠ ملیار مەترسێجا غازی سروشتی هەناردەی عێراق بکات
ەیوەندیدار