میدیای ئەمریکا دەڵێت ئێران لە پشت هێرشەکەی سەر ئیسرائیلەوەیە



ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی باس لەوە دەکات ئێران لە هێرشەکەی سەر ئیسرائیلدا هاوکاری بزووتنەوەی حەماسی کردووە و هەر ئەویش گڵۆپی سەوزی بۆ ئەنجامدانی هەڵکردووە، تارانیش وەڵام دەداتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریکی، بەرپرسانی ئەمنیی ئێران لە داڕشتنی پلانی هێرشە لەناکاوەکەی سەر ئیسرائیلدا هاوکاریی بزووتنەوەی حەماسیان کردووە و هەر ئەوانیش ڕەزامەندییان لەسەر ئەنجامدانی داوە.

ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە لێدوانی ژمارەیەك بەرپرسی حزبوڵای لوبنانی و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی ڕوونیشیکردەوە کە پێش هێرشەکە، بەرپرسانی ئەمنیی ئێران لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، زنجیرەیەك کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حەماسدا ئەنجامداوە، دوایین کۆبوونەوەشیان ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بووە.

بە پێی وتەی بەرپرسەکان مانگی ئابی ڕابردوو ژمارەیەك ئەفسەری سوپای پاسداران لەگەڵ حەماسدا هاریکارییان کرووە بۆ داڕشتنی پلانی ئەو هێرشەی کە لەیەك کاتدا لە ئاسمان و زەمین و دەریاوە کرایە سەر ئیسرائیل و تا نیوەڕۆی دووشەممە کوژرانی 700 کەس و برینداربوونی نزیکەی دوو هەزار و 400 کەسی دیکەی لێکەوتووەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، جگە لە ئەفسەرەکانی پاسداران و بەرپرسانی حەماس، ژمارەیەك بەرپرسی حزبوڵای و ئەندامانی گروپەکانی دیکەی سەر بە ئێران ئامادەی کۆبوونەوەکان بوون و لە دوایین کۆبوونەوەشدا کە لە بەیروت بەڕێوەچووە، ئێرانییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئامادەکارییەکان تەواوبوون و ڕەزامەندی ئەنجامدانی هێرشەکەیان بە حەماس گەیاندووە.

بەڵام تا ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکان نەگەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە ئێران لە هێرشەکەوە تێوەگلابێت و بەرپرسێكی ئەمریکی بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ڕاگەیاندووە، “هیچ زانیارییەك نییە لەسەر بوونی هاریکاریی لە نێوانیاندا”.

ئەمڕۆش ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، تۆمەتەکانی میدیای ئەمریکا سەبارەت بە دەستوەردانی تاران لە هێرشەکەدا ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند ئامانج لەو تۆمەتانە “پەردەپۆشکردنی شکستەکەی قەوارەی زایۆنی و زیانەکانێتی”.

لە لایەکی دیکەشەوە ئەنتۆنی بڵینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێندا ڕایگەیاند، “هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت ئێران فەرمانی ئەنجامدانی هێرشەکەی دابێت”.

هێرشەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان کوژراو و بریندار هەیە
پێشت هێرشەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان کوژراو و بریندار هەیە
کەشناسی هەرێم، “باران دەبارێت”
دواتر کەشناسی هەرێم، “باران دەبارێت”
ەیوەندیدار