بڕیاری دادگای فیدراڵی و کاریگەری لەسەر ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم



٢٤ی ئەیلولی ڕابردوو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای هەموارکراوی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، کە یەکێک لە بڕگەکانی تایبەت بوو بە درێژکردنەوەی کاری ئەنجومەنەکان. بەم بڕیارە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی پەرلەمانی هەرێم هەڵوەشایەوە و وەک دەوترێت دەسەڵاتی چاودێریکردن لە هەرێم نەماوە.

دەپرسین کاریگەرییەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەسەر هەرێم چی دەبن؟

پاش هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجومەنانە، حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکان کێ چاودێر دەبێت بەسەریانەوە؟

ئایا دۆخەکە گونجاوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان؟

هەریەکە لە: دکتۆر عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، فەهیم عەبدوڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک و دکتۆر سەعید کاکەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیارانی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کاریگەرییەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم بەمشێوەیەیە خوارەوە هەڵدەسەنگێنن

دکتۆر عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، “ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو دادگای فیدراڵی بڕیاری بە نادەستوری بوونی هەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانیدا کە پەرلەمانی هەرێم هەمواری کرد، بەپێی بڕیارەکەی دادگا یاساکە پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسییە ئەمەش واتای پێچەوانەی دەستورە، کەواتە ئەنجومەنەکان دەکەونە بۆشایی یاساییەوە، بۆیە ئەگەر ئێستا بوترێت ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵوەشاونەتەوە ئەوا نادروستە، بەڵکو لە بۆشایی یاسایداین، ئەنجومەنەکان ماوین، هەر وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨ هەتا ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی کۆتایی هاتنی ماوەی ئەنجومەنەکان کەوتینە بۆشایی یاسایی، بەڵام دواتر پەرلەمان یاساکەی هەموار کردەوە.

دەشڵێت، “ئێستا ئێمە ناتوانین کۆببینەوە و چاودێری بکەین، چونکە کەوتوینەتە بۆشایی یاسایی، بۆیە ئێستا چاوەڕێی ئەنجومەنی وەزیرانین ڕێنماییمان بۆ دەربکات.”

وتیشی بە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەن سەرۆکئی حکومەتەوە ئەوڕۆژە دەبێتە کۆتایی کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا چەندین پۆست بە وەکالەت هەن لە پارێزگای هەولێر کە دەبوو لە ئەنجومەنی پارێزگا ئەو پۆستانە دابنرێن، بەداخەوە ئێستا دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ناتوانین. پانزە لیژنەی ناو ئەنجومەنمان هەبوو کە بەدواداچونیان بۆ کاروباری هاوڵاتیان دەکرد و چاودێرییان دەکرد، بەداخەوە ئەوەش ناتوانین بکەین، لە بۆشاییەکی گەورەی چاودێریداین.”

“ئێمە وەک سەرۆکی سێ ئەنجومەنەکە بە تیلفۆن قسەمان لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کرد هەتا لەو ڕێگایەوە داواکاری ئێمە بگەیەنێت بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە بەپێی یاسا دەسەڵاتی دیاریکردنی ڕۆژی کۆنگرەی هەیە، هەتا ئەگەر بکرێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاڕێزگاکان لەگەڵ پەرلەمانی هەرێم لە ڕۆژی ٢٥ی مانگی دووی ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت، ئەمەش زۆر گونجاوە چونکە پێویست بە دوو جار بانگەشە ناکات وە هاووڵاتی یەکجار دوو دەنگ بدات بە پەرلەمان و بە ئەنجومەنی پارێزگاکان.”

بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، “زیانمەندی یەکەم لەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی هاووڵاتیانن، چونکە ئەنجومەنی پارێزگاکان شوێنی خزمەتگوزارییە نەک دیاریکردنی سیستمی سیاسی، ڕۆژانە گرفتی هاووڵاتیانی گوندەکان و شارەکانمان چارەسەر دەکرد لە ڕێگای پەیوەندیکردن بە بەڕێوەبەری ناحیە و پارێزگا و شارەوانی و هەر لایەک.

وتیشی، “من پێم خۆشە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ پەرلەمان ئەنجام بدرێت، من پێمخۆشبوو ٢٠١٨ بکرێت ، با بکرێتە نەریت کە هەڵبژاردن ئیتر لەکاتی خۆیدا بکرێت، ئێستاش باشترە لەگەڵ پەرلەمانی هەرێم بکرێت و دۆخەکەش لەبارە زۆر لەبارە ئەگەر بیانەوّت هەڵبژاردن بکرێت دەبێتە یەک خەرجیش لەسەر حکومەت.”

لایخۆیەوە فەهیم عەبدوڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، “ئەم بڕیارە زیاتر خەڵک لێی زیانمەندبوون، چونکە ڕۆژانە بۆ کاروبار و کێشەکان خەڵک دەهاتنە بەردەم دەرگای هەر سێ ئەنجومەنەکە ئێمە لە ڕێگای خۆمانەوە کێشەکانمان دەگەیاندن بە لایەنی پەیوەندیدار و چارسەر دەبوون، بەڵام ئێستا بە سیفەتی ئەنجومەنی پارێزگا ناتوانین هیچ کارێک ئەنجام بدەین بۆ خەڵک و کێشەیان چارەسەر بکەین، مەگەر تەنها بە پەیوەندی کەسی و ناسیاوی.”

وتیشی،”وشەیەکی حەق هەیە کە دەبێت بڵێین(کلمە الحق یراد الباطل) هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمان لایەنێکی ئیجابیشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت ئیتر ئێمە وەک هەرێمی کوردستان پابەندی کاتی هەڵبژاردن بین و لەکاتی خۆیدا بەپێی یاسا کە دیاریکراوە هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدەین، بۆیە مادام لە یاسا لامانداوە دەبێت ئەو لایەنە ئیجابیە ببینین، بەداخەوە بووەتە عورف کە هەر چوار خولەکەی پەرلەمان و دوو خولی ئەنجومەنی پارێزگاکان درێژکراونەتەوە.

هاوکات، د.سەعید کاکەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیارانی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی تەواو دەستورییە، چونکە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دژی بنەماکانی دیموکراسییە، لانی کەم ئەم ئەنجومەنە دەبوو لەکاتی خۆیدا لەدوای تەواوبوونی چوار ساڵەکە خۆی خۆی هەڵبوەشاندایەوە، بەڵام بەداخەوە چونکە لەژێر هەژمونی حزبیدان نەیانتوانی ئەم کارە بکەن، لە ٥٠%ی خەتاکە دەکەوێتە سەر ئەنجومەنەکە، چونکە کاتێک بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارییان دا دەبوو خۆیان خۆیان هەڵبوەشاندایەوە، ئەگەر وایان بکردایە ئەوکات ڕێز و شکۆیان لای هاوڵاتییان زیاتر دەبوو هاوڵاتییان بەچاوێکی ترەوە سەیری دەکردن، هاوڵاتیش دەبوو بهاتایە سەرشەقام ئەوەیان قبوڵ نەکردایە و پێشێلی یاسا بکرێت ماوەی ئەو ئەنجەمەنانە درێژ بکرێنەوە.

ئەوەی ئێستا شەرعیەتی چاودێریکردنی هەبێت بەسەر ئەم دەسەڵاتەی کە هەیە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن، ئەوە بڕیاری ئیشی ئەوانە، ئەی ئەو موچە قەبانە بۆچی وەردەگرن لە ئێستادا کاری پەرلەمانتانی عێراقە چاودێری دەسەڵاتە کاربەڕێکەرەکانی هەرێم بکەن.

من لە خۆشەویستی بەو سێ سەرۆک ئەنجومەنی پارێزگایە دەڵێم، داواکەیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ هی پەرلەمان داواکەیان نایاساییە، چونکە ئەو ئەنجومەنە کۆتایی بەکارەکەیان هاتووە، من زانیاریم هەیە هەمان لایەنی سکاڵاکار دەیانەوێت لە دادگا سکاڵا لەسەر ئەو سێ سەرۆک ئەنجومەنە تۆمار بکەن لەسەر ئەو داوایە بە(انتحال الشخصیە- واتە کەسێک نیت و پلەیەکت نیە بەڵام کارێک دەکەیت، واتە ئێستا ئەوان ئەندام و سەرۆک ئەنجومەنی پارێزگا نەماون ناتوانن بەو سیفەتە هیچ داوایەک بکەن، ئێستا باشترین چارەسەر ئەوەیە کە ئەو ئەنجومەنانە خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چارەی یاسایی بۆ خۆیان بدۆزنەوە تا پەلکێشی دادگا نەکرێن و سزای جەزائی نەدرێن، چونکە هەمان ئەو لایەنەی ئەو بارودۆخە یاساییەی بەسەردا فەرز کردن ئێستا بەنیازن ئەوەتان لەگەڵ بکەن( بەنیازی سکاڵا تۆمار کردنن لەسەرییان و پەلکێشی دادگاتان بکەن)، ئاگاداربن!

داوای ناونیشانی فڕۆکەوانێکی ڕژێمی بەعس لە پەرلەمانتارێکی پارتی دەکرێت
پێشت داوای ناونیشانی فڕۆکەوانێکی ڕژێمی بەعس لە پەرلەمانتارێکی پارتی دەکرێت
پەرلەمانتارێک: ناردنی مووچە لە عێراقەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم نادەستوورییە
دواتر پەرلەمانتارێک: ناردنی مووچە لە عێراقەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم نادەستوورییە
ەیوەندیدار