لە پارێزگای هەڵەبجە سایلۆیەك بۆ گەنمی جوتیاران دروست دەکرێت



حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، چەندین سایلۆ دروست دەکرێن و یەکێکیشیان لە پارێزگای هەڵەبجە دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، ئەمساڵ لەپاڵ هەشت سایلۆدا لە شار و شاڕۆچکەکان، دوو سایلۆی نوێ بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران ئامادە کراون و بەرهەمی گەنم وەردەگرن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوبەری گشتیی بازرگانی، لەبارەى بە بازاڕکردنی گەنمەوە ڕایگەیاند: “پێش وەزرى بەرهەمهێنانی گەنم، هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵى کوردستان و عێراق کۆ دەبنەوە و بە پێی ڕووبەرى داچێنراو پلانی وەرگرتنی گەنم دادەڕێژن”.

ڕوونیشیکردەوە کە لە ساڵی ڕابردوودا وەرگرتنی گەنم بێسنوور بوو، بەڵام ئەمساڵ چونکە گەنم زۆر بوو، هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن ٥٠٠ هەزار تەن گەنم وەرگیرێت، وتیشی: “دواتر سەیرمان کرد گەنم زۆر ماوە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران، بڕیارى دا لیژنەیەک لە وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی و دەستەى وەبەرهێنان پێک بێنێت، لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ناوخۆیی گفتوگۆیان کرد، هەردوو کۆمپانیا ئەو بڕە گەنمەیان وەرگرتن و هەڵیانگرت.”
سەبارەت بە پارەى جوتیاران بۆ ٥٠٠ هەزار تەن گەنمەکە، نەوزاد شێخ کامیل وتی: “پارەکە زیاتر لە ٤١١ ملیار دینارە، ئەوەى هاتووە ٢٣٤ ملیار بووە، ئەوەى ماوەتەوە زیاتر لە ١٦٧ ملیارە، ئومێد دەکەین لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو پارەیەش بێت و بەسەر جوتیارانی هەرێمی کوردستاندا دابەش بکرێت. ئێستا پارەکە تەرخان کراوە و ئومێد دەکەین بەو نزیکانە بینێرن، چونکە هەر هەرێمی کوردستانیش نییە، ناوەڕاست و خوارووی عێراقیشی تێدایە.”
دەربارەی دروستکردنی سایلۆش وتی: “دروستکردنی سایلۆکان، یەکێکە لە بنەماکانی دروستکردنی ژێرخانی ئابووری بۆ ئاسایشی خۆراکی وڵات، لەو سۆنگەوە لە پلانی کابینەى نۆیەمدا، بەردەوام هەوڵ دراوە سایلۆى زیاتر دروست بکرێن، چونکە بەرهەمی گەنم هەڵدەگرێت و لە خراپبوون دەیپارێزێت. بۆیە حکومەت دوو سایلۆی دیکەی لە کەلار و ڕۆڤیا دروست کرد، ئەمساڵ ئەم دوو سایلۆیەش دەچنە ڕێزی هەشت سایلۆکەى دیکە؛ لە هەڵەبجەش ئەمساڵ سایلۆیەک دروست دەکرێت.”

لەبارەى پیشەسازیی بوارى گەنمیش، ئاماژەی بەوەدا، “لە سایلۆکان تەنیا گەنم وەردەگرین، دواتر لە ڕێگەى ئاشەکانەوە دەهاڕدرێت، لە ڕێگەى بریکارەکانی خۆراکەوە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت، لە ڕێگەى کۆمپانیاکانەوە، گەنمی وەرگیراو دەکەنە ماکەرۆنی و ساوەر و کۆمەڵێک بەرهەمی دیکە. بەڵام حکومەت تەنیا دەیکاتە ئارد و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی دەکات.”
لەبارەى ناردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ دەرەوەى کوردستان، نەوزاد شێخ کامیل وتیشی: “ساغکردنەوەى بەرهەمەکانی جوتیاران ئەرکی حکومەتی هەرێمە، ئەمساڵ بڕێکی باش هەنار و پەتاتە نێردرایە دەرەوە، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێ دۆشاوى تەماتە و هەنگوین بنێرینە دەرەوە. سەرۆکی حکومەتی هەرێم زۆر گرنگیپێدەرى ناردنی بەرهەمی ناوخۆییە بۆ دەرەوە، بۆیە لە هەموو سەردانەکانی لە دەرەوە، بازاڕسازی بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی کوردستان دەکات؛ تا ئێستا شەش بەرهەمی ناوخۆ گەیشتوونەتە بازاڕەکانی دەرەوە و لەڕووی جۆر و نرخیشەوە برەویان هەیە.”

سووریا، مەرجی هەیە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا
پێشت سووریا، مەرجی هەیە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا
بەریتانیا، بەکارهێنانی مۆبایل لە قوتابخانەکاندا قەدەغە دەکات
دواتر بەریتانیا، بەکارهێنانی مۆبایل لە قوتابخانەکاندا قەدەغە دەکات
ەیوەندیدار