بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە



سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، ئەو چاوەڕوانییە لە زانایان و مامۆستایانی ئایینی هەیە ڕێنیشاندەری هەموو لایەكمان بن.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە درێژایی مێژووی گەلەكەمان مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام ڕۆڵی یەكلاییكەرەوەیان لە بەهێزكردنی نیشتیمانپەروەری و قبووڵنەكردنی ستەمكاری و ڕێگەگرتن لە بیری توندڕۆیی و تاییفەگەریدا هەبووە.

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و سێ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.
ئامانجی سەرەكیی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لە لایەن بارزانیی نەمر لە 21ی ئەیلوولی 1970 دووپاتكردنەوەی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەمان و قووڵكردنەوەی بنەماكانی دینداری و خواناسی و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان بوو. بە درێژایی مێژووی گەلەكەمان مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام ڕۆڵی یەكلاییكەرەوەیان لە بەهێزكردنی نیشتیمانپەروەری و قبووڵنەكردنی ستەمكاری و ڕێگەگرتن لە بیری توندڕۆیی و تاییفەگەریدا هەبووە.
ئەو چاوەڕوانییە لە زانایان و مامۆستایانی ئایینی هەیە كە وەك هەمیشە لەو ڕۆڵە پیرۆزەیاندا بەردەوام بن و، ڕێنیشاندەری هەموو لایەكمان بن. لە ساڵیادی ئەو بۆنە مێژووییەدا هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم.
خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت.
مەسعود بارزانی
21ی ئەیلوولی 2023

بافڵ تاڵەبانی پەیامێك بە پەرلەمانتارانی یەكێتی لە بەغدا دەدات
پێشت بافڵ تاڵەبانی پەیامێك بە پەرلەمانتارانی یەكێتی لە بەغدا دەدات
كەسێك بە “دەفتەرێك دۆلاری ساختەوە” دەستگیركرا
دواتر كەسێك بە “دەفتەرێك دۆلاری ساختەوە” دەستگیركرا
ەیوەندیدار