دەورەیەکی سەخت و نوێیە!



‏ڕواڵەتی دۆست، نەیار و دوژمن باشتر دەردەکەوێ. دەزانم توڕەیی، ناهومێدی، پێداچوونەوە بە هەڵە و کورتییەکان و تەنانەت بەرچاو ناڕونی، زۆرتر سەرهەڵدەدات. دەشبینم کە لە لایەکی دیکەوە شۆڕشگێڕی و ئیرادە بۆ وەستانەوە، دیتنەوەی ڕێگای بەرەنگارییش بە خەستی هاتووە و دیتەوە مەیدان. ئیتر ڕاوەستاویی و شێوازەکانی کار لەو قۆناغانەدا، دەبێتە ڕۆژەڤ و جێگای باس و خواست.

ئەوەی کە هەموومان دەبێ بیزانین: ترسی رژیمی ئێران لە کوردستان و هێزە سیاسییەکانی بە باشی دەرکەوت. ئەوەی کە ئیدیعای دەکرد ناو و ناتۆرەمان نەماوە، دیار بوو درۆیە و هێشتا گەورەترین و کاریگەرترین هێزی دژبەرین و خوڵقێنەری ڕوداوی سیاسی. تارانی مەلا لێمان دەترسێ و تارانی گەل هیوای پێمانە.

‏ ئایا بەرتەسک کردنەوەی مەیدانی چالاکی ئێمە لە باشور دەبێتە هۆکار بۆ نەمانی کاریگەریی سیاسیمان؟ نەخێر، چونکوو دەتوانین فاکتەری ئاڵوگۆڕ و ئاکتی سیاسی لە شێوازی دیکەدا بین. تا ئەو جێگایەی بە کۆمەڵگا مەربوتە، خەبات تێیدا بەردەوام دەبێ و ئێمەش بەردەوام بوونی پێوەندیمان لەگەڵیان نەک هەر ڕادەگرین، بەڵکوو زۆرتریشی دەکەین. شێواز و فۆنکسیۆنەکانی چالاکی لە هەموو بوارەکاندا ئاڵوگۆڕی دەبێ، بەڵام بە دڵنیایی بەردەوام دەبێ و دەبین.

‏ ئێمەی خاراو و قاڵبوی خەباتی دور و درێژ،نوچدانمان بووە و دەبێ، بەڵام ئەژنۆ لەرزین و وەستان لە ڕێگاکردن هەر نەبووە و ناشبێ. ئێمەی پشتبەستو بە هێزی گەل، ڕێگای بەردەوامی دەناسین و دەزانین. دڵنیام سەری نەیاران و دوژمنانمان وەبەرد دەکەوێ و چڵکاو خۆران چوکەڵەتر و وردتر دەبنەوە.

‏شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی وەها چۆتە ناو تان و پۆی ئێمە و کۆمەڵگاوە و تێکەڵ خەباتمان بووە، بە هیچ تانك و تۆپ و داگیرکەرێک لێمان جیا ناکرێتەوە. ئێمە هەین، چونکوو شۆڕش هەیە، ئێمە هەین تا بێمافی هەیە، ئێمە نابڕێینەوە، تا ئاو و خاکی نیشتمان هەبێ دەڕوێینەوە، تا گەل بە شادی نەگات خەباتمان ناکوژێتەوە.

ژن ژيان ئازادى

کوردستان و ڕزگاری

عەممار حەکیم: دەبێت چارەسەرێکی ڕاستەقینە بۆ هەولێر و بەغدا بدۆزرێتەوە
پێشت عەممار حەکیم: دەبێت چارەسەرێکی ڕاستەقینە بۆ هەولێر و بەغدا بدۆزرێتەوە
نرخی کارەبا پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت
دواتر نرخی کارەبا پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت
ەیوەندیدار