داهاتووی نەوت و مووچەخۆرانی هەرێم



كارۆ كاوە- یاساناس

 

لە ساڵی ٢٠١٢ ژمارەی مووچەخۆرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە نزیكەی یەك ملیۆن مووچەخۆر، كە ئەمەش زەنگێكی مەترسیداربوو بۆ سەر داهاتووی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، چونكە ئەم لەشكرە لە مووچەخۆران بارێكی قورسە بەسەر بودجەی هەرێمەوە، كە بەشێكی زۆری مووچەخۆران هیچ بەرهەم و داهاتێك پێشكەش بە سامانی نەتەوەیی ناكەن.

ئەمە لەمپەرێكی سەختە لەبەردەم گەشە و جووڵەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا، لەبەرئەوەی چەمكی فەرمانبەری و كارگێڕی خۆی لە خۆیدا واتە پشتبەستن بە مووچە و دروستكردنی تەمبەڵی و نەمانی خواستی كێبڕكێ بۆ گەشەكردن، هەربۆیەش كاتێك مووچە دوابكەوێت یاخود كێشەیەكی هەبێت ئەوا زۆربەی كایەكانی ژیانی ڕۆژانەی كۆمەڵگا سست دەبێتەوە و شەپۆلێكی هەژاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

وەستانی دامەزراندن بەهەر هۆیەك بێت، بەخێر بەسەر خەڵكی هەرێمدا شكایەوە، ڕەنگە لەسەر ئەمە تووشی ڕەخنەی زۆر ببمەوە، بەڵام سوورم لەسەر ئەم قسەیەم چونكە ئەگەرهاتباو پڕۆسەی دامەزراندن بەردەوام بووایە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، ئەوا لە ئەگەری ڕوودانی هەر قەیرانێكی دارایی بەهەر هۆكارێك، خەڵكی هەرێم چەندین قاتی ئێستا باجەكەیان دەدا و كارەساتی گەورەی لێدەكەوتەوە، ئەم هاوكێشەیەتان لە یادبێت زۆری ژمارەی فەرمانبەری حكومی واتە زۆری ڕێژەی تەمبەڵی و سستی جووڵەی كۆمەڵایەتی.

هۆكاری ئەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەرانیش لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بازرگانیكردن بە نەوت، كە ئەمەش هەڵەیەكی ستراتیژی گەورەیە بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان، پێویستە نەوت لە فۆرمی بازرگانی دەربهێنرێت و بخرێتە فۆڕمی پیشەسازییەوە، چونكە بازرگانی بە نەوت واتە دروستكردنی كۆمەڵگایەكی كاش، كە تەنها پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوتەكەی دەبەستێت بەبێ ئەوەی خۆی هیچ داهێنانێكی تێدابكات، بەڵام لە پیشەسازی نەوتدا هەڵی كاری زۆر دەڕەخسێنرێت، هەروەها سەرچاوەی ئابووری جێگیر لە وڵاتدا دروستدەبێت نەك هەموو ئابووری وڵات بە كاڵایەك (نەوت) ببەسترێتەوە، كە نرخەكەی بەردەوام لە گۆڕاندایە.

هەرێم نەوتی دەفرۆشت بە وڵاتانی دەرەوە و ئەوانیش دەیانپاڵاوت و بەرهەمەكانی بە خۆمان دەفرۆشتەوە بە گرانتر!، بەڵام ئەگەر بێتوو لە ناوخۆدا بتوانین كەرتی پیشەسازی پەرەپێبدەین ئەوا ئیدی ناچار نابین بەنزین بە گرانتر لە دەرەوە بكڕین كە لە كاتێكدا ئەو بەنزینە گرانە بەرهەمی نەوتی فرۆشراوی خۆمانە.

بۆ ئەوەی سیاسەتی ووزە-مان بگۆڕین و كۆمەڵگاكەمان لە كۆمەڵگایەكی بەكاربەرەوە بكەین بە كۆمەڵگایەكی بەرهەمهێن، پێویستمان بە ئیرادەیەكی بەهێز و بەڕێوەبردنێكی تەندروست و حەكیمانە هەیە.

 

گووگڵ ڕکابەری Chat GPT دەکات
پێشت گووگڵ ڕکابەری Chat GPT دەکات
لە شارێکی ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان تەقیەوە
دواتر لە شارێکی ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان تەقیەوە
ەیوەندیدار