یەكێتی زانایان هەڵوێستی لەسەر مووچەی فەرمانبەران ڕاگەیاند



 

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، نیگەرانی خۆی لە دواكەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵیەوە دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت، ناكرێت مینبەری مزگەوت و كەناڵ و پەیج و سایتی كەسی ببنە شوێنی فەتوادان.

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، “گەلی كورد لە چوارچێوەی هەستی موسڵمانێتی خۆیدا هەمیشە رێزگرتن لە رێڕەوی گەورە زانایان بەلایەوە گرنگ بووە، بە سەرچاوەیەكی بەهێزی لایەنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی لێی ڕوانیوە، بەردەوامیش هەوڵ و خزمەتەكانی مەلای كورد بەرهەمدار و لە گەشە و پێشكەوتن خۆی بینیوەتەوە و نەكەوتۆتە ژێر باری فەوزای دروستكراو ناكۆكی و ململانێی نا تەندروستەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، مزگەوت شوێنی خواپەرستی و ناوەندێكی گەورەی پەروەردەی رۆحی و ئیمانییە، پێویستە پەرەی زیاتری پێ‌ بدرێت، وە رێگە نەدرێت ببێتە شوێنی پەرتەوازەیی و لێكترازان و ناكۆكی و ململانێی فكری و مەزهەبی و كەشی ئارامی دینداری بشێوێت.

جەختیشی كردۆتەوە، یەكێتی زانایان نیگەرانە لە دۆخی نالەباری كەركوك و گوزەران و دواكەوتنی موچەی هاوڵاتیانی هەرێم لە لایەن حكومەتی عیراقەوە، كە نابێ پرسی بودجەو مووچەو مافە یاسایی و دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی بكرێت.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

ئەمرۆ 6ی9ی2023 بەسەرپەرشتی د.عبدالله مەلا وەیسی، سەرۆكی یەكێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی، جێگری سەرۆك؛ كۆبوونەوەی فراوانی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە بەشداری ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی سەركرایەتی و بەرپرسی سەرجەم لقەكانی یەكێتی زانایان لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.

كۆبوونەوەكە وێڕای باسكردنی ئامادەكارییەكان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایان و تاوتوێی چەند پرسێكی ئایینی و پیشەیی، تیشكی خستە سەر دوا پێشهاتە هەنووكەییەكان لەدۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی گوزەرانی خەڵك و بابەتی بودجەو موچەو مافی هاوڵاتیان و كێشەكانی ئەم دواییەی شاری كەركوك و رۆڵ و خزمەتی زانایانی ئایینی و پرسی دامەزراندنی خۆبەخشان، هەروەها جەخت لە هاوهەڵوێستی و كاری پێكەوەیی لەچوارچێوەیی بەرپرسیارێتی ئایینی و پیشەیی كرایەوەو، بۆ بەرچاو ڕوونی رای گشتی و لایەنی پەیوەندیدار چەند خاڵێك بەگرنگ دەزانێت، لەم روانگەوە كۆبوونەوەكە بە بەلاغێكی تایبەت هەڵوێست و دیدگای خۆی لەهەمبەر دۆخی ئێستا بەم شێوەیە خستە ڕوو:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

زانایانی ئایینی قەدرگران
موسڵمانانی بەرێزی كوردستان

لەروانگەی هەست كردنمان بە بەرپرسیارێتی ئایینی و پیشەیی و سەقامگیری كیان و كۆمەڵگەو بەرەو پێشبردنی رەوشی ئایینی لە هەرێمی كوردستان، یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە بەلاغێك كۆتایی بە كۆبوونەوەی خۆی هێناو ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بە گرنگ دەزانێت:

یەكەم: گەلی كورد لە چوارچێوەی هەستی موسڵمانێتی خۆیدا هەمیشە رێزگرتن لە رێڕەوی گەورە زانایان بەلایەوە گرنگ بووەو، بە سەرچاوەیەكی بەهێزی لایەنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی لێی روانیوە، بەردەوامیش هەوڵ و خزمەتەكانی مەلای كورد بەرهەمدارو لە گەشەو پێشكەوتن خۆی بینیوەتەوەو نەكەوتۆتە ژێر باری فەوزای دروستكراوو ناكۆكی و ململانێی نا تەندروستەوە.

دووەم: یەكێتی زانایان لەگوزەرانی زانایان و بارودۆخی ئایینی و رەوشی ئیدارەدان و ئاستی هەوڵ و هەنگاوو كاردانەوەكان تێدەگات، بەردەوام پەیامی خۆی هەبووەو پێشنیاری دیراسەكراوی گەیاندووە، بۆیە دڵنیایی دەدەینە سەرجەم زانایان سوورتر دەبین لەخزمەتكردنی ئایین و پاراستنی رێڕەوی گەورە زانایان و، ئەو ئامانجانەی یەكێتی زانایانی لەسەری دامەزراوە.

سێیەم: لەپێناو پاراستنی بەهای كاری بانگەوازی و گوتاری ئایینی و بەرەو پێشبردنی رەوشی دینداری و ئارامی دۆخی مزگەوتەكان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی كۆمەڵایەتی و، رێگری لە نالەباری بۆچوونی هاوردەو نازانستی و ناكامڵ و پاراستنی پێگەو رێڕەوی زانایان و، یەكدەنگی و یەكڕیزی فیقهی لەناو موسڵمانانی كورد وەك هەر وڵاتێكی تری ئیسلامی، لەرووی فكری و عەقیدەیی دێرینی مەلای كورد پەیڕەوكردنی مەزهەبی ئیمانی شافیعی وەك مەزهەبی رسمی هەرێمی كوردستان بە پێویست دەزانێت.

چوارەم: یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان مەرجەعی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی مەلای كوردەو نوێنەرایەتی زانایانی ئایینی لەهەرێمی كوردستان دەكات، ئەنجومەنی باڵای فەتوای ئەم یەكێتیەش بەرپرسیارە لە دەركردنی فەتواو بابەتە ئیجتیهادییەكان، بۆیە ناكرێ مینبەری مزگەوت و كەناڵ و پەیج و سایتی كەسی ببنە شوێنی فەتوادان، هەروەها مزگەوت شوێنی خواپەرستی و ناوەندێكی گەورەی پەروەردەی رۆحی و ئیمانییە، پێویستە پەرەی زیاتری پێ‌ بدرێت، وە رێگە نەدرێت ببێتە شوێنی پەرتەوازەیی و لێكترازان و ناكۆكی و ململانێی فكری و مەزهەبی و كەشی ئارامی دینداری بشێوێت، چونكە دەبێتە فاكتەری بەرهەمهێنانی رق و كینەو ئاژاوەو گوتاری توندڕەی و دواجار خزمەتێك بە گەل و وڵات ناكات.

پێنجەم: یەكێتی زانایان نیگەرانە لە دۆخی نالەباری كەركوك و گوزەران و دواكەوتنی موچەی هاوڵاتیانی هەرێم لە لایەن حكومەتی عیراقەوە، كە نابێ پرسی بودجەو مووچەو مافە یاسایی و دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی بكرێت، داواش لە هێزو لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان دەكەین بە یەكهەڵوێستی و تەبایی نێوخۆی هەرێم ئاوڕی جددیتر لە خزمەتكردنی هاوڵاتیان بدەنەوە.

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

مرۆڤ ڕووبەڕووی لەناوچوون بوونەتەوە
پێشت مرۆڤ ڕووبەڕووی لەناوچوون بوونەتەوە
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەشتە کیێڤ
دواتر وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەشتە کیێڤ
ەیوەندیدار