لە پەنابەریدا فێری دارتاشی بووە



لە وەرشەی کامپەکاندا فێری دارتاشی بووە، ئێستا بووەتە پیشەی سەرەکی ژیانی.

دارتاشی پیشەییەک کە هەموو هەستەکانی مرۆڤی پێویستە، نەک تەنها جەستە ماندوو دەکات، بەڵکو مێشکیش ماندوو دەکات، زیاد و کەمبوونی هەر سانتیمەترێک دەکرێت کارەکە تێکبدات.

شادومان کەمال تەمەنی ٤٠ ساڵە، ماوەی ٢٠ ساڵە کاری دارتاشی دەکات، فێربوونی پیشەی دارتاشی شادومان لە چیرۆکی زۆرێک لەو دارتاشانە جیاوازترە کە پیشەکانیان لە باوباپیرانیانەوە بۆ ماوەتەوە، ئەو کاتێک چووەتە دەرەوەی وڵات و لە کامپەکاندا ماوەتەوە، چووەتە وەرشەی دارتاشی و لەوێ فێری پیشەکە بووە.

دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان، وەک وەستایەک دەستیپێکردووە، باسی ئەوە دەکات، گرنگترین بەشی دارتاشی پێوانەکردن و هونەری کارەکەیە، کە چۆن بتواندرێت بێ بەفیڕۆدانی هیچ پارچەیەک ئەو کەرەستەیی دەیەوێت دروستی بکات.

ڕۆژانە لە کاتژمێر هەشتی بەیانیەوە دێنە سەر کار، بە جۆرە جیاوازەکانی دار کەوانتەر، کانتۆر، تاقمی ژووری نوستن، دەرگا و هەر کەلوپەلێک کەسيک خواستی بێت بۆی دروستدەکەن.

کەرەستەکانی دارتاشی پێویستیان بە کارەبای زۆر هەیە، لەبەر ئەوە دارتاشەکان لە وەرزی زستان و هاویندا تووشی کێشەی زۆر دەبنەوە و دەبێت مۆلیدەی خۆیان هەڵبکەن، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیان بە ئاگادارییەکی زۆر هەیە، چونکە ئامێرەکان تیژن و دەکرێت زیان بە کەسەکە بگەیەنێت.

هەرچەندە ئێستا بەشێکی زۆری کەلوپەلەکان لە ئێران و تورکیاوە دەهێنرێن، بەڵام وەک ئەو وەستایە باسی دەکات، ئەوانەی دەستکردنی دارتاشەکانن بەپێی خواستی کڕیار دەبێت، هەروەها کوالێتیییەکی زۆر باشتری هەیە، بەڵام هاوڵاتیان هەمیشە دەیانەوێت نرخەکەی هەرزان بێت، “خەڵک ئێستا بە دوای شتی هەرزان دەکڕێت، ئیتر کوالێتی بۆ گرنگ نییە”.

لە چلەی هاویندا هاووڵاتی خەمی سەرمای زستانییەتی
پێشت لە چلەی هاویندا هاووڵاتی خەمی سەرمای زستانییەتی
عارفی عەتار، یادەوەری زیندوی شارێک
دواتر عارفی عەتار، یادەوەری زیندوی شارێک
ەیوەندیدار