شێوازی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا



بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی عێراق ڕایگەیاند، لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بۆ پڕۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان ، پشت بە هەردوو شێوازی سیستەمی ئەلیکترۆنی و دەستی دەبەستن. دەشڵێت: “تا ئێستا ٢١٤ هەزار و ١٤٩ کەس لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە”.

داود سەلمان، بەڕێوەبەری ڕێکارەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق،ڕایگەیاند، “بۆ پڕۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پشت بە هەردوو شێوازی ئەلیکترۆنی و دەستی دەبەستین، واتا هەمان ئەو شێوازانە پەیڕەودەکەین کە بۆ هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق پەیڕەومان کرد”.

بە گوتەی داود سەلمان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە ڕووی ئامادەکردنی هۆڵەکانی دەنگدان، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و پشکنینی کۆگاکان دەستپێکردووە و “دوای تەواوبوونی چلەی ئیمام حسێن خشتەی کارەکانمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکەینەوە”.

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سێ ملیۆن و ٦٤١ هەزار و ٥٦٦ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن و دەنگ بدەن.

بەڕێوەبەری رێکارەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی، “تائێستا ٢١٤ هەزار و ١٤٩ کەس لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە بە شێوەیەک لە پارێزگای هەولێر ٨٨ هەزار و ٥٨٨ دەنگدەر و لە پارێزگای دهۆک ٤٠ هەزار و ٢٧٧ دەنگدەر و لە پارێزگای سلێمانیش ٨٥ هەزار و ٢٨٤ دەنگدەر تۆماری دەنگدانیان نوێکردووەتەوە”.

لەبارەی ئەو هاوڵاتییانەی لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٥ن و ناوی خۆیان لەلایەن کۆمیسیۆنەکەوە تۆمارکردووە، داود سەلمان ئەوەی خستەڕوو، تا وەکو کۆتاییەکانی مانگی ئابی رابردوو، زیاتر لە ٢٦ هەزار و ٩٠٠ گەنج کە لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٥ن ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمارکردووە.

شەش کەس بەهۆی تەقینەوەی کانێکی خەڵوز گیانیان لەدەستدا
پێشت شەش کەس بەهۆی تەقینەوەی کانێکی خەڵوز گیانیان لەدەستدا
هەشتەم دەروازەی سنووری لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتەوە
دواتر هەشتەم دەروازەی سنووری لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتەوە
ەیوەندیدار