عێراق بەهای کڕینەوەی هاوەنی لە هاووڵاتییان بۆ ٦ ملیۆن دینار زیاد دەکات



ڕۆژی دووشەممە، دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو بڕە پارەیەی کە پێشکەشی هاووڵاتییان دەکەن، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی ئەو چەکانەی لەبەردەستیاندایە، زیادکرد، بە تایبەتی چەکی مامناوەند و قورس، کە هۆکارن لە زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان وەک: هاوەن و گولـلەی RBG7 و دۆشکە قورسەکان و مووشەکی کورت مەودا.

کڕینەوەی چەک لە هاووڵاتییان لە چوارچێوەی پلانێکی بەرفراوانی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانییە، لە کاتێکدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی چەکە لەلایەن هاووڵاتییانی عێراقەوە.

هەرچەندە چەند مانگێک بەسەر ئەو هەڵمەتەدا تێپەڕیوە کە سەرەتای ئەمساڵ بە کردنەوەی سەنتەری گەیاندن لە شار و گوندەکان دەستیپێکرد، بەڵام هێشتا وەڵامدانەوەی خەڵک لە ئاستێکی پێویستدا نییە، ئەمەش وایکردووە حکومەت بەهای ئەو پارەیە بەرزبکاتەوە کە هاووڵاتییان لە بەرامبەر ڕادەستکردنی ئەو چەکانەی کە خاوەنیانن، وەریدەگرن.

بە وتەی زیاد ئەلقایسی، وتەبێژی لیژنەی نیشتیمانی و بەرپرسی هەڵمەتی کڕینەوەی چەک لە هاووڵاتییان، حکومەت نرخی کڕینەوەی چەکی قورس و مامناوەندی زیادکردووە، گەیشتووەتە زیاتر لە شەش ملیۆن دینار (نزیکەی چوار هەزار دۆلار)، بۆ یەک چەکی هاوەنی مامناوەند و قورس.

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەکرد، ڕێبازی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سنووردارکردنی بەکارهێنانی چەکە لەلایەن خەڵک، بەتایبەتی چەکی مامناوەند و قورس، کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت لەلایەن هاووڵاتییەک یان هیچ قەوارەیەکی ترەوە بەکاربهێنرێت، جگە لە دەزگایەکی ئەمنی فەرمی.

دوێنێ دووشەممە، ئەلقائیسی لە لێدوانەکانی میدیا ناوخۆیی عێراقییەکاندا پشتڕاستی کردەوە، لیژنەکە هانی هاووڵاتییانی داوە هاوەنەکانی 120 ملم، 80 ملم و 60 ملم ڕادەست بکەن، لەکاتێکدا نرخی کڕینەوەی لە هەر کەسێک کە خاوەنی ئەو چەکانە بێت لەنێوان سێ بۆ شەش ملیۆن دیناری عێراقییە.

لای خۆیەوە ئەندامێکی لیژنەکە لە پارێزگای میسان، عەقید سەلام ئەلعیدانی بە “ئەلعەرەبی ئەلجەدیدی” ڕاگەیاند، حکومەت نرخی کڕینەوەی چەکی لە هاووڵاتییان زیاد کردووە، جگە لە چەندین جۆری تەقەمەنی، وەکو بۆمب و نارنجۆک و مووشەکی شان و چەندانی تر، پڕۆسەی ڕادەستکردنی ئەو پارەیە دوای ئەوە دێت کە هاووڵاتییەکە چەکەکەی ڕادەست دەکات.

لە لایەکی دیکەوە یاسر ئەسکەندەر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەڵمەتی حکومەت بۆ کڕینەوەی چەک هێشتا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست نەهێناوە، بەڵام بناغەکانی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بێ چەک دادەنێت، بۆیە دابینکردنی پارە لە بەرامبەر کڕینی مووشەک و هاوەن و هتد، سەرەتای کۆتاییهێنانە بە کێشە ئەمنییەکان و ململانێی خێڵەکی و تاوانەکان.

لای خۆیەوە ئەحمەد ئەلشەریفی پسپۆڕی ئەمنی ڕایگەیاندووە، دابینکردنی بڕە پارەیەک بۆ عێراقییە سادەکان کە خاوەنی چەکی ئاسایی و سنووردارن، سوودی هەیە، لە کاتێکدا ئەم هەنگاوە ناتوانێت بازرگانی قاچاخ بە چەکەوە کۆنترۆڵ بکات.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لە ڕێگەی پۆرتاڵی ئەلیکترۆنی “ئور” (ماڵپەڕ)ی حکومەتەوە چەکیان لە عێراقییەکان کڕیوە، ئەمە جگە لەوەی ٦٩٧ سەنتەری بۆ کڕینی چەک لە هاووڵاتیان کردووەتەوە.

هەرچەندە ئەمە یەکەمجارە دەسەڵاتداران لە عێراق پەنا بۆ کڕینەوەی چەک لە هاووڵاتیان دەبەن، بەڵام ڕێژەی بەشداریکردن لاوازە، لە کاتێکدا هەندێک ناوەند تا ئێستا نەیانتوانیوە یەک پارچە چەک بکڕن.

چەکی کۆنتڕۆڵنەکراو لە عێراق بە یەکێک لەو کێشانە دادەنرێت کە ڕێگری لە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەکات، بەهۆی کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاسایشی کۆمەڵگە.

هیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی ئەو چەکانەی لەناو کۆمەڵگەی عێراقدا هەن بەردەست نییە، بەڵام خەمڵاندنەکان باس لە ژمارەکان دەکەن کە بەزۆری لە نێوان ١٣ بۆ ١٥ ملیۆن پارچە چەکی مامناوەند و سووک جیاوازن، دیارترینیان تفەنگی کڵاشینکۆف و RBKی ڕووسییە، جگە لە دۆشکە هاوەن و تۆپەکانی RPG کە لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ململانێ هۆزییەکان لە باشوور و ناوەندی وڵاتدا بەکارهێنراون.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە پەیوەندییەکیدا لەگەڵ “ئەلعەرەبی ئەلجەدید” باسی لەوەکرد، پرسی سنووردارکردنی چەک ئاسان نییە، بەتایبەتی دوای زیاتر لە دوو دەیە لە داگیرکاری ئەمریکا و تێکچوونی دۆخی ئەمنی عێراقییەکان، بەڵام بەو سەقامگیرییەی ئێستا، دەبێت چەکەکان لەلایەن کەسێکەوە قۆرخ بکرێت.

زۆربەی ئەو چەکانە خاوەندارێتی میلیشیاکان و گروپە چەکدارەکانە، جگە لە عەشیرەتەکان، هاوکات عێراقییەکان حەز دەکەن چەک لە ناو ماڵەکانیاندا هەڵبگرن وەک بەشێک لە کولتووری دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکە و نەبوونی ئاسایش و ناچارکردنی عێراقییەکان، بۆ ئەوەی بیر لە بەرگریکردن لە خۆیان بکەنەوە لە دزەکان و هێرشە چاوەڕوانکراوەکان.

ئەوەی هەردوو سەرۆک دەربارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا نایزانن
پێشت ئەوەی هەردوو سەرۆک دەربارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا نایزانن
بانکی ناوەندی زیاتر لە 271 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە
دواتر بانکی ناوەندی زیاتر لە 271 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە
پەیوەندیدار