پیرمەسور، شوێنی گەیشتن بە ڕازەکان



پیرمەسور، ئەو مەزارەی هەموو چوارشەممەیەک ئاوەدان دەبێتەوە وبەشێک لە هاووڵاتیان پێیان وایە ئاواتەکانیان بەدیدەهێنێت، بەڵام هێشتا یەکلای نەبووەتەوە ئیسلامە یان زەردەشتە.

مەزاری پیرمەسور دەکەوێتە گەڕەکی حاجی حان، زیوانێک بەردەوام پاکی دەکاتەوە، هەشت گۆڕی تێدایە، یەکێکیان گۆڕی پیرمەسورە، یەکێکی دیکەش لە تەنیشتیدا نێژراوە دەڵێن گۆڕی مامۆستای پیرمەسورە، شەش گۆڕی دیکەش لە مەزارەکەدا هەن، کە نازانرێت کێن و بۆچی لەوێدا نێژراون.

بە دیوارە سەوزەکانی هەمووان دەیناسنەوە، ژنان ڕۆژانی چوارشەممە دێنە مەزارەکەو ئاوەدانی دەکەنەوە، دوعا دەکەن، بەدەم قسەوباسەوە یاپراخ و شیرینی دەبەخشنەوە و دەیخۆن.

پورە عایشە هەموو چوارشەممەیەک دێتە مەزارەکە، دەڵێت پیرمەسوری لە خەوندا بینیووە

ناهی خانیش دەڵێت دوعاکانی قبوڵ بووە.

بۆ داواکاری بەدیهاتنی ئاواتەکان چەند ڕێگایەک هەیە، بەردێک بە نیەتی هاتنەدی ئاواتەکانیان بە گۆڕەکەوە دەلکێنن، یان لەسەر گۆڕەکان دوعا دەکەن، پێیان وایە پیرمەسور کەسێکی پیرۆزە لای خوا تکا بۆ بەدیهاتنی ئاواتەکانیان دەکات.

لەگەڵ هاتنەدی ڕازەکانیاندا، ئەو کچانەی هاوسەرگیریان کردووە دەستیان لە خەنە گرتووە و داویانە لە دیوارەکە.

ئەوانەشی بۆ بوونی منداڵیش هیوایان خواستووە، جۆلانەیەکی بچوکیان بە پەڕۆ بە دارەکەی پیرمەسوردا هەڵوەسیوە.

دارەکەی پیرمەسور تەمەنی زیاتر لە سێ سەد ساڵە، نالی شاعیر لە سەدەی ١٨ لە چامەکەیدا بۆ سالم دەڵێت:

سەیرێ بکە لە بەرد و لەداری مەحەلەکان

دەورێ بدە بە پرسش و تەفتیش و خوار و ژوور

داخۆ دەروونی شەق نەبووە پردی سەرشەقام؟

پیر و فوتادەتەن نەبووە داری پیرمەسوور؟

وشەی پیرمەسور لە سێ بەش پێکهاتووە، پیر واتە گەورە، مە خواوەند، سۆر واتە خۆر، واتە (خواوەندی گەورەی خۆر)، لە سەردەمی ڕژێمی بەعسیشدا ناوەکەی بۆ پیرمەنصور گۆڕاوە.

ئەوانەی سەردانی ئەو مەزارە دەکەن مسوڵمانن، بەڵام بەپێی وتەکانی نوێنەری زەردەشتییەکان پیرمەسور زەردەشتییە، برای پیرەمەگرون و پیری شەوکێڵە.

بە پێچەوانەوە لیژنەی فەتوای ئاینی ئیسلام لە سلێمانی نایشارێتەوە، ئەوەی نێژراوە مسوڵمان نییە، بەڵام پێی وانییە زەردەشتی بێت، هاوکات چونە سەرگۆڕ و پاڕانەوە لە گۆڕ بە دروست نازانێت.

سەرەڕای جیاوازی بۆچوونەکان لەبارەی پیرمەسور، بەڵام هێشتا کەسانێک باوەڕێکی قوڵیان پێی هەیە، هەموو چوارشەممەیەک دێنە مەزارەکە.

پەڵەدان، لە زاراوەیەکی کشتوکاڵی و زانستی
پێشت پەڵەدان، لە زاراوەیەکی کشتوکاڵی و زانستی
بەم گەرمایە و لە سەمونخانەش ئیش بکەیت
دواتر بەم گەرمایە و لە سەمونخانەش ئیش بکەیت
ەیوەندیدار