یەکێتی داوای دادگاییکردنی تەقەکەرەکان دەکات



مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکوك داوای دادگاییکردنی ئەو کەسانە دەکات کە تەقەیان لە خۆیشاندەرانی کەرکوك کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکوك، ڕایەگەندراوێکی سەبارەت بە خۆپیشاندان و گرژییەکانی دوێنێی کەرکوك بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “بەداخەوە دوای درووست بوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێوارەی رۆژی ٢-٩-٢٠٢٣ لە شاری کەرکوک، ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد شەهید بوون، و ژمارەیەکی دیکەشیان برینداربوون، بۆ ئەو رووداوە دڵتەزێن و نەخوازراوە پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان و کەسوکارو خانەوادەی سەربەرزی ئەو شەهیدانە دەکەین، هەروەک هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین”.
ڕاشیگەیاند، “ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە سەرۆک وەزیرانی عیراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین؛ بە زوویی ئەوانەی کە تەقەیان بە رووی خوپێشاندەراندا کردووە بە سزای خۆیان بگەن و رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە”.
ئەم ڕاگەیەندراوەش دوای ئەوە هات کە لە کاتی خۆپیشاندانەکەی دوێنێی کەرکوكدا تەقە لە خۆپیشاندەرانی کورد کرا و بە هۆیەوە چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا.

خۆپیشاندانەکە دژی گرتنی ڕێگەی کەرکوك-هەولێر ئەنجام درا کە نزیکەی هەفتەیەك بوو ژمارەیەك عەرەب و تورکمانی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە رادەستکردنەوەی بارەگایەکی پارتی ڕێگەکەیان داخستبوو.

درەنگانی شەوی ڕابردوو بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕادەستکردنەوەی بارەگاکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا و عەرەب و تورکمانەکانیش لە ڕێگەکە کشانەوە، بەوەش ئەمڕۆ یەکشەممە، قەدەغەکردنی هاتوچۆ کۆتایی هات و ڕێگەکەش کرایەوە.

سیستمی ئەلیکترۆنی مۆڵەتی شۆفێری لە هەڵەبجە کەوتە کار
پێشت سیستمی ئەلیکترۆنی مۆڵەتی شۆفێری لە هەڵەبجە کەوتە کار
بریندارێکی دیکەی خۆپیشاندانەکەی کەرکوك گیانی لەدەستدا
دواتر بریندارێکی دیکەی خۆپیشاندانەکەی کەرکوك گیانی لەدەستدا
ەیوەندیدار