“حكومەتی هەرێم یەكەم كارت بەرامبەر بەغدا بەكاردەهێنێت”



ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی ڕایدەگەیەنێت، كە هەرێمی كوردستان 3 كارتی “كارگێڕی، یاسایی، سیاسی” بەرامبەر بەغدا لەبەردەستدایە و پێشبینی دەكات لەم هەفتەیەدا حكومەتی هەرێم كوردستان بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی مووچەخۆران و فەرمانبەران، پەنا بباتە بەر كارتی كارگێڕی بە مەبەستی ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كێشەی ناردنی شایستە داراییەكان چارەسەر بكات.
سیپان شێروانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە (كوردستان24)ی ڕاگەیاندووە، “بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی فەرمانبەر و مووچەخۆران، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی لە یاسای بودجەدا جێبەجێكردوون، ئەگەر چی یاساكە بە ڕێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا پەسەند نەكراوە و بەسەرماندا سەپێندراوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، حكومەتی فیدراڵی پابەندی یاساكە نەبووە و ڕێككەوتنەكانی پێشێل كردووە”.

لەبارەی ئەوەی حكومەتی هەرێم دەتوانێت چی بكات؟ سیپان شێروانی وتی: “رێگەی یاسایی، كارگێڕی و سیاسی و زۆر رێگەی دیكە لەبەردەماندا هەن بۆ ئەوەی لە دژی حكومەتی فیدراڵی بیانگرینەبەر. پێچەوانەی ئەوەی خەڵك بانگەشەی بۆ دەكات، گوایە بۆ ئەم قۆناغە هیچ كارتێك لە دەستی پارتی یان حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نەماوە”.

ڕاشیگەیاند، “كارتی كارگێڕی، یەكەم كارتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت” و پێشبینی دەكات، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا لە دژی بەغدا بەكاریبهێنێت.

دەشڵێت: “بەپێی بڕگەی حەوتی ماددەی 13ـی یاسای بودجە، ئەگەر هەولێر و بەغدا لەبارەی ناردنی شایستە داراییەكان یان هەر پرسێكی دیكە نەگەیشتنە رێككەوتن، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ماوەی 15 رۆژدا بڕیاری پێویست لەبارەی بڕیارەكەوە دەدات و كێشەكە یەكلایی دەكاتەوە”.

پەرلەمانتارەكەی پارتی پێیوایە، “محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق یاسا سەروەر دەكات، دەستوور جێبەجێ دەكات و ئەو بڕیارەی كە پێویستە، دەری دەكات لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان”.

كارتی یاسایی وەكو ئەوەی سیپان شێروانی باسی كرد، دووەم كارتە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت لە دژی بەغدا بەكاریبهێنێت و ئاماژە بەوە دەدات، “سەرەڕای هەموو تێبینییانەی لەسەر دادگای فیدراڵی هەمانن، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت كارتی یاسایی بەكاربهێنێت و لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆماربكات بۆ ئەوەی كێشەكە یەكلایی بكرێتەوە، هەرچەندە گومانی زۆرمان لە بڕیارەكانی دادگاكە هەن”.

كارتی سێیەمی دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، كارتی سیاسییە و دەڵێت: “بڕیارە سیاسییەكە لەلایەن سەركردایەتی كورد و بارزانییەوە دەدرێت، كارتێكی زۆر بەهێزە و كاریگەری زۆری دەبێت”.

ڕووداوێک لە گەلی عەلی بەگ برینداربوونی دوو کەسی لێکەوتەوە
پێشت ڕووداوێک لە گەلی عەلی بەگ برینداربوونی دوو کەسی لێکەوتەوە
لەکەرکوک دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت
دواتر لەکەرکوک دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت
ەیوەندیدار