حكومەت بودجەی نەنارد و پەرلەمان دەچێتە پشووەوە



سەرەڕای چاوەڕوانی پەرلەمان بۆ ماوەی مانگێك بۆ گەیشتنی بودجە، بەڵام كاتەكە كۆتایی دێت و هێشتا حكومەت بودجەی نەناردۆتە پەرلەمان، هەربۆیە ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە لە سبەینێوە پێنج شەممە، پەرلەمان دەچێتە پشووەوە و هیچ ئەگەرێك نییە بۆ درێژكردنەوەی وەرزی یاسادانان، چونكە پڕۆژە یاسای بودجە نەنێردراوە بۆ پەرلەمان.

ماجید شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ئاماژەی بەوەكردووە، لە سبەینێوە پێنج شەممە 8ی كانوونی یەكەم، پەرلەمان دەچێتە پشووی زستانەوە، چونكە 8ی مانگی ڕابردوو بۆ ماوەی یەك مانگ وەرزی یاسادانان درێژكرایەوە.

جەختیشی كردەوە، لە سبەینێوە لە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پشووی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان دەستپێدەكات

ئاشكراشی كردووە، پەرلەمان چاوەڕێی گەیشتنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 دەكات تاوەكو بیخاتە بەرنامەی كارەوە و كۆبوونەوەی لەسەر بكات تاوەكو پەسەند دەكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئێستا پڕۆژە یاسای بودجە لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە ڕەوانە نەكراوە، بۆیە پشووی پەرلەمان دەستپێدەكات.

ئەو پەرلەمانتارە جەختیشی كردۆتەوە، ناكرێت پشووی پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە، چونكە لە پەیڕەوی ناوخۆدا هاتووە، كە ئاماژە بەوەكراوە، پشووی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگە، بەڵام كەم كرایەوە بۆ یەك مانگ.

لە ئێستادا وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق لە هەوڵی كۆتایی هێنان بە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووە، تاوەكو ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی بكات و ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت بۆ دەنگدان لەسەری، بەڵام بەهۆی چەند بەربەستێك بەتایبەت داواكاری بەشێكی پەرلەمانتاران بۆ كەم كردنەوەی بەهای دۆلار و هەروەها ناكۆكییەكانی هەرێم و عێراق لەسەر بودجە و نەوت ئەو پڕۆژە یاسایە پەسەند نەكراوە و گفتوگۆكان لەسەری بەردەوامن.

بەبۆچوونی بەشێكی پەرلەمانتاران، ئەگەری ئەوە هەیە پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجە لەلایەن حكومەتەوە بچێتە ساڵی نوێوە و لە پەرلەمانیش زیاتر لە مانگێكی پێویستە بۆ گفتوگۆ و پەسەندكردنی.

لای خۆشیەوە، ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) ڕایگەیاندووە، بڕیارە حكومەت بەم زووانە پڕۆژە یاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بكات، كە بە 130 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت هەروەها نزیكەی 25% كورتهێنانی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پڕۆژە یاسای بودجە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دیراسەی بۆ کراوە، بەڵام تا ئێستا نەخراوەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران، تاوەكو ڕەوانەی پەرلەمانی بكات بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

وتوشیەتی، “نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ئێستادا لە نێوان ٨٥ بۆ ٨٧ دۆلاردایە، بەڵام نازانین ئەو نرخەی لە یاسای بودجەدا دیاری کراوە، بۆیە نرخی ڕاستەقینەی بەرمیلێک نەوت ئەو كاتە دیاری دەکرێت کاتێک پڕۆژەكە دەگاتە پەرلەمان و لە ڕێگەی ئەزموونەکانی پێشووەوە بەزۆری کەمترین نرخ بۆ بەرمیلێک نەوت دادەنێین سەرەڕای بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا”.

بودجەی دارایی بۆ ساڵی ئێستای 2022 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانەوە پەسەندنەکرا بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەی عێراق بەخۆیەوە بینی لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021، کە بەرزبووەوە بۆ ئاستێکی مەترسیدار، کە بە ڕووداوەکانی مانگی تشرینی یەكەمی 2021 کۆتایی هات لە ناوچەی سەوز، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان لایەنگرانی ڕەوتی سەدری و هێزە ئەمنییەکان، کە گیانیان لەدەستدانی دەیان و برینداربوونی سەدان كەسی لێكەوتەوە.

دوای کۆتاییهاتنی قەیرانەکە، بە ڕێککەوتنی كوتلە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار و پێدانی متمانە بە حکوومەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سودانی بەڵێنیدا پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی بخاتەڕوو بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە زووترین کات.

تەرمی 6 داعش لە تونێلەكانی حەمریندا دۆزرانەوە
پێشت تەرمی 6 داعش لە تونێلەكانی حەمریندا دۆزرانەوە
حكومەتی هەرێم پەیامێك بە عێراق دەدات و شاندێك ڕەوانەی بەغدا دەكاتەوە
دواتر حكومەتی هەرێم پەیامێك بە عێراق دەدات و شاندێك ڕەوانەی بەغدا دەكاتەوە
ەیوەندیدار