حكومەتی هەرێم پەیامێك بە عێراق دەدات و شاندێك ڕەوانەی بەغدا دەكاتەوە



ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم گفتوگۆ لەسەر وردەكاری دانوستانەكانی شاندی هەرێم لەگەڵ بەغدا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، دەرفەتێكی نوێ هاتۆتە ئاراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دەشڵێت: “شاندی هەرێمی كوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان لە ڕۆژانی داهاتوودا، سەردانی بەغدا بكاتەوە”.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیران كۆبۆتەوە و بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەكانی شاندەكە لەگەڵ شاندی حكومەتی فیداڵی سەبارەت بە دۆسییەكانی ( بەشە بودجەی هەرێم، نەوت و گاز ، گومرگ و دەروازە سنوورییەكان، دیوانی چاودێری دارایی).

مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە، هەرێمی كوردستان هەمیشە ئامادەبووە بۆ ئەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بە شێوەیەكی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن.

دووپاتیشی كردۆتەوە، ئێستا دەرفەتێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەت و مینهاجی وەزاری كابینەی نوێ، كە لە 2022/10/27 لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش پەسەند كرا و سیفەتی پابەندیی وەرگرت و ڕێكار و میكانیزمیی چارەسەری كێشەكانی دەستنیشان كردووە.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، شاندی هەرێمی كوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان لە ڕۆژانی داهاتوودا، سەردانی بەغدا بكاتەوە و لیژنە لاوەكییەكانی هاوبەشی هەردوولا دەست بە كۆبوونەوەكانیان بكەن، بە ئاڕاستەی گەیشتن بە چارەسەری هاوبەش لەسەر بنەمای ئەو نەخشە ڕێگایەی لە كۆبوونەوەكە پەسەندكرا، لە هەمانكاتدا لیژنەیەكی وەزاریی قانونی لە ناو ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردرا بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و كەسانی پسپۆڕ و شارەزا، ئامادەسازیی پێویست بكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕگانەی مینهاجی وەزاریی، كە تایبەتن بە گەڵاڵەكردنی چەند پڕۆژە یاسایەك، لەوانە پڕۆژە یاساكانی (ئەنجومەنی فیدڕاڵیی، دادگای باڵای فیدڕاڵیی، نەوت و گاز) كە هاوئاهەنگی لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت بۆ ئەم مەبەستە و بەڵگەنامە و زانیاریی پێویستیان لەگەڵ هاوبەش بكرێت لە پێناوی چەسپاندن و بەرجەستەكردنی ماف و دەسەڵات وشایستەكانی هەرێمی كوردستان وەك ئەركێكی نیشتیمانیی هەمووان.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی نەخشەڕێگا و میكانیزمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كرد. ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری حكومەتی فیدڕاڵی بۆ سەرلەنوێ پێكهینانەوەی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق دەكات، كە بەشێكە لە مینهاجی وەزاری كابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵی، داواش دەكات بودجەی پێویست بۆ ئەم لیژنەیە تەرخان بكرێت و پێداویستییەكانی دیكەی دابین بكرێت بۆ لابردنی ئەو لەمپەر و ئاستەنگانەی لەبەردەم جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووردا هەن.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە، لە ئەولەویەتی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستور و ڕێكارەكانی هاتوو لە مینهاجی وەزاریی، بۆ ئەو مەبەستەش، شاندی دانوستان و دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لیژنەی تەكنیكی پێكهاتوو بە بڕیارەكانی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هاوئاهەنگیكردن لەگەل حكومەتی فیدڕاڵی ڕاسپارد بۆ تەواوكردنی قۆناغەكانی جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوری هەمیشەیی عیراق و ئامادەسازیی پێویست بۆ جێبەجێكردنی ڕێكار و بڕگەكانی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە ناو مینهاجی وەزاریی.

 

حكومەت بودجەی نەنارد و پەرلەمان دەچێتە پشووەوە
پێشت حكومەت بودجەی نەنارد و پەرلەمان دەچێتە پشووەوە
هەولێر؛ چواریانێكی سەرەكی دادەخرێت
دواتر هەولێر؛ چواریانێكی سەرەكی دادەخرێت
ەیوەندیدار