تورکیا دەیەوێت هەرێم ڕووبەڕووی قەرەبوویەکی گەورە بکاتەوە



تورکیا کێشەی لەگەڵ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە نییە، بەڵام بەپێی سەرچاوە تورکییەکان، ئەنقەرە دەیەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو قەرەبووە بداتە حکومەتی عێراق

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەسەردانەکەیدا بۆ بە‌غدا و هەولێر ، باسی لەو قەرەبووەکرد کە دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیاری لەبارەوە داوە. کێشەیەکی دیکەش سکاڵای عێراقە دژی تورکیا سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی نێوان 2018- 2022، و هەندێک لە بەرپرسانی تورکیا دەڵێن دەبێت هەرێمی کوردستان ئەوقەرەبووە بدات نەک تورکیا.

بڕیارەکەی دادگای پاریس ، کە بووە هۆکاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بۆ دەرەوە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت حکومەتی تورکیا 1.5 ملیار دۆلار بداتە عێراق، ئەوەش وەکو قەرەبووی ئەو زیانەی لەو وڵاتەی داوە لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بێ رەزامەندیی بەغدا لە ساڵانی 2014-2018.

لەوبارەوە چەند بەرپرسێکی تورکیا بە ماڵپەڕی بلوومبێرگی ئەمریکییان گوت، تورکیا هەوڵدەدات یارمەتیدەربێت بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە رێکبکەون.

ئەو بەرپرسانەی تورکیا ناویان ئاشکرانەکردووە، دەڵێن، ئەنقەرە پلانی نییە ئەو 1.5 ملیار دۆلارە بداتە بەغدا کە دادگای پاریس بڕیاری لەبارەوە داوە و لەجیاتی ئەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ئەو پارەیە بدات و هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەو لایەنەی لە هەناردەکردنەوەی نەوتەکە سوودمەندی یەکەمە هەرێمی کوردستان خۆیەتی.

هەر بە وتەی ئەو بەرپرسانەی ئەنقەرە، لە چەند هەفتەی رابردوودا حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکاریی جیاوازیان لەبارەی داهاتی نەوت لە یەکدی هەبووە، بەڵام ئێستا کەشەکە گونجاوترە و خەریکە هەردوولا لەو بوارەدا دەگەنە سازش

باران بارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە
پێشت باران بارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە
كۆمسیۆن: زیاتر لە ملیۆنێك دەنگدەر كارتی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە
دواتر كۆمسیۆن: زیاتر لە ملیۆنێك دەنگدەر كارتی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە
ەیوەندیدار