نرخی بەنزین بەرزبووەوە



نرخی بەنزین لە شاری سلێمانی بۆ هەر لیترێک ٥٠ دینار بەرزبووەوە و لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بوو بە هەزار دینار، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە نرخی بەنزین لە هەولێر کە لیترێک نۆرماڵ هەزار و ٧٥ دینارە.

بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایگەیاند، لە دوێنێوە نرخی هەر لیترێک بەنزین لە هەر سێ جۆرەکەی (نۆرماڵ، موحەسەن و سۆپەر) ٥٠ دینار بەرزبووەتەوە، نۆرماڵ بووەتە هەزار دینار، موحەسەن هەزار و ٢٠٠ دینار و سۆپەریش هەزار و ٣٥٠ دینار.

وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت، “لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەردوو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕۆژانە نزیکەی دوو ملیۆن و نیو لیتر بەنزین پێویستە. دەشڵێت، “سووتەمەنی کەمە، کاتێکیش کەم بوو نرخ بەرز دەبێتەوە”.

ئەوەش لەکاتێکدایە، چەند هەفتەیەکە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە. جەنگی مەجید، وتەبێژی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ئەمڕۆ شەممە وتی، “لە هەولێر بە نزیکەی نرخەکان وەکو خۆیان ماونەتەوە. لیترێک نۆرماڵ لەنێوان هەزار و ٥٠ دینار بۆ هەزار و ٧٥ دینارە؛ موحەسەن هەزار و ٣٠٠ دینارە و سوپەریش هەزار و ٣٧٥ دینارە. هەندێک بەنزینخانە گوایە کوالێتی باشترە، بەنزینی موحەسەن و سوپەر بە نرخی زیاتر دەفرۆشن”.

هاوکات، سنووری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی دوو ملیۆن لیتر بەنزینە. وتەبێژی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت، “پێشتر ٤٠ بارهەڵگر بەنزینی حکومی دەدرایە بەنزینخانەکان، بەڵام ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ ٢٢ بارهەڵگر و بە هەموویانەوە ٧٥٠ هەزار لیتر دابین دەکەن کەبەشی پڕکردنەوەی پێداویستی سنوورەکە ناکات و کەمە”.

نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین لە هەڵەبجە نزیکە لە نرخی سلێمانی و لە دهۆکیش نزیکە لە نرخی هەولێر.

کەشناسی: ڕەوشی کەشوهەوا گۆڕانکار بەسەردا دێت
پێشت کەشناسی: ڕەوشی کەشوهەوا گۆڕانکار بەسەردا دێت
بایدن؛ هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی پریگۆزین دیاری دەکەین
دواتر بایدن؛ هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی پریگۆزین دیاری دەکەین
ەیوەندیدار