چەندین شوێنەواری مێژوویی لە گردی یاسین تەپەی سلێمانی دۆزرانەوە



تیمێكی شوێنەوارناسیی زانكۆی چوبۆی ژاپۆنی بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی، لە دوای ماوەیەک لە کارکردن لە گردی یاسین تەپە کە گردێکی دێرینی مێژووییە و دەکەوێتە ناحیەی تانجەرۆ لە پارێزگای سلێمانی، چەند شوێنەوارێكی مێژووییان دۆزییەوە، کە سیمای شارستانییەتی کۆنی پێوە دیارە.

نەوشیروان عەزیز، بەڕێوەبەری پشكنین لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپووری سلێمانی، ڕایگەیاند، تیمە ژاپۆنییەکە گرێبەستی هاوبەشی هەیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی و تیمەکانیان بە هاوبەشی کاری كنە و پشكنین لەو گردە مێژووییەدا ئەنجام دەدەن.

ڕوونیشیکردەوە کە لە ساڵی ٤٠کانەوە لیژنەیەکی پسپۆڕ ڕووپێوی بۆ هەموو ئەو ناوچە شوێنەوارییانە کردووە کە لە عێراقدا هەن و، ئەو لیژنەیە گردی شوێنەواری یاسین تەپەی، وەک تەواوی گرد و شوێنەوارەکانی دیکە کە لە دەشتی شارەزوور و دەشتی هەولێر و دەشتی پشدەر و بتوێن و باشوور و ناوەڕاستی عێراق هەن تۆمار کردووە.

دوای ساڵی ٢٠٠٣ و کرانەوەی هەرێمی کوردستان بەڕووی جیهاندا، یەکێک لەو زانکۆیانەی ڕووی لە ناوچەکە کرد تیمێكی شوێنەوارناسیی زانكۆی چوبۆی ژاپۆنی بوو بە سەرۆكایەتیی پڕۆفیسۆر شین نیشیاما.

لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری پشكنین لە بەڕێوەبەرایەتی و شوێنەوار و كەلەپووری سلێمانی ڕایگەیاند: ”ئەم تیمە گردی یاسین تەپەیان هەڵبژاردووە بۆ ئیش کردن و چەند وەرزێکە کار دەکەن و گرێبەستیان هەیە بۆ پێنج وەرزی داهاتوو کار بکەن و، لە میانی کاری وەرزی ئەمساڵیدا کۆمەڵێک کەلوپەلی مێژووییان دۆزیەوەتەوە، دیوار و خانوو و كۆڵان و گۆڕ دەركەوتووە، لە نێو ماڵەکاندا کەلوپەلی تایبەت و هەیە بۆ ئاگردان، مێژووی ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان کە ٦١٢ بۆ ٩١١ پێش زایین”.

بە گوتەی بەڕێوەبەری پشكنین لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپووری سلێمانی، تیمەکە لە گردەکە چەند تەبەقێکی شوێنەواریان لێداوە تا بزانن چەند شوێنەواری دیکەی تیایە و گوتی: ”مێژووی ئەم گردە بەپێی چینە زانستییەكان لە سەردەمی چاغی بەردینی نوێوە دەست پێ دەكات و چاغی کاتۆلیکی و برۆنز و دواتر ئاشووری و پاشان ساسانی تا سەردەمی ئیسلامیی لە گردەکە هەیە”.

لە ڕووداوێکی تەقەکردندا هاووڵاتییەك کوژرا
پێشت لە ڕووداوێکی تەقەکردندا هاووڵاتییەك کوژرا
هەلی خوێندنی باڵا بێبەرامبەر بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیەندرا
دواتر هەلی خوێندنی باڵا بێبەرامبەر بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیەندرا
ەیوەندیدار