ئەو ماڵانەی پێوەریان نەبەستووە پارەی ئاو و غەرامە لەسەریان زیاد دەبێت



دواین مۆڵەتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ هاووڵاتیان بۆ بەستی پێوەری میكانیكی ئاو تەنها 15 ڕۆژی ماوە و هەر هاوبەشێكی ئاو تاوەكو ئەو كاتە پێوەر نەبەستێت، ئەوا لەدوای ئەو كاتەوە مانگانە بڕی 45 هەزار دینار كرێی ئاو و غەرامەی 80 هەزار دیناری بۆ دەكرێت و بۆ دوكان و شوێنە بازرگانییەكانیش غەرامەی مانگانەی 200 هەزار دینارە.

سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران/ فەرمانگەی كاروباری كارگێری و دارایی بە ژمارە (٥٩٨) لە بەرواری (21- 4- 2022) بە بڕیارێك داشكاندنی بۆ كرێی ئاوی مانگانەی هاوبەشانی ئاو كردووە و بڕیارەكە تاوەكو 21ی ئەم مانگەیە و وادەكەی كۆتایی دێت، كە بەپێی بڕیارەكە بۆ ناو شار هەر ماڵێك مانگانە 20 هەزار دینار و بۆ دەرەوەی شار 10 هەزار دینار وەردەگیرێت لەپێناو ئەوەی هاووڵاتیان پێوەری ئاو ببەستن، بەڵام دوای ئەو بەروارە داشكاندنەكە كۆتایی دێت.

ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوا مۆڵەت بۆ بەستنی پێوەری ئاو ڕێكەوتی ٢١-١٢-٢٠٢٢ە و لەدوای ئەو ڕێكەوتەوە هەر هاووڵاتیەك پێوەری ئاوی نەبەستبێت مانگەنە بڕی ٨۰ هەزار بۆ ماڵان و بڕی ۲۰۰ هەزار دینار بۆ دوكان و شوێنی بازرگانی بۆ ئەژمار دەكرێت بەهۆی نەبەستنی پێوەری ئاوەوە.

لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ڕاپەڕین لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێویستە هاووڵاتیان بەزووترین كات پێوەری ئاو ببەستن بۆ ئەوەی سوومەندبن لە بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ داشكاندنی كرێی ئاو، كە لەناو شار مانگانە تەنها 20 هەزاری بۆ هەژمار دەكرێت و بۆ دەرەوەی شار تەنها 10 هەزار دیناری بۆ هەژمار دەكرێت.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەگەر خاوەنی هاوبەشییەكی ئاو پێوەری ئاو نەبەستێت تاوەكو ڕێكەوتی (21- 12- 2022) ئەوا لە دوای ئەم ڕێكەوتەوە بڕی (45) هەزار دیناری بۆ ئەژمار دەكرێت بۆ هەر مانگێك هەروەها ئەژماركردنی بڕی (80) هەزار دینار بۆ هەر مانگێك بۆ ماوەی نێوان ( 10- 2- 2021 تاوەكو 21- 12- 2022).

بەپێی بڕیارەكە، هەر هاوبەشێكی ئاو پێوەر نەبەستێت، ئەوا غەرامەی 22 مانگی بۆ دەكرێت و غەرامەكەش لەسەری كۆدەبێتەوە و زیاد دەكات بەپێی مانگەكان تاوەكو ئەو كاتەی پێوەر دەبەستێت.

بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی لە 10- 2- 2021ەوە نەبەستنی پێوەری ئاو سزای لەسەرە، كە بۆ ماڵان 80 هەزار دیناری مانگانەیە و بۆ شوێنە بازرگانییەكان و دوكانەكان 200 هەزار دیناری مانگانەیە.

بەغدا كێشەی نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات
پێشت بەغدا كێشەی نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات
نرخی ئاڵتون بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە
دواتر نرخی ئاڵتون بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە
ەیوەندیدار