مین و پاشماوەی تەقەمەنی سەردەمی جەنگ بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم



مینڕێژکردنی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی دوای شەستەکان، کە بەهۆی ململانێ و شەڕی نێوان هێزە کوردستانییەکان و حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق لەلایەن سوپای ئەو کاتەی عێراقەوە دانراوە.
لەلایەکی دیکەوە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بوونی مین و پاشماوەکانی جەنگ و تەقەمەنی لە ناوچەکەدا، کە زۆرترین مین لەو سەردەمەدا دانراوە.

پاش ٣٥ ساڵ لە کۆتایی هاتنی ئەو جەنگە بەڵام هێشتا مین و پاشماوەکانی ئەو جەنگە مەترسین بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانی و قوربانیی زۆریان لێکەوتووەتەوە.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی، مەزەندە دەکرێت حەوت ملیۆن مین لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت، لەو ژمارەیەش پشکی شێر بەر پارێزگای سلێمانی کەوتووە، ئەویش بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاکەی و هاوسنووری لەگەڵ ئێران کە سنوورێکی درێژی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە.

هەروەها شاڵاوەکانی ئەنفال یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی بوونی مین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کە پاش ڕاگواستنی خەڵکەکە مینێکی زۆر لە دەوری سەرچاوەکانی ئاو و ڕێگاوبانەکان و شوێنی گوندەکان چێنراون.
قەزای پێنچوێن دەکەوێتە ٩٦ کیلۆمەتری باکووری ڕۆژهەڵاتی سلێمانی و ١٥١ کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئێران هەیە و بەهۆی جەنگی خوێناوی هەشت ساڵەی عێراق-ئێرانەوە گێڵگەیەکی زۆری بە مین چێنراوی تێدایە.
تیمەکانی هەڵگرتنەوەی مینی سەربە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری مینی سلێمانی لە کاتی پاککردنەوەی کێڵگە بە مین چێندراوەکاندا چەندین جۆر مین و پاشماوەی تەقەمەنی و گوللەی تۆپ و هاوەن دەدۆزنەوە و، پاشان بەپێی ڕێنماییەکان و بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو لەناویان دەبەن.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی، موحسین شێخ عەبدولکەریم، باسی لە کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کرد، لە هەڵگرتنەوە و لەناوبردنی مین و پاشماوەکانی تەقەمەنی و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی.
بەپێی داتاداکانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری مین لە سلێمانی، ژمارەی قوربانیانی مین لە هەرێمی کوردستان بە ١٤ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. تەنیا لە پارێزگای سلێمانی پێنج هەزار و ٢٢٢ کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٥ هەزار کەسیش برینداربوون.
سەبارەت بە بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵمەتی پاککردنەوەی کێڵگەکانی مین، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی، موحسین شێخ عەبدولکەریم رایگەیاند: ”کاری هەڵگرتنەوەی مین کارێکی قورسە، بەپێی پێوەری نێودەوڵەتی بۆ کاروباری مین (SOP) تایبەت بە دەزگاکەمان، بابەتی پاککردنەوەی مین پرۆسەیەکی قورسە لەبەر ئەوەی تۆ دەتەوێت گیانێک ڕزگار بکەیت، ناکرێت ڕۆحی کارمەندێکی خۆت ڕووبەڕووی مەترسیی بکەیتەوە، هەروەها تۆبۆگرافی خاکی هەرێمی کوردستان سەختە کە شاخ و داخ و بەرز و نشێویە، لەبەرئەوە هەڵکەندن و هەڵکۆڵین و گەڕان بەدوای میندا کارێکی سەختە و زەویەکەشی سەختە بۆ هەڵکۆڵین”.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی، باسی لەوە کرد کە شوێن هەیە رێگاوبانی نییە و تیمەکانیان بە پێ دەچنە سەر گێڵگەی مین. هەروها وەرزی زستان کە باران و بەفر دەبارێت رێگرە لەبەردەم کارەکانی هەڵگرتنەوەی مین، چونکە بەپێی سیستمی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری مین، نابێت لە وەرزی بەفردا کاربکرێت، چونکە سەلامەت نییە و باران و بەفر کەندڕ دروست دەکەن و دەبنە هۆی گواستنەوە مینەکان و شوێن گۆڕینیان.
گوتیشی: ”زۆرجار کێڵگەیەکی مینمان پاککردووەتەوە، بەڵام کێڵگەیەکی دیکەی مین لە تەنیشتی یان سەرەوەی بەهۆی باران و بەفرو دروستبوونی کەندڕ و لافاو مین گواستراوەتەوە بۆ ئەو کێڵگەیەی پاککراوەتەوە، ئەوەیش کارەکانمانی سەخت کردووە”.
سەبارەت بە جۆری مینەکان و ئەو پاشماوانەی جەنگ کە لە ناوچەکەدا هەن، موحسین شێخ عەبدولکەریم رایگەیاند: ”ئێمە هەموو جۆرەکانی مین و تەقەمەنی و پاشماوەکانی جەنگ هەڵدەگرینەوە کە بۆمبی هێشووییشی تێدایە و جۆری تەقەمەنییەکانیش وەک گوللە تۆپ و هاوەن. ئەمە جگە لەوەی زۆر جار لە شوێنی نیشتەجێبووندا کاتێک هاووڵاتی کاری هەڵکەندن دەکات جۆرەها مین دەدۆزێتەوە و تیمەکانمان دەچن پووچەڵیان دەکەنەوە”.
ئەوەی بووەتە جێی سەرنج کێڵگە بە مین چێنراوەکان زۆرینەیان نیشانە و ئاماژەی مینیان تێدا نەماوە، کە ئەوەیش بووەتە مەترسی بۆ هاووڵاتیان و ئەوانەی نەشارەزان بە ناوچەکان، دەکەونە ناویانەوە.
بەڕێوەبەری رێکخراوی گرووپی راوێژکاریی مین (MAG) لە عێراق، جاک ساری، مانگی حوزەیران لە لێدوانێکیدا ڕاگەیاندبوو کە زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن مەتر دووجا ناوچەی بە مین چێنراو و پاشماوەی تەقەمەنی لە عێراقدا هەیە و مەترسییەکانی هێشتا بەردەوامە.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنییەکان هەمیشە هاووڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە و بەردەوام خولی تایبەت دەکەنەوە بۆ ئاشناکردنی هاووڵاتیان بە مەترسییەکانی مین و ناساندنەوەی جۆرەکانی مین و تەقەمەنی.
موحسین شێخ عەبدولکەریم، باسی لەوەیش کرد کە تیمەکانیان بەپێوەری نێودەوڵەتی کار دەکەن و کەلوپەلی خۆپارێزیان پێیەن (PPE)، لەبەرئەوە زیانی گیانیی و قوربانیان بە بەراورد بەو ژمارە زۆرەی قوربانی لە پارێزگای سلێمانی کەمترین قوربانیانی هەیە کە ٧٦ بریندار و ٣٦ گیان لەدەستدان و زۆربەی قوربانیانی مین و پاشماوە تەقەمەنییەکانی جەنگ هاووڵاتی مەدەنین.
پێشتر سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کوردستان، جەبار مستەفا ئاشکرای کردبوو کە، لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە تا ئێستا، ١٣ هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتیی مەدەنی لە ئەنجامی تەقینەوەی مین، گیانیان لەدەستداوە و یان کەمئەندام بوون.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی، سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کاریگەریی زۆری لەسەر پەکخستنی پرۆسەی پاکسازی مین هەبووە و گوتی: ”شەڕی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش پرۆسەی پاکسازی مینی پەکخست، چونکە زۆربەی تیمەکانمان چونە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ و شانبەشانی هێزەکانی پێشمەرگە ڕووبەڕووی ڕێکخراوەکە بوونەوە، پێش چوونی هێزەکان بۆ ناوچەکە تیمەکانمان ئەو ناوچانەیان لە مین و پاشماوەی تەقەمەنییەکان پاک دەکردەوە، لە کاتی پوچەڵکردنەوەی بۆمبەکانی داعش قوربانیمان دا چونکە داعش تەکنیکی جیاوازی بەکاردەهێنا کە پێی دەگوترێت تەکنیکی تەقەمەنی سەرپێیی (IED) کە تیمەکانمان ئاشنانەبوون پێی، لەبەرئەوەی لەو کاتەدا زۆربەی زۆری تیمەکانمان ڕەوانەی ناوچەکانی شەڕ کرد کارەکانی پاککردنەوەی کێڵگە بە مین چێنراوەکان پەکیان کەوت”.
عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨دا بووە ئەندامی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی ئۆتاوا کە ١٦٤ وڵات بەشدارن تیایدا، و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هەڵگرتن و عەمببارکردن و گواستنەوە و فرۆشتن و بەکارهێنانی مینی دژە کەسی قەدەغەیە. هەر بەپێی ڕێککەوتننامەکە ١٠ ساڵ بۆ عێراق دیاری کرا کە هەتا ساڵی ٢٠١٨ هەموو ناوچە بە مین چێنراوەکان پاکبکاتەوە.
لەو بارەیەشەوەی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە لەو ماوەیەدا بەهۆی شەڕی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە پرۆسەی پاکسازی مین پەکیکەوت و نەتوانرا لە ماوەی دیاری کراودا هەموو ناوچەکان لە مین پاک بکرێنەوە، پاشانیش بەهۆی قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە ١٠ ساڵی دیکەیان بۆ نوێ کردوونەتەوە و گوتی: ”بێگومان بەهۆی زۆری ژماری مینەکان و سەختی ناوچەکە ناتوانرێت هەموو ناوچەکان لە مین پاکبکرێتەوە. ناوچە ئاسانەکان هەمووی پاککراوەتەوە، بەڵام ناوچە سەخت و دوورە دەستەکان ماون کە ناوچە شاخاوییەکانن و ئێمەشی لە ئێستادا تەنیا بە هێز و توانای خۆمان کار دەکەین و هیچ هاوکارییەک نییە، ئەمە لە کاتێکدا میزانییەش نییە هەتا بە تەندەر کار بکەین و تیمەکانمان خۆیان گیانفیدایانە کار دەکەن”.

“هەژاری بووەتە تەحەدایەکی جیهانیی”
پێشت “هەژاری بووەتە تەحەدایەکی جیهانیی”
پیسبوونی ژینگە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە
دواتر پیسبوونی ژینگە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە
ەیوەندیدار