پارتی‌ دەستی بەسەر كۆمپیوته‌ره‌كانی وەزارەتی پێشمەرگەدا گرت



‌به‌شی‌ كوردی ده‌نگی‌ ئه‌مریكا له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبەتە بەخۆیەوە له‌ ناو وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاشکرای کردووە كه‌ ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە گەشتونەتە “قۆناغی لێکترازان” و ئەوەی دۆخەکەی هێشتووەتەوە تەنیا بڕیارێکی سیاسیە.

سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ ده‌نگی‌ ئه‌مریكا ئاماژەی بەوەکردووە، ئێستا بەشێکی زۆر لە کۆمپیوتەرەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن بەرپرسانی پارتی لە وەزارەتەکە دەستیان بەسەرداگیراوە و لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی هێندراونەتە دەرەوە، ئەمە جگە لەوەی پارتی بە چەند کارمەندێکی بەشی وەرگرتنی موچەی لە پشکی یەکێتی وتووە کارەکانیان ڕاگرن

بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتی، زانیارییه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌ی‌ پشتڕاستکردەوە و ڕایگه‌یاند‌، “داوا لە سەرجەم لایەنە پەیونەدیدارە حکومی و حزبییەکان دەکەم بێنە سەر خەت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشیە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆ بکرێت، چونکە پێشمەرگە سمبولی گەلی کوردستانە.”

سەرچاوە باڵاکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، “کێشەکان دوای فەرمانێکی بریکاری وەزارەت دەستیپێکرد، لە مانگی یازدەی ٢٠٢٣دا بووە. بڕیارەکە سەبارەت بە دابەشکردنی میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگەیە بە ٥٧ بە ٤٣. دوای ئەوە لە بەشی مووچە، کە تێکەڵە لە ئەفسەرانی یەکێتی و پارتی، پارتیەکان هاتن ئەندازیاریکی ئای تیمان هەیە ئەویان بلۆک کرد و کومپیوتەرەکەیان بلۆک کرد. دواتر ڕۆشتوون کۆمپانیایەکی مەدەنی هی کەسێکە هیناویانە و لە ڕێگەی ئەوەوە ئەو کارەیان کردووە. ئەفسەرەکان کە ئیشی مووچە و ئەو شتانە دەکەن، موچەی وەحدە و لیواکان، لە تیمی یەکێتین هەموو کومپیوتەرەکانیان بلۆک کرد و کومپیوتەرەکان ژمارەی نهێنی خۆمانی لەسەربوو شکاندیان، هەستان داخڵی کومپیوتەرەکان بوون.”

بە گوێرەی سەرچاوەکە، یەکێتی هیزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکای لەم پێشهاتە ئاگادارکردۆتەوە، هاوپەیمانانیش بەو هۆیەوە مووچەی لیوا هاوبەشەکانیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ڕاگرتووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو “هاوپەیمانان ئاگاداری کێشەکانی وەزارەتی پێشمەرگەن. ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە هاوپەیمانانی لە کێشەکانی وەزارەت ئاگادار کردووەتەوە. هەموو ڕاگەیاندنەکان دەڵین ئەوەی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەگوزەرێت، نا ئاساییە و دۆخەکە لە تەقینەوە نزیکە.”

کێشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتێکدایە، کە وەزیری پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتیە و ماوەی ساڵێکە بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ حزبەکەی و سووربوونی یەکێتی لەسەر گۆڕینی بەکەسێکی دیکە دەوام ناکات.

بەهای دۆلار لە بەرزیدایە
پێشت بەهای دۆلار لە بەرزیدایە
کۆڵبەرێك بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا
دواتر کۆڵبەرێك بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا
ەیوەندیدار