دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە سەیرانگاکانی چۆڵ کردووە



سەرەڕای ڕێککەوتنی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرۆژەی یاسای بودجە و دەرچوونی پرۆژەکە لە پەرلەمان، بەڵام نەهاتنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە کاتی خۆیدا و دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەران، کێشەی بۆ هاووڵاتیان بە تایبەتی مووچەخۆران دروست کردووە.

لە هەرێمی کوردستان، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران ڕەنگدانەوەی لەسەر بازاڕ بە گشتیی و گوزارانی خەڵکی بە تایبەتی هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەڵکشان و داکشانی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار لە عێراق بە جیا کاریگەری لەسەر بازاڕ و گوزەرانی دانیشتوانەکەی دروست کردووە.

لە کاتێکدا فەرمانبەران چاویان لە دەستی حکومەتی فیدراڵە بۆ ناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم و دابینکردنی مووچەکانیان، بازاڕیش بەشێوەیەکی بەرچاو پشتی بە مووچەی فەرمانبەران بەستووە، چونکە جموجۆڵ و گەرمییەکەی لەگەڵ دابەشکردنی مووچەدا دەست پێ دەکات.

یەکێک لەو کەرتانەی کاریگەری زۆری نەبوونی مووچەی لەسەرە، کەرتی گەشتوگوزارە. شوێنە گەشتیارەکان کە ساڵانی رابردوو لەم وەرزەی گەرمای هاویندا جمەیان دەهات، لەئێستادا بەتاڵی گیرفانی هاووڵاتی تەواو ڕەنگی لەسەر ئەو شوێنانە داوەتەوە.

سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکان کە لە ڕۆژانی پشووی هەفتەدا هاووڵاتیان و بەتایبەتیش مووچەخۆران ڕوویان تێ دەکرد بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان، لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بەهۆی کێشەی بودجە و دابەشنەکردنی مووچەوە چۆڵییەکی زۆریان پێوە دیارە.

بەراورد بە مانگەکانی پێشووتر و هەمان وەرزی ساڵانی ڕابردوو کە شوێنە گەشتیارەکان و سەیرانگاکان قەرەباڵغییەکی زیاتری پێوە دیاربوو، شەقام و رێگاوبانەکان، چێشتخانە و دووکانەکان لەبەر ئۆتۆمبێل و ڕێبوار بەرنەدەکەوتن، بەڵام لەئێستادا نەبوونی مووچە و دەرنەچوونی خەڵکی بۆ ئەو ناوچانە بووەتە جێی نیگەرانیی هاووڵاتیان، بەتایبەتی خاوەن سەیرانگاکان و کاسبکار و خاوەن چێشتخانەکان و، جگە لە گەشتیاران و سەیرانکەرانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، گەشتیاری ناوخۆی هەرێم زۆر بە کەمی لە سەیرانگاکاندا بەدی دەکرێن.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، هەورامان جەلال، باسی لەوە کرد کە نەهاتنی مووچە کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتوگوزار لە ناوچەکەیان دروست کردووە، لەبەرئەوەی دوو مانگە مووچە دابەشنەکراوە.

سەبارەت بە کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران بەگشتیی، هەورامان جەلان ئاماژەی بەوە کرد کە جگە لە هۆکارەکانی دیکە وەک نەهاتنی مووچەی فەرمانبەران، هاوکات مانگی موحەڕەمیش کاریگەری هەبووە لەسەر کەرتی گەشتیاریی و کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیار.

هەورامان جەلال ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی بواری گەشتوگوزاردا گفتوگۆیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی گەشتوگوزار، بەڵام چارەسەرکردنیان پێویستی بە کاتە”.

گوتیشی: ”ئێمە لای خۆمانەوە ئاسانکاریی تەواومان بۆ بەرەوپێشچوونی کەرتەکە کردووە لە ڕووی پێدانی مۆڵەتی کارکردن بەو کەسانەی ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکەن، بەڵام ناتوانین لە ڕووی ماددییەوە هاوکارییان بکەین”.

حکومەتی فیدراڵیی عێراق سەرەتای ئەم هەفتەیە بڕی ٥٩٨ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی شەشی موچەخۆران هەرێمی کوردستان ڕەوانە کردووە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم ئاماژە بەوە دەکەن کە مووچەی مانگێکی موچەخۆران زیاتر لە ٩٠٠ ملیار دینارە.

چاوەڕوان دەکرا، ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا کە دوای پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای سێ ساڵی عێراق هات، کۆتایی بە ناکۆکی چەندین ساڵەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بهێنێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بێ گرفت مووچەکانیان وەربگرن، بەڵام ئەو خواستە تا ئێستا وەک پێویست نەهاتۆتە دی.

كۆمسیۆن بڕیارێكی دیكەی بۆ هەڵبژاردن دەركرد
پێشت كۆمسیۆن بڕیارێكی دیكەی بۆ هەڵبژاردن دەركرد
یەکێك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەناوبانگەکان قەدەغە دەکرێت و وەزارەتی پەیوەندییەکانیش ڕوونکردنەوە دەدات
دواتر یەکێك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەناوبانگەکان قەدەغە دەکرێت و وەزارەتی پەیوەندییەکانیش ڕوونکردنەوە دەدات
ەیوەندیدار