سلێمانی؛ تەنها لە سێ ڕۆژدا ١٦ کەس بوونەتە قوربانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ



رۆژانە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان گوێبیستی رووداوی دڵتەزێنی هاتوچۆ دەبین کە زۆربەیان قوربانی و کارەساتی دڵتەزێنیان لێدەکەوێتەوە.

خراپی رێگاوبانەکان و پابەندنەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ بەتایبەت تیژڕەوی و تێپەڕاندنی هەڵە و سەرقاڵبوون بە مۆبایل لە کاتی شۆفێریدا هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئەو رووداوانەن کە هەندێک جار لەناوچوونی تەواوی ئەندامانی خێزانێکی لێدەکەوێتەوە، ئەمە جگە لە زیانە ماددییەکان.

ئامارەکانی قوربانیی هاتوچۆ ئاماژەی مەترسیدار دەخەنەڕوو، کە بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە لەم هەرێمەدا لە ریزبەندی یەکەمەکانی هۆکاری گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانە.

وتەبێژی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بەنیگەرانییەوە باس لە ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەکات کە هەندێکیان رووداوی دڵتەزێنیان لێدەکەوێتەوە.

وتەبێژی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، بەهمەن عەبدوڵا باسی لەوە کرد کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی روودای هاتوچۆ پابەند نەبوونی شۆفێرانە بە رێنمایی و یاساکانی هاتوچۆ، لەوانەیش تیژڕەوی لە رادەبەدەر و بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان لەلایەن شۆفێرانەوە.

بەهمەن عەبدوڵڵا باسی لەوەیش کرد کە ئەگەر پلانەکانی حکوومەت و وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هاتوچۆ جێبەجێ نەکرێن کە خۆیان دەبیننەوە لە رێنمایی و یاساکان و توندوتۆڵی ئۆتۆمبێلەکان لە شار و شارۆچکەکان و پارێزگاکاندا، ئەوا ئەم رووداوانەی هاتوچۆ بەردەوام دەبن.

لە چەند رۆژی رابردوودا، لە سنووی پارێزگای سلێمانی چەند رووداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆ روویاندا کە ژمارەیەک قوربانیی لێکەوتەوە و تەنیا لە ماوەی سێ رۆژی ئەم هەفتەیەدا لە چەند رووداوێکی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگاکە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و ١١ کەسی دیکەش برینداربوون.

یەکێک لە رووداوەکان کە بەهۆی گەورەییەکەیەوە بووە رۆژەڤی میدیاکان، لەسەر شەقامی بازنەی مەلیک مەحموود روویدا. بارهەڵگرێک ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی راماڵی و زیانی زۆری پێ گەیاندن. ئەمە جگە لە برینداربوونی پێنج هاووڵاتی کە برینی یەکێکیان سەختە.

یەک رۆژ دوای ئەو رووداوە، لەسەر رێگای بەرانان لە شارۆچکەی دەربەندیخان، بارهەڵگرێک ئۆتۆمبێلێکی کرد بە ژێرەوە کە شەش سەرنشینی تێدا بوو، بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و یەک کەسیش برینداربوو.

رۆژی پێنج شەممەی هەمان هەفتە، لە دوو رووداوی هاتوچۆی جیاوازدا لەسەر شەقامی سەرەکی سەرچنار، پێنج کەس برینداربوون.

ئەوەی بووەتە جێی سەرنج زۆرێک لە رووداوەکانی هاتوچۆ بەهۆی بارهەڵگرەکانەوە روو دەدەن، بەتایبەتی لە رێگاو بانەکانی دەرەوەی شار.

سەبارەت بە هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ، وتەبێژی بەڕەوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی وتی: “ئەگەر شۆفێری سەرپێجیکار کە جێگیربوو یاساکانی پێشێلکردووە، رووبەڕووی سزای توند بکرێتەوە و دادگا رۆڵی باشتر بگێڕێت و ئەوەی پێی دەگوترێت سوڵحی عەشایەری نەمێنێت و رێگاکانیش باشتر بکرێن بە تایبەتی رێگاکانی دەرەوەی شار، ئەوا ئەم رووداوانەش روو لە کەمبوونەوە دەکەن”.

بەهمەن عەبدوڵڵا ئەوەیشی خستەڕوو کە کامێرەکانی هاتوچۆ یەکێکن لە هۆکارەکانی کەمکردنەوەی رێگاکانی هاتوچۆ، چونکە چاودێرێکی وردی شۆفێر دەکات و رووبەڕووی سزایان دەکاتەوە.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ رووداوەکانی هاتوچۆ ئەگەر کەمێیش بێت رووی لە دابەزین کردووە، بەڵام لەم ساڵدا هەرچەندە ئامارەکان بڵاونەکراوەتەوە وەک ئەوەی دەبینرێت رووداوەکانی هاتوچۆ روویان لە هەڵکشان کردووە.

لە ساڵی ٢٠٢١دا لە سنووری پارێزگاکە تێکڕا هەزار و ٢٤٠ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە کە سەرجەمیان گیانلەدەستدانی ٢٣١ کەسی لێکەوتووەتەوە، لەگەڵ برینداربوونی سێ هەزار و ٨٤٩ کەس.

لە ساڵی ٢٠٢٢دا رووداوەکانی هاتوچۆ لە سەرانسەری پارێزگاکە هەزار و ٦٥ رووداو بووە و، بەهۆیانەوە ١٧٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٨٤٣ کەسی دیکە برینداربوون.

 

کچێك لە کاتی مەلەکردندا خنکا
پێشت کچێك لە کاتی مەلەکردندا خنکا
دوو برینداری کێشە خێزانییەکەی دوێنێ شەو گیانیان لەدەستدا
دواتر دوو برینداری کێشە خێزانییەکەی دوێنێ شەو گیانیان لەدەستدا
ەیوەندیدار