حكومەتی هەرێم هیچ بڕیارێكی بۆ مووچە و بەنزین و كارەبا ڕانەگەیاند



كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆتایی هات، بەڵام هیچ بڕیارێك دەربارەی دابەشكردنی مووچە و نرخی بەنزین و دۆخی كارەبا ڕانەگەیەنرا و سەرۆك وەزیرانیش دەڵێت: “هەموو پابەندییەكانمان جێبەجێ‌ كردووە و پێویستە عێراق سەرجەم شایستە داراییەكانی هەرێم ڕەوانە بكات.

حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە، بەبۆنەی ساڵیادی كۆمەڵكوژی شنگال و جێنۆسایدكردنی خوشك و برایانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بە ڕێز و شكۆوە یادی شەهیدان و قوربانیانی ئەو كۆمەڵكوژییەمان كردەوە و پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشمان لە پشتیوانیكردنی مافی ئێزدییەكان دووپات كردەوە و ستایشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشمان كرد بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەم كۆمەڵكوژییە بۆ ئەوەی ڕێگە لە دووبارە بوونەوەی ئەم كۆمەڵكوژیانە بگیرێت، جەختیشمان لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال و ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە كردەوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم تیشكی خستە سەر دوا پێشهات و پەرەسەندنەكانی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق و دابینكردنی شایستەی دارایی مووچە و بەشە بودجەی هەرێم و ڕێڕەوی دانوستانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاندووە، هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە و بەم شێوەیەش، هیچ پاساو و بیانوویەك نەماوە لەبەردەم حكومەتی فیدڕاڵ كە خەرجكردنی شایستەكانی هەرێم لەمە زیاتر دوابخات، بۆیە پێویستە حكومەتی فیدراڵ، ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە پێی یاسای بودجە بنێرێت.

ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە هێز و پارت ولایەنە كوردستانییەكان دەكات كە هاوهەڵوێست و یەكدەنگ بن لە سەر داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە ناو بودجەدا جێگیركراوە.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە بارودۆخی كارەبا و گرانیی بەنزین لە هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەمبارەیەوە، كە لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، لە دوو توێی ڕاپۆرتێكدا خرایەڕوو، ئاماژەی بە هەوڵەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دا بۆ چارەسەركردنی گرانبوونی نرخی بەنزین و ئاسانكارییەكانی وەزارەت بۆ هاوردەكردنی بەنزین و هاندانی پاڵاوگەكان بۆ پاڵاوتنی زیاتری نەوتی خاو بۆ دابینكردنی بەنزین.

سەبارەت بە كارەباش، وەزیری كارەبا ئاماژەی بە هەوڵەكانی وەزارەتەكەی دا بۆ باشتركردنی ڕەوشی خزمەتگوزاریی كارەبا و هەوڵدان بۆ زیادكردنی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانیی و ئەو پڕۆژانەشی خستەڕوو كە لە ماوەی ڕابردوو بەم ئاراستەیە ئەنجامدراون.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای هەڵسەنگاندنی هەوڵ وپڕۆژەكانی هەردوو وەزارەت، وەزیری ڕاسپارد كە لە ڕێكار و هەوڵەكانیان بەردەوام بن بۆ دابینكردنی كارەبا و سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان و هەموو ئاسانكارییەكیش لەم ڕووەوە بخەنەڕوو.

لە بڕگەی كۆتاییدا، پڕۆژەی بەدیجیتاڵكردنی پێدانی پارە بە شێوازی ئەلكترۆنی E- Payment و (پڕۆژەی هەژماری من) لە لایەن عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە هاوكارانی كە بەشدارن لە بەجێگەیاندنی پڕۆژەكە، بۆ ئەنجومەن خرایەڕوو.

مەسرور بارزانی دەشڵێت: “وێڕای سوپاسكردنی تیمی جێبەجێكاری پڕۆژەكە، سوپاسی جێگری سەرۆك وەزیرانیشمان كرد، كە لە كابینەی پێشووش كاری لە سەر بە دیجیتاڵكردن كردووە، هەروەها سوپاسی وەزیری داراییشمان كرد بۆ پاڵپشتی و سەرخستنی پڕۆژەی ( هەژماری من )”.

جەختیشمان لەوە كردەوە، كە دەبێ تەواوی وەزارەتەكان پشتگیری پرۆسەی بەدیجیتەڵكردنی خزمەتگوزارییەكان و سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە بكەن، كە ئەمە بنەمایەكە بۆ بنیاتنانی ژێرخانێكی بەهێزی دارایی و كاراكردنی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان، كە دەبێتە هۆی زیاتر گەشەپێدانی ئابووری، كە لە ڕێگەی كاراكردن و بەهێزكردنی سیستەمی بانكییەوە، ئابووریی وڵات زیاتر پێش دەكەوێت و جموجۆڵی ئابووریش پەرەدەسەنێت. چونكە پێشخستنی سیستەمی بانكی بەپێی ستانداری نێودەوڵەتی و بەڕەچاوكردنی تازەترین پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆجیا و بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان، لە ناویشیاندا پێدانی پارە و خەرجكردنی مووچە، بنەمایەكی سەرەكی پەرەپێدان و پێشكەوتنی ئابوورییە و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و حكومەت و كەرتی تایبەتیشە.

هەموو وەزارەت و فەرمانگەكانی حكومەتمان ڕاسپارد، كە هاوكار و یارمەتیدەری پڕۆژەی (هەژماری من)بن بۆ ئەوەی ئەو چاكسازییەی لە بواری سیستەمی بانكییەوە دەستی پێكراوە خێراتر بكرێت و چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا كە لە كۆتایی ساڵی 2025 تێپەڕ نەكا، تەواوی خزمەتگوزارییەكان ببنە دیجیتاڵی و مامەڵەكردن بە كاش سنووردار بكرێت.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە بۆ دەستنیشانكردنی وادەیەكی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، داواش لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان كرا پشتیوانی لەو ھەنگاوە بكەن و پاڵپشت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەكە. لەم ڕووەشەوە حكومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ پێشكەشكردنی هەر ئاسانكاری و ئامادەسازییەك كە لە ئەستۆی حكومەت بێت.

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا کرد
پێشت سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا کرد
کەشناسی عێراق: خۆڵبارین دەست پێدەکاتەوە
دواتر کەشناسی عێراق: خۆڵبارین دەست پێدەکاتەوە
ەیوەندیدار