عێراق تەنها موچەی ٢٣ هەزار پێشمەرگە دابین دەکات



سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق مانگانە تەنها موچەی ٢٣ هەزار پێشمەرگە دابین دەکات، لە کاتێکدا ژمارەی کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە بە خانەنیشینەکانەوە دەگاتە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار موچەخۆر.

سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیران کە داوایکردوە ناوەکەی پارێزراوبێت، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوە، “حکومەتی عێراق موچەی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە خەرج ناکات و مانگانە تەنها موچەی ٢٣ هەزار پێشمەرگە خەرج دەکات، ئەوەش بارگرانییەکی ترە بۆ سەر حکومەتی هەرێم”.

بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق، بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی بەرگری ٩ تریلیۆن و ٧٦٤ ملیار دینارە، بەشە موچەی ساڵانەی وەزارەتی پێشمەرگە لەم بڕە پارەیە، ٢٢٨ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینارە.

ئەوەلەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم بۆ موچەی کارمەندان و هێزەکانی پێشمەرگە مانگانە پێویستی بە ١٣٣ ملیار دینارە، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی عێراق بۆ وەزارەتەکە تەرخانیکردووە مانگانە نزیکەی ١٩ ملیار دینارە.

شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “تەنها لە چوارچێوەی هێزە وشکانییەکانی عێراقدا پارە بۆ پێشمەرگە تەرخانکراوە و پارەکە بەشی ٢٣ هەزار پێشمەرگە دەکات وتیشی، هەرێم ناچارە لە بەشە بودجەی خۆی مووچەی تەواوی کارمەند و هێزەکانی پێشمەرگە بدات.

تەرخانکردنی موچە بۆ 23 هەزار پێشمەرگە لە کۆی سەروی 400 هەزار موچەخۆری وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن عێراقەوە لە کاتێکدایە، چەندین جۆر هێزی جیاواز لە هەرێم بونیان هەیە و لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە موچە وەردەگرن، کە پارەکەی عێراق بەراورد بە ژمارەکانیان زۆر کەمترە.

هێزەکانی 70ی یەکێتی و 80ی پارتی ئەو هێزانەن کە ژمارەیان لە هەزاران پێشمەرگە پێکدێت و لەسەر پشکی وەزارەتی پێشمەرگە موچە وەردەگرن، بەڵام تاکو ئێستا لە ژێر فەرمانی حزبدان و هاوپەیمانان دەیانەوێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێکیان بخەنەوە. هاوپەیمانان چەندین جار نیگەرانیان لە خاوی پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە دەربڕیوە

هەینی ڕابردوش، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا هۆشداری داوەتە بەرپرسانی هەرێم لە بەرامبەر ئاستەنگەکانی بەردەم چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و داوای هێنانەوەی شۆڕش ئیسماعیلی وەزیری پێشمەرگەی کردووە بۆ ڕاییکردنی کاروبارەکانی، دیارنییە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ئەم داوایە لە لایەن بەڕێوبەرانی هەرێمەوە هەڵوێستی ئەمەریکا چۆن دەبێت.

کەشناسی: خۆڵبارین دەستپێدەکات
پێشت کەشناسی: خۆڵبارین دەستپێدەکات
تەندروستی سلێمانی: لەحاڵەتێکی دەگمەندا تۆپەڵێک موو لەگەدەی گەنجێک دەرهێنرا
دواتر تەندروستی سلێمانی: لەحاڵەتێکی دەگمەندا تۆپەڵێک موو لەگەدەی گەنجێک دەرهێنرا
ەیوەندیدار