ئەمریکا فڕۆکەی F16 و F35 دەنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست



وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ‘یو ئێس ئێس تۆماس هەدنەر’ بە هەردوو فڕۆکەی ئێف 16 و ئێف 35 ڕەوانەی ئاوەکانی کەنداو دەکات. بەرپرسێکی پێنتاگۆنیش دەڵێت، لە وەڵامی چەند ڕووداوێکی نەخوازراوی ئەم دواییەی گەرووی هورموزە.

سابرینا سینگ، جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، “لە وەڵامی چەند ڕووداوێكی نەخوازراو کە لەم دواییەدا لە گەرووی هورموز ڕوویاندا، وەزیری بەرگری فەرمانی ناردنی کەشتی سەربازیی یو ئێس ئێس تۆماس هەدنەری دەرکرد، کە هەڵگری فڕۆکەی ئێف-16 و ئێف-35-ە، بە مەبەستی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و پاراستنی ئازادیی دەریاوانیی ناوچەکە و گەروی هورمز.”

هەفتەی ڕابردوو، ئێران هەوڵیدا لە گەرووی هورموز دەست بەسەر دوو کەشتی نەوتدا بگرێت و تەقەی لە یەکێکیان کرد، بەڵام لەدوای گەیشتنی کەشتیی جەنگیی سوپای ئەمریکی بەناوی “یو ئێس ئێس ماکفۆوڵ،” هێزە دەریاییەکانی ئێران کشانەوە.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵیش لە گەرووی هورموز، ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکدا گرت کە بە گوتەی تاران، پێشێلی سنوورە ئاوییەکانی ئێرانی کردبوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەنگاوەکەی ئەمریکا بە هۆکارێك بۆ ئاڵۆزیی زیاتری ناوچەکە ناودەبات. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، “ئەمریکا هەرگیز ڕۆڵێکی بنیاتنەر و ئاشتییانەی لە ئاسایشی ناوچەکەدا نەبووە، ئەو جۆرە جووڵانە ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە دروست دەکەن. ئێران بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی خۆیەتی هەموو ڕێکارێک بۆ بەرپەرچدانەوە و پاراستنی ئاسایشی خۆی، بگرێتەبەر.”

لە لایەکی دیکەوە، بڕیاری بڵاوکردنەوەی هێزی ئاسمانیی زیاتر لە کەنداو، لەدوای ئەوە دێت، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا جموجۆڵی فڕۆکە جەنگییەکانی لەئاسمانی سوریادا زیادی کرد، کە بە گوتەی پێنتاگۆن، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هەراسان دەدەن.

حکومەتی سوید وەڵامی عێراقی دایەوە
پێشت حکومەتی سوید وەڵامی عێراقی دایەوە
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: مانگی شوبات چلەی زستانەو ئەستەمە هەڵبژاردنی تێدا بکرێت
دواتر ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: مانگی شوبات چلەی زستانەو ئەستەمە هەڵبژاردنی تێدا بکرێت
ەیوەندیدار