خوێندنی باڵای هەرێم چەند بڕیارێکی لەبارەی ئەنجامی وەرگرتن دەرکرد



وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دەربارەی ئەنجامی بەرایی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) لەبەرژەوەندی خوازیارانی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی هەرێم دەركرد.

وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە کۆبوونەوەی ژمارە (٢)ی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دوای ٩ كاتژمێر کۆبونەوەی بەردەوام چەند بڕیارێكیان دەركرد.

دەقی بڕیارەكان:
١- چەسپاندنی ئەنجامی بەرایی پڕۆسەی خوێندنی باڵا (دیبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی پەڵپ کە لەلایەن زانکۆکانەوە جێ بەجێ دەکرێت.

٢- ئەو پێشکەشکارانەی کە لەتاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەرچوون، بەڵام بەهۆی نەمانی کورسی خوێندن وەرنەگیراون، دەسەڵات دەدرێتە ئەنجومەنی زانکۆکان لەڕێگەی گواستنەوەی (موناقەلە)ی کورسییەکان لەهەمان بەشی زانستی یان زیادکردنی کورسی بەپێی توانای بەشە زانستییەکانیان یاخود بە هاوبەشی زانستی نێوان زانکۆکان، کورسی خوێندنیان بۆ دەستەبەر دەکەن و هەر کورسییەک کە لەڕێگەی گواستنەوە (موناقەلە) یاخود زیاد دەکرێت بۆ پلانی بنەڕەتی زانکۆکان، ئەوا بەشێوازی پارالێڵ دەبێت. ئەگەر زانکۆکان نەیانتوانی کورسی خوێندن بۆ بەشێک لە دەرچوان دەستەبەر بکەن بە پڕۆسەی سەرەوە، ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن لەم خولە، بەڵام دەستپێکردنی خوێندنەکەیان دەکەوێتە خولی داهاتو.

٣-دوای جێبەجێ کردنی خاڵی دووەم، ئەگەر لەو بەشانەی کە کورسیەکانیان بەهۆی دەرنەچوونی پێشکەشکاران پڕنەبۆوە، ئەوا کورسیەکانیان پڕدەکرێتەوە بە ڕەچاوکردنی ڕیزبەندی نمرەی توانستی زانستی پێشکەشکاران لە سەرجەم بازنەکان (خوێندنی باڵا، گشتی، و پارالێل) لە بەرزترین کۆنمرەوە بۆ نزمترین تاکو کورسییەکان پڕدەکرێنەوە، بەمەرجێک نمرەی توانستی زانستی بەدەستهاتو لە (١٠) کەمتر نەبێت و هەموو ئەو کورسییانەش خوێندنەکەیان بەشێوازی پارالێڵ دەبێت .

٤- کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی، ئەوانەی لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی نمرەکەیان لە (١٠) و بەسەرەوە بێت ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن.

٥- کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە ڕێژەی (٧٠%)، کە لەلایەن وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتییەوە پشت ڕاست دەکرێتەوە، کورسی خوێندنیان لە دەرەوەی پلان بۆ تەرخان دەکرێت، بەمەرجێک نمرەی توانستی زانستی بەدەستهاتو لە (١٠) کەمتر نەبێت .

٦- بڕیاردرا بە تەرخانکردنی کورسی خوێندن بۆ ناوچە دابڕیندراوەکانی هەرێمی کوردستان بەهەمان پێوەری خاڵەکانی (٤، ٥).

٧- بڕیاردرا ئامادەکاری بکرێت بۆ ڕاوندێکی تری خوێندنی باڵا، بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆکان ڕاسپێردران لەسەرەتای مانگی ٩ی ٢٠٢٣ پلانی نوێ ئامادە بکەن و بۆ وەزارەتی بنێرن.

وەزیری بەرگری فەڕەنسا دێتە هەولێر
پێشت وەزیری بەرگری فەڕەنسا دێتە هەولێر
دۆشاوی توو، بەرهەمێكی خۆماڵی پڕ لە سوود
دواتر دۆشاوی توو، بەرهەمێكی خۆماڵی پڕ لە سوود
ەیوەندیدار