كاتی دابەشكردنی مووچە نادیارە و هەرێم چاوەڕێی عێراقە



تا ئێستا یاسای بودجەی عێراق جێبەجێ‌ نەكراوە تاوەكو پشكی بودجە و مووچەی هەرێم ڕەوانە بكرێت و بەو هۆیەوە تا ئێستا كاتی دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نادیارە و حكومیەتی هەرێمیش چاوی لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ ناردنی مووچە بەپێی یاسای بودجە یان ناردنی 800 ملیار دینار هاوشێوەی دوو مانگی ڕابردوو.

دوابەدوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەهۆی بڕیاری دادگای پاریسەوە و ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر ڕادەستكردنی نەوت بەرامبەر بە ناردنی بودجە و دواتر پەسەندكردنی یاسای بودجە، حكومەتی هەرێم تەنها داهاتی ناوخۆ و پارەی هاوكاری هاوپەیمانان و داهاتی پاڵاوتنی نەوتی ناوخۆیی لەبەردەستە و وەك بەرپرسانی هەرێم دەڵێن: بەشی مووچە ناكات و زیاتر لە 600 ملیار دینار كورتهێنانیان هەیە، چونكە مووچە پێویستی بە 900 ملیار دینارە.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، دەبێت رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە دەربچێت و گرفتی لایەنی یاسایی نەماوە و چاوەڕوان دەكرێت ئەو رێنماییە دەربكرێت و تا ئەو رێنماییانە دەرنەچێت ناتوانێت كار بەیاسای بودجە بكرێت.

ڕاشیگەیاند، ئەگەر ڕێنمایی دەرنەكرا حكومەتی عێراق هاوشێوەی دوو مانگی ڕابردوو 800 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچە دەنێرێت و گرفت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دروست نابێت.

ئەمڕۆ 15ی تەمموز (7)ە و تا ئێستا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی (6) دیاری نەكراوە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە و سەرچاوەیەكیش وتویەتی، “ئەگەر ئەم هەفتەیە یاسای بودجە جێبەجێنەكرێت، دەبێت بەغداد 800 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكات بۆ دابەشكردنی مووچە”.

سەرچاوەیەك لە حكومەتی هەرێم بۆ میدیای فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان، كە وەزیری دارایی لە پشكی ئەو حزبەیە ڕایگەیاندووە، بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی 6 حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراقە.

وتوشیەتی، “ئەگەر لەم هەفتەیەدا یاسای بودجە جێبەجێنەكرێت، بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی شەش دەبێت بەغداد 800 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكات”.

 

دابەشكردنی دەرماڵەی خوێندكاران دەستی پێكرد
پێشت دابەشكردنی دەرماڵەی خوێندكاران دەستی پێكرد
“یەك لەسەر چواری خەڵكی بەریتانیا توانای كڕینی خۆراكیان نییە”
دواتر “یەك لەسەر چواری خەڵكی بەریتانیا توانای كڕینی خۆراكیان نییە”
ەیوەندیدار