شاندێکی حکومەتی هەرێم لە ئەوروپایە و داوای پشتیوانی نێوەوڵەتی دەکات



شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە ئەوروپایە و سەرۆکی شاندەکەش دەڵێت، هەر کەموکوڕییەك لە بوارەکانی دیموکراسی، ئازادییەکان و ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرابێت، پەیوەندییان بە سیاسەتی حکومەتەوە نییە.

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە سەردانێکی بۆ ئەوروپا و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ، ژان ئاسڵبۆرن، کۆبووەوە.

سەفین دزەیی لەوبارەیەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “لەگەڵ وەزیری دەرەوەى لۆکسەمبۆرگ، لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و هەڵبژاردنەوە قسەمان کرد. لەو گفتوگۆیەدا دووپاتمان کردەوە گرنگە کۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکەن؛ ئەو هەڵبژاردنەى دەبوو ساڵی ڕابردوو کرابا و لەبەر کۆمەڵێک هۆکار دوا کەوت، بۆیە گرنگە بەر لە کۆتاییی ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێم بکرێت”.
وتیشی: لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق کرا، “بەتایبەت ئەو گرفتانەى لە ئارادان، وەکو پێکهاتنی حکومەت و ڕێککەوتنەکانی هەردوو لا و یاساى بودجە و کەموکوڕییەکانی بودجە، هەروەها ئەو ئاستەنگانەى دێنە سەر ڕێگەى هەرێمی کوردستان”.
ڕاشیگەیاند لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەنابەران و ئاوارەکان کرا، “بەتایبەت ئێزدی و کریستییانەکانی دەشتی نەینەوا و ئەو خەڵکانەى شنگال، کە سەباری ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا، بەهۆى پەکەکە و هەندێک هێزی میلیشیایی، ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان”.
پرسی نەوت و ڕاگرتنی ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، باسێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە. لەوبارەوە دزەیی دەڵێت: “داوا کرا یەکێتیی ئەوروپا، لە پرسی نەوت و گاز و بودجە، پاڵپشتیی لێکتێگەیشتنی زیاتری نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بکات. لە هەمان کاتدا جەخت لە پاڵپشتیی دیموکراسی و ئازادییەکان و ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان کرایەوە”.

سەفین دزەیی وتیشی: هەر کەموموڕییەك لە بوارەکانی دیموکراسی و ئازادیی ڕۆژنامەگەریی بووبێت، “پەیوەندی بە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەبووە”.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەوەیخستەڕوو کە وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ، پاڵپشتیی خۆیانی بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان و هەر مەترسییەک لە ناوچەکەدا دەربڕی.

بڕیارە شاندەکەى حکومەتی هەرێم، سەردانی چەند وڵاتێکی دیکەى ئەوروپا بکەن و لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی دەرەوەى ئەو وڵاتانە کۆ ببنەوە.

بایدن؛ سەرۆکی چین دیکتاتۆرە
پێشت بایدن؛ سەرۆکی چین دیکتاتۆرە
سەوداکردنی ڕۆژانەمان، لە نێوان ویژدان و نرخی سەپێنراودا
دواتر سەوداکردنی ڕۆژانەمان، لە نێوان ویژدان و نرخی سەپێنراودا
ەیوەندیدار