زامنی سەرەکیی نەگواستنەوەی ڤایرۆسی تای خوێن بەربوون، بەرهەمهێنانی گۆشتە لە کوشتارگە فەرمییەکاندا



بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە زۆرێک لە شارەکانی عێراق، رێوشوێنی پێویست دەگیرێتە بەر و بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانیش هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان لە ئەنجامدانی قوربانی لە گەڕەکەکاندا.

ماوەی چەند مانگێکە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڵاوبۆتەوە، هەرێمی کوردستانیش بۆ پێشگرتن لەم جۆرە ڤایرۆسە کەوتۆتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە چەند ناوچەیەک هەڵمەتی جۆراوجۆریان دەستپێکردووە.

بۆ لەنزیکەوە ناساندن و چۆنیەتی خۆپارێزی و مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە پزیشکی ڤێرتەرنەری و بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی زانیاری دەخاتەڕوو؛

لەبارەی چۆنیەتی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە و ئەو زیندەوەرانەی دەبنە ئامانجی ئەم جۆرە ڤایرۆسە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی د.شاڵاو عارف دەڵێت، ”ڤایرۆسەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، واتە لە مرۆڤێکی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤێکی ساغ و تەندرووست، ئەویش لەڕێگەی بەرکەوتنی راستەخۆ لەگەڵ دەردراو و خوێن و شلەی مرۆڤە تووشبووەکەوە.

 

ئەو مرۆڤانەی ئامانجی ڤایرۆسەکەن پۆلێن دەکرێن، لە ڕاوچییەکانەوە دەستپێدەکات کە مامەڵە لەگەڵ گۆشت و خوێنی ئاژەڵە کێوییەکاندا دەکەن. پاشان ئەو خاوەنکار و کرێکارەی لە کێڵگەیەکی ئاژەڵداریدا کار دەکەن بەبێ ئەوەی ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی بگرنە بەر، هەروەها ئەو کەسانەی دووکانی گۆشتفرۆشییان هەیە و مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵە سەربڕدراوەکاندا دەکات، ژنێک لە ماڵەوە کە مامەڵە لەگەڵ گۆشتی ئاژەڵەکان و بەروبوومەکانیاندا دەکات و ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی ناگرێتە بەر وەک گۆشفرۆشەکە، هەروابێتەوە ئەو کارمەندانەی لە کوشتارگەکاندا مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵەکاندا دەکەن دەبنە ئامانجی ڤایرۆسەکە و نەخۆشییەکە، هەموو ئەمانە لە حاڵەتێکدان ئەگەر خۆپارێزی بەرامبەر ڤایرۆسەکە ئەنجام نەدرابێت.”

”لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆشت بۆ ٦٠ پلەی سیلیزی، لە ماوەی ١٥ خولەکدا ڤایرۆسەکە بەتەواوی لەناو دەچێت”

لەبارەی خۆپارێزییەکانیشەوە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی، د. شاڵاو عارف دەڵێت، “خۆپارێزییەکان لە کێڵگەوە دەستپێدەکات، دەبێت ئەو کەسانەی لە کێڵگەکاندا کار دەکەن، دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت و جزمەیان لەپێدا بێت کە لە دوای هاتنەدەرەوەیان لە کێڵگەکەیان هەموویان دابنێن و دەستوپل و دەموچاویان هەموو بە ئاو و سابوون پاکژ بکەنەوە و جلوبەرگی ماڵەوە لەبەر بکەن، نەک بەو جلانەی لە کێڵگەکەدا بەکاریان هێناوە بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە، ئاژەڵەکانیان دەبێت دژە مشەخۆرەکانیان بۆ بەکاربهێنرێت، بە بەکارهێنانی دژە مشەخۆرەکان، بەتایبەتی ئەوانەی ماددەی کلۆریان تیادایە و ڤایرۆسەکە هەستیاریی زۆری بەرامبەر بە کلۆر هەیە، ڕێگری لە گەنەکان دەکرێت ڤایرۆسەکە بگوازنەوە و کۆنترۆڵ بکرێت، لە دوای کێڵگەکان پێویستە خۆپارێزی و هەڵمەتی لەناوبردنی ڤایرۆسەکە لە کوشتارگەکاندا ئەنجام بدرێت، پێویستە کوشتارگەکان ڕێوشوێنی تایبەت بە گەیشتنی ئاژەڵێک کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە بگرێتە بەر، ئەمەش لەڕێگەی تیمێکەوە دەبێت کە پشکنین پێش کوشتار دەخرێت.

 

دەشڵێت؛ نیشانەکانی تا ڕادەیەک لەناو ئاژەڵەکاندا لاوازە و زۆر زەق نییە، بەڵام بوونی مشەخۆری دەرەکی ئاماژەیە بۆ ئەگەری بوونی ڤایرۆسەکە لە لاشەی ئاژەڵەکەدا، بۆیە گرنگە پێش قۆناغی کوشتارکردن تیمێکی پزیشکی پشکنینی ورد بۆ ئاژەڵەکان و نیشانە کلینیکییەکانیان بکەن، ئەگەر ئاژەڵەکە مشەخۆری گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکەی هەبوو نابێت بهێڵدرێت بگوازرێتەوە بۆ قۆناغی کوشتارکردن، هەروەها پێویستە ڕۆژانە چاودێریی کارمەندەکان بکرێت و کەلوپەلەکانی ناو کوشتارگەکەیش ڕۆژانە بە دژەڤایرۆسەکان پاکژ بکرێنەوە، هەروەها دەرمانی دژە مێروو و دژە مشخۆر لەو شوێنانەدا بڕشێنرێت کە ئاژەڵەکانی تیادا گل دەدرێتەوە بۆ کوشتار، ئەم پرۆتۆکۆلە ورد وچڕەی لە کوشتارگەکاندا دەگیرێتەوە بەر تاوەکو گۆشتفرۆشییەکان مەرج نییە تەنها بۆ ڕێگریکردن بێت لە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی وەک تای خوێنبەربوون، بەڵکوو دەشێت بۆ پارێزگاریکردنیش بێت لە دەیان جۆر نەخۆشیی دیکە، بۆ پارێزگاریکردن بێت لە بەرهەم و هاووڵاتی و سیستمی سەلامەتیی گشتیی کۆمەڵگە، لە دووکانی گۆشتفرۆشیدا، گرنگە گۆشتفرۆشەکە دەستکێش بەکار بهێنێت و جلوبەرگی خاوێن بێت، کەلوپەلەکانی پاکژ بکاتەوە و ڕۆژانە دژە ڤایرۆسەکان بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی لە ئەگەری بوونی ڤایرۆس لە دووکانەکەدا، لەڕێی دژە ڤایرۆسەکەوە لەناو ببرێت.


بە وتەی د. شاڵاو، ئەم ڤایرۆسە زۆر هەستیارە لە بەرامبەر پلەی گەرمیی بەرزدا، لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ ٦٠ پلەی سیلیزی، لە ماوەی ١٥ خولەکدا ڤایرۆسەکە بەتەواوی لەناو دەچێت، رێکار و شێوازی کوڵاندن زامنی سەد لە سەدی لەناوچوونی ڤایرۆسەکە دەکات، واتە بە کوڵاندن ڤایرۆسەکە لەناو دەچێت. لە لایەکی دیکەیشەوە لە پلەی گەرمیی خوار ٢٠ پلە، ڤایرۆسەکە هیچ جۆرە چالاکییەکی نامێنێت، بەڵام بە ڕێگەی برژاندن گومانی تیادا نییە کە ئەو پلەیە ناگاتە هەموو بەشەکانی گۆشتەکە یان کەبابەکە و ڕەنگە تەنها بگاتە ڕووکاری دەرەوەی، لەم حاڵەتەیشدا ئەگەر ڤایرۆسەکە لە گۆشتەکەدا بوونی هەبێت، ئەگەری گواستنەوەی هەیە.

زامنی سەرەکیی نەگواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە، بەرهەمهێنانی گۆشتە لە کوشتارگە فەرمییەکاندا، ئەویش لە دوای گرتنەبەری تەواوی ڕێوشوێنە تەندرووستییەکان و پشکنینی پزیشکی بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەکە،بەم شێوەیە هاووڵاتی زەرەرمەند نابێت و زیان بە سەلامەتیی گشتیی کۆمەڵگەیش ناگات”.

بەشێک لە باڵندەکانیش هۆکارن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە مرۆڤیش ڕاستەوخۆ دەیگرێت و تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە پزیشکانی پسپۆڕەوە وەرگیراون، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و جۆری ڤایرۆسەکە پێی دەگوترێت نۆرۆڤایرۆس، لە جۆری تای خوێنەبەربوون کە لێرە بڵاوبووەتەوە ناو دەبرێت بە “کۆنگۆ هیومۆرۆجیک فیڤەر – تای خوێنبەربوونی کۆنگۆ” ئەو جۆرەیە کە لە نیمچەدوورگەی کرایمیان و وڵاتی کۆنگۆوە سەرچاوەی گرتووە و دەستی پێکردووە کە نەخۆشییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی چلی سەدەی رابردوو، لە عێراقدا، لە کۆتایی ساڵانی حەفتای سەدەی رابردوودا یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە. لە دوای ئەو ماوەیەوە ساڵانە وەک نەخۆشییەکەی ئێندیمیکی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، ئێندیمیک واتە لە شوێنێکی دیاریکراودا بوونی هەیە و بڵاودەبێتەوە.

زانیارییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە لە ساڵی ٢٠٢٢، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە پارێزگاکانی عێراقدا جگە لە پارێزگای سلێمانی، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا، لەمساڵیدا بەهەمان شێوە نەخۆشییەکە لە پارێزگاکانی باشوورەوە دەستیپێکرد بۆ ناوەڕاست و لەئێستایشدا پارێزگاکانی باکووری عێراقیشی گرتووەتەوە، بەتایبەتی پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە، تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیشدا، لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک حاڵەتی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە، بەڵام لە پارێزگای سلێمانی هیچ حاڵەتێکی ئەو نەخۆشییە تاوەکوو ئێستا تۆمار نەکراوە.

نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دوو جۆر ئاژەڵی کێوی و ماڵی دەکاتە ئامانج

مەبەست لە ئاژەڵە ماڵییەکان ئەوانەن کە بۆ بەرووبوومەکانیان لە کێڵگەکاندا بەخێو دەکرێن، هەروەها ئەو ئاژەڵانەیش کە وەک حەز و خولیا لە ماڵەکاندا بەخێویان دەکەن، تەنانەت بەشێک لە باڵندەکانیش هۆکارن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، مرۆڤ ڕاستەوخۆ دەیگرێت و تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت.

وەک پزیشکان ئاماژەی پێ دەدەن، خاڵی ئەرێنیی ئەم پەتایە ئەوەیە کە ئەگەر خودی ڤایرۆسەکە لە ژینگەدا بێت، راستەخۆ خۆی ناتوانێت نەخۆشییەکە بگوازێتەوە، بەڵکوو دەبێت گوێزەرەوەیەکی هەبێت تا بگاتە ئامانج و نێچیرەکەی، جا چ ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ، ئەو گوێزەرەوەیە پێی دەگوترێت گەنە. جۆری گەنەکە لە ڕووی زانستییەوە لە جۆری هایەلۆمایە، ئەم جۆرە گەنەیە ڕاستەخۆ ڤایرۆسەکە دەگەیەنێتە لەشی مرۆڤەکان یاخود ئاژەڵەکان و تووشی نەخۆشییەکەیان دەکات، یان ئەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵێکی تووشبووەوە بۆی دەگوازرێتەوە، ئەویش لەڕێی مامەڵەکردن لەگەڵ بەروبوومی ئاژەڵەکەدا، لەگەڵ خوێن و دەردراوی ئاژەڵەکەدا بەرکەوتەی دەبێت و لەڕێی برینی کراوەوە یاخود لەڕێی پاکژنەکردنەوەی دەستوپلەکانمان لەڕێگەی دەمەوە ڤایرۆسەکە دەگاتە لەش و تووش دەبین.

٢٢ خێزانی ئاوارە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان
پێشت ٢٢ خێزانی ئاوارە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان
“چەق بەستووییەک لە هەرێمدا درووستبووە”
دواتر “چەق بەستووییەک لە هەرێمدا درووستبووە”
ەیوەندیدار