لە بازگە و دەروازە سنوورییەکانی هەرێم رێکار، دژ بە تای خوێنبەربوون دەگیرێتەبەر



بە هۆی تای خوێنبەربوون ساڵی رابردوو چوار حاڵەت لە هەولێر تۆمار کراون کە دوو لەوانە گیانییان لەدەستدا، ئەمساڵیش تا ئێستا پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان لە هەرێمی کوردستان هەبووە کە سێ حاڵەتیان لە هەولێر، یەک حاڵەت لە سلێمانی و یەک حاڵەتیش لە دهۆک بووە.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، دکتۆرە بێریڤان عەدنان ئەسعەدی ئاماژە بەوە دەکات نەخۆشییەکە بە رێگای راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئاژەڵفرۆش و قەسابەکان پێویستە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستیی دکتۆرە بێریڤان عەدنان ئەسعەدی دەڵێت: “هەموو ساڵێک لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی گەرما، بەهۆی حەشەرەیەکەوە کە پێی دەڵێن گەنە دەگوازرێتەوە کاتێک ئەو گەنەیە بە ئاژەڵێکەوە دەدات و مەرج نیيە هیچ نیشانەیەکی لەسەر دیاربێت، لە هەندێک حاڵەتەدا ئەگەر ئاژەڵەکە مێینە بێت دەبێتە هۆی لەبارچوونی بێچووەکەی، یان هەندێکجار گەنە بە قەساب یان ئەو هاووڵاتییەوە دەدات کە ئاژەڵ بەخێودەکات و ئەوانە بەشێوەیەکی راستەوخۆ تووشی تای خوێنبەربوون دەبن”.

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، بەھۆی گەنەیەکەوە کە ڤایرۆسەکەی ھەڵدەگرێت لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ھەرچەندە نیشانەکانی لەسەر ئاژەڵ بەدیار ناکەوێت، بەڵام لە مرۆڤدا نیشانەکان دەردەکەون و تا ئێستاش ٤٨٦ حاڵەت لە عێراق تۆمارکراون کە ١٧٢ لەوانە پشتڕاستکراوەتەوە و، ٣٧ حاڵەتی گیانلەدەستدانیش هەبووە، هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.

ئەم نەخۆشییە لە رێگای ھەواوە ناگوازرێتەوە بەڵکو لە رێگای خوێن و شلەکانی دیکەی لەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکەوە دەگوازرێتەوە.

دکتۆرە بێریڤان عەدنان ئەسعەدی وتیشی: “بەشێوەی ناڕاستەوخۆش هەیە کە بریتییە لە بەرکەوتە لەگەڵ شلەمەنی (خوێن، لیک، میز)ی ئاژەڵەکە، لەوکاتەدا کەسەکە تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، یان کاتێک تووشبووەکە دەچێتە نەخۆشخانە و پشکنینی بۆ دەکرێت، کارمەندانی تاقیگە ئەگەر بەرکەوتەی شلەکە (خوێن، لیک، میز) بن ئەوا تووشی ڤایرۆسەکە دەبن”.

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتیین لە تا، بێھێزی، ژانەسەر، بێتاقەتی، رشانەوە و ئازاری جەستە، دواتر نیشانەکان دەگۆڕدرێن و نیشانەکانی خوێنبەربوون دەست پێ دەکات بەجۆرێک لەژێر پێست پەڵەی شین دەردەکەوێت، رەنگی میز خوێناوی دەبێت و دواتریش لە لووتی خوێنپژان روودەدات، چاوەکانی سوور ھەڵدەگەڕێن و ھەرچی بۆشایی ناو لەشی ھەیە خوێنی تێدەزێت.

بە وتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەندێکجار بەر لە هەستکردن بە نەخۆشییەکە، کەسی تووشبوو ڤایرۆسەکەی بۆ کەسێکی دیکە گواستووەتەوە و لەمبارەیەوە دکتۆرە بێریڤان ئەسعەدی وتی: “ڤایرۆسەکە لە سێ تا حەوت رۆژ لەناو لەشی کەسێکی تووشبوو دەبێت ئینجا هەستی پێ دەکرێت، لەم حاڵەتەشدا تووشبووەکە لەم ماوەیە رەنگە توانیبێتی نەخۆشییەکە بڵاوبکاتەوە بێ ئەوەی خۆی هەستی پێبکات و هیچ نیشانەیەکی دەرکەوتبێت، بە گشتی لەسەدا ٤٠ی تووشبووەکانیش دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان”.

لەبارەی ژمارەی تۆمارکراوە تووشبووەکان لە هەولێر، دکتۆرە بێریڤان عەدنان ئەسعەدی وتی: “لە هەولێر سێ حاڵەتی پشتڕاستکراوە هەبووە، دوو لەوانە گیانیان لەدەستداوە و ئەوەی دیکەش لە ژێر چاودێری پزیشکییدایە و هیوادارین زوو چاک ببێتەوە، رەنگە هەندێک کەس هەبووبێت نیشانەکانیشیان دیار نەبووە و خوێنیان لێ وەرگیراوە و پۆزەتیڤ بووە، بەڵام ئەوانە بە سووکی گرتوویانە و زوو چاک دەبنەوە”.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە رێگای سێ تیمی جیاوازەوە کار لەسەر رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی دەکەن و هاوکات وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێنمایی بۆ هەمان مەبەست دەکردووە و لەنێویاندا سەربڕینی ئاژەڵی لە نێو ماڵان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکردووە.

دکتۆرە بێریڤان عەدنان ئەسعەدی جەختیشی لە جێبەجێکردنی رێنماییەکان کردەوە و وتی: “ئێستا بەرەو جەژنی قوربان دەچین و لەو بۆنەیەدا زیاتر ئاژەڵ سەردەبڕدرێت و قەساب و هاووڵاتییانیش زیاتر بەرکەوتە دەبن، بۆیە پێویستە قەسابەکان پەیڕەوی رێنماییەکانی تەندروستی بن و جلوبەرگی خۆپارێزی بەکاربهێنن و ئەو ئاژەڵانەی کە هەست دەکەن نەخۆشن ئەوا لێی دووربکەنەوە”.

دکتۆرە بێریڤان وتیشی: “هاووڵاتییانیش هەوڵبدەن لەو شوێنانە گۆشت بکڕن کە پێشتر ئاژەڵەکە سەربڕدراوە و گۆشتەکە لە شوێنی ساردکەرەوەدا هەڵگیراوە نەک راستەوخۆ لەلای قەساب گۆشتەکە بكڕن و بیبەنەوە ماڵەوە و مامەڵە لەگەڵ گۆشتەکە بکەن، لەم حاڵەتەشدا پێویستە بە دەستکێش گۆشتەکە بخرێتە ناو بەفرگرە و ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەسەریدا تێپەڕێت ئینجا ئامادە بکرێت بۆ خواردن”.

لەبارەی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و هەوڵی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستیی، دکتۆرە بێریڤان عەدنان ئەسعەدی وتی: “سێ بەش لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن، تیمی نەخۆشییە گوزراوەکان کە چاودێری نەخۆش دەکەن لە نەخۆشخانەکان، تیمی چاودێری تەندروستی کە زۆرجار لەگەڵ ئاسایش و لیژنەکانی قایمقامییەت سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە لەسەر شەقامەکان گۆشت دەفرۆشن و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرنە بەر، تیمی هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ هاووڵاتییان، هەروەها لە دەروازە سنوورییەکان و لە بازگەکانیش تیمی تایبەتمان هەیە بۆ ئەوەی کار لەسەر ئاژەڵفرۆشان، قەساب و کارمەندانی تەندروستی بکرێت”.

ئەو بەڕێوەبەرەی کاروباری پاراستنی تەندروستیی جەختیش لەوە دەکاتەوە کە لەم وەرزەدا پێویستە دەغڵودان بڕشێندرێن هەروەها حەوزی تایبەتیش هەبێت کە دەرمانی تێ بکرێت و ئاژەڵەکان بەناو حەوزەکەدا بڕۆن بۆ ئەوەی گەنەکە لەناو بچێت.

بۆ یەکەم جار ژنێک بوو بە سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا
پێشت بۆ یەکەم جار ژنێک بوو بە سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا
کێ دەبێتە پاڵەوانی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا؟
دواتر کێ دەبێتە پاڵەوانی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا؟
ەیوەندیدار