تیمی خۆرخی، ئەو تیمەی ٢٠ ساڵە هۆکاری ئاشووب و ئاژاوەی وڵاتانن



“تیمی خۆرخی”، ئەو تیمە”ئیسرائیلییەی” کە ٢٠ ساڵە هۆکاری ئاشووب و ئاژاوەی بەشێک لە وڵاتانی جیهانن و دەستکاری هەڵبژاردنی دەیان وڵاتیان کرد.

لە تێکدانی دۆخی وڵاتاندا دەستێکی باڵایان هەبوو، دەستکاری ئەنجامەکانی زیاتر لە ٣٠ هەڵبژاردنیان لە سەرانسەری جیهان دا، کردووە و  سەدان زانیاری هەڵەشیان لە پەڕە جیاوازەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاو کردووەتەوە و پێڕستی کارە ئاژاوەگێڕییەکانیان بێ کۆتایە.

بفەرموون ئاشنا بن بە چیرۆکی تیمی “خۆرخی” ئیسرائیلی، کە لەڕێی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی کارەکانی ئاشکرا بوو.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بەشێک لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەی تایبەتی لەسەر تیمێکی خانەنشین لە بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل بڵاوکردەوە، کە لەلایەن ئەفسەرێکی پێشووی سوپای ئیسرائیل بەڕێوە دەبرا، کە دانیان بەوەدا ناوە دەستوەردانیان لە زیاتر لە ٣٠ پرۆسەی هەڵبژاردن لە سەرانسەری جیهاندا کردووە و دەستکاری ئەنجامەکانیان کردووە، لەڕێی هاککردن و تێکدان و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لە سۆشیال میدیا.

لێکۆڵینەوەکە لەلایەن “کۆنسۆرتیۆمی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسانی بنکۆڵکار” ئەنجامدراوە، کە لەخۆگری تۆماری ڤیدیۆیی و دەیان بەڵگەنامەی نهێنییە.

“تیمی خۆرخی” ئیسرائیلی کێن؟

لە باڵەخانەیەکی بچووکی کارگێڕییەوە، کۆمەڵەیەکی بچووک لە خانەنشینە ئیسرائیلییەکان، کردەی ئاژاوەگێڕییان بەسەر جیهاندا پەخشدەکرد، کە بریتی بوون لە؛

ماکس، کە ناوی ڕاستەقینەی ماشی میدانە، و تەمەنی ٦٣ ساڵە.

کارامەییەکانی، خۆی دەبینێتەوە لە جەنگی دەروونی، ئۆپەراسیۆنەکانی کاریگەری.

ڕۆڵ: ڕاوێژکار و دانەری ستراتیژ.

پێشینەی کار: هەواڵگری پێشوو، لە دەزگای مۆساد.

خۆرخی، ناوی ڕاستەقینەی تال حەنان، تەمەنی 51 ساڵە.

کارامەیی: هاککردن، زیرەکی سیاسی و بازرگانی، و زانیاری ناڕاست.

ڕۆڵ: سەرۆک.

پێشینە: ڕاوێژکاری ئاسایش و بەرگریی.

نیک، ناوی ڕاستەقینەی زۆهار حەنان، تەمەن 55 ساڵ.

کارامەیی: هەواڵگری، هاککەری دارایی و کاریگەریکردن لەسەر کارەکان.

ڕۆڵ: بەڕێوەبەری جێبەجێکار.

پێشینە: هەواڵگری پێشوو، شارەزای پۆلیگراف، کە ئامێری ئاشکراکردنی درۆیە.

بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامەی هائارێتزی ئیسرائیلی، ئەو ئۆفیسەی کە “خۆرخی” چالاکییەکانی لێ بەڕێوە دەبات، لە نهۆمی سێیەمی بینایەکی نادیار و نیوە چۆڵە بەرامبەر بە ناوەندێکی بازرگانی لە ناوچەیەکی پیشەسازیدا.

لەسەر دەرگای پێشەوە هیچ ناو و ئاماژەیەک بۆ ناسنامەی کاری ئەم ئۆفیسە نییە.

زیاتر لە دوو دەیە تیمە ئیسرائیلیەکە ئۆپەراسیۆنی شاراوەی دەستکاریکردنی هەڵبژاردنیان لە وڵاتە جیاوازەکاندا ئەنجام داوە، چالاکییەکانی “تیمی خۆرخی” تەنیا لە دەستکاریکردنی هەڵبژاردنەکاندا نەوەستا، بەڵکو درێژ دەبووەوە بۆ هەر بوارێک کە لە ڕێگەیەوە “ئاژاوە” بڵاوبکەنەوە.

نزیکەی ١٥ ساڵ لەمەوبەر دەزگایەکی ئەمنی ئیسرائیل، ڕاپۆرتێکی دارایی لەبارەی سەروەت و سامانی ئێران و حزبوڵڵا لە “تیمی خۆرخی” دەستکەوت، کەسێکی ئاگادار لەو بابەتە بە ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکەی ڕاگەیاندووە: “ئەمە سەدان هەزار دۆلاری تێچووە بۆ ئیسرائیل و دەرکەوتووە کە راپۆرتەکە ساختەیە “.

لە ئەندەنوسیا، ئەم تیمە بانگەشەی ئەوەیانکرد، کە لەپشت هێرشە ئەلیکترۆنیەکەی ساڵی 2019ی کۆمپیوتەرەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەن، پلانی هێرشەکە وا دەردەکەوت لە چینەوە پەلامارەکە ئەنجامدراوە تا کاندیدێکی سیاسی وەک ڕکابەری چینییەکان بخاتەڕوو.

لەهەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا، “تیمەکە” بەرپرسیار بووە لە هێرشی DDoS کە ئامانج لێی تێکدانی ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٤ بوو بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا، هەرچەندە لە کۆتاییدا ڕیفراندۆمەکە بەو شێوەیەی کە دیاریکرابوو ئەنجامدرا.

لە ترینیداد و تۆباگۆ، ئیمەیڵی بەڕێوەبەری نووسینگەی کاملا پێرساد بێسار، سەرۆکوەزیرانی ئەوکات هاک کرا، بەڵگەنامەیەکیان دزەپێکرد تا قەیرانێکی سیاسی پێدروست بکەن.

لە بەریتانیا بەپێی ئەو دانپێدانانانەی لە ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەردا بڵاوکراونەتەوە، “هاکەرە ئیسرائیلییەکان” بەڵگەنامەکانی کامبریج ئەنالیتیکایان پێشکەشکردووە کە گوایە بە هاککردن بەدەستیان هێناوە.

کۆمپانیای کامبریج ئەنالیتیکا لە ناوەندی ئەو فەزیحەیەی فەیسبووکدا بوو کە لە ساڵی ٢٠١٦دا داتای ملیۆنان بەکارهێنەری ئەمریکی دزەپێکرد و کۆمپانیاکە ئەو داتایانەی بەکارهێنا بۆ کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەو ساڵەدا، دواتر کۆمپانیا زەبەلاحەکەی سۆشیال میدیا زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار سزا درا.

لە ڤەنزوێلا، حەنان، کە یەکێک لە ئەندامانی تیمەکەی خۆرخێ یە، بانگەشەی ئەوەی کرد، زانیاری ناڕاستی داوەتە ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵی ABC لە دژی هوگۆ چاڤێز سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە لە هەوڵێکدا بۆ کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٢.

هاوکات لە مەنگۆلیا، بەڵگەنامەیەکی پێشکەش بە سیاسەتمەداری کۆچکردوو باتخۆ گواڤا کردووە کە پێدەچوو زانیاری دارایی نهێنی تێدابێت.

مەغریب، کینیا، هیندستان، ئەمریکا، لە لیستی ئەو وڵاتانەن کە دەستی ئەم تیمەیان بۆ ئاژاوەگێڕی پێگەیشتووە.

لە مەغریب، بە بەکارهێنانی هاشتاگی #PolisarioCrime ساڵی ٢٠٢٢، هەڵمەتێکیان دەستپێکرد و بانگەشەی ئەوەیان کرد، بزووتنەوەی ڕزگاری بیابانی ڕۆژئاوا (بەرەی پۆلیسیاریۆ) پەیوەندی بە حزبوڵڵا و ئێرانەوە هەیە.

لە بەریتانیا، لە ساڵی ٢٠٢١، بەشداری لە هەڵمەتێکی ئەرێنیدا کرا سەبارەت بە کلینیکێکی بەریتانیا کە لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بوو بەهۆی دابینکردنی ئەنجامی ناڕاست بۆ ڤایرۆسی 19 Covid .

لە هیندستان و سریلانکا، لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢، تیمی خۆرخی ئیسرائیلی، کەمپینێکیان لە تویتەر و لینکیدئین بەڕێوەبرد، گوایە دینیش پاندای خاوەنی کۆمپانیای ساماگ “گەندەڵ”ە.

لە کینیا، ئەکاونتی تێلێگرامی هاککراوی پێنج ئەندامی دیار لە کەمپەینی ڕۆژنامەنووسانی نهێنی ویلیام ڕوتۆیان خستەڕوو، ڕوتۆ لە درێژەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و ئێستا سەرۆکی وڵاتە و دوو کارمەندی بانگەشەی هەڵبژاردن کە ئەکاونتەکانیان هاک کرابوو، ئێستا تۆمەتبارن بە هاککردنی سیستمەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە پێناو “دزینی” دەنگەکان.

ئاشکراکردنی “تیمەکەی خۆرخی” بووەتە مایەی شەرمەزاری بۆ ئیسرائیل، بەتایبەتی کە لەماوەکانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ڕەخنە و فشاری دیپلۆماسی زیاتر بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی هەناردەکردنی ئامێری سیخوڕی ئەلیکترۆنی کە بۆ تێکدانی باری ئاسایی وڵات و پرۆسەی دیموکراسی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەکاردەهێنرێت، کە دیارترینی ئەو سیستمە سیخوڕییانە سیستمی پێگاسۆسە.

یەکێک لەو کارانەی کە لەلایەن تیمی خۆرخی، لە لایەن ڕۆژنامەنوسانی بنکۆڵکار پێی گەیشتوون، پاکێجێکی پێشکەوتووی چارەسەری میدیای کاریگەرییە کە بە ئامانجەکان ناسراوە.

ئەم پاکێجە کۆنتڕۆڵی سوپایەکی گەورەی هەزاران پڕۆفایلی ساختە دەکات لە پەڕەکانی سۆشیال میدیا، وەک تویتەر، لینکیدئین، فەیسبووک، تێلێگرام، جیمەیڵ، ئینستاگرام، یوتیوب، هەروەها هەندێک ئەکاونتی ساختە لە ئەمازۆن و ئایربینب، کە بە کارتی بانکیی و جزدانی بیتکۆین تەیارکراون .

 

 

چەند ڕێگایەک بۆ دۆزینەوەی کامێرای نهێنی
پێشت چەند ڕێگایەک بۆ دۆزینەوەی کامێرای نهێنی
جارێکی دیکە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دواخرا
دواتر جارێکی دیکە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دواخرا
ەیوەندیدار