بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، بەشێک لە زەوییە چێنراو بە گەنمەکانی هەڵەبجەی ژێرئاو خستووە



بەهۆی بارانی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان کە بەشێکی زۆری پشت بە ئاوی چەم و رووبارەکانی هەرێمی کوردستان دەبەستێت، بەشێک لە زەویەکانی نزیک دەریاچەکە ژێرئاو کەوتوون و بەهۆیەوە ئەو گەنمەی لە ناوچەکەدا لەلایەن جووتیارانەوە چێنراوە و لەگەڵ ئەوەی ئێستا نزیکە لە وەرزی دوورینەوەیان، نوقمی ژێرئاو بوون.

نەورۆز عەتا حەسەن (٢٥ ساڵ) کە یەکێکە لەو جووتیارانەی لەنێو زەوی دەریاچەکەدا گەنمی چاندووە و نوقم بووە، باس لەوە دەکات کە زۆربەی گەنمەکەیان ژێرئاو کەوتووە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان و دەڵێت ”ئەمساڵ بەڕێژەیەکی بەرچاو ئاستی ئاوی گلدراوەی بەنداوی دەربەندیخان زیادی کردووە لەسەر رووباری سیروان، بەڵام زیانیشی گەیاندووە بە کشتوکاڵ، بەتایبەت لە نزیک حەوزەی شارەزوور، ساڵانە لەم کاتەدا کەم و زیاد دەکات، بەڵام بەهۆی زۆر دابارین لەمساڵدا، ئاستی ئاو زۆر زیادی کردووە و بەشێک لە زەویە کشتوکاڵییەکانی نزیک بەنداوکە کەوتوونەتە ژێر ئاو، بەتایبەت زەوییەکانی کشتوکاڵی گەنم کە لەئێستادا نزیکە لە وەرزی دوورینە”.

لەبارەی زیانەکانەوە ئەو جووتیارە دەڵێت ”زیانی ژێرئاو کەوتنی گەنمەکان زۆرە، بەڵام چاوەڕوان کراوە، مانگی شوبات تاوەکو مانگی حوزەیران حکوومەت هەموولایەک ئاگادار دەکاتەوە، لەکاتێکدا هەموو ئەم خاوەن زەوییانە قەرەبوو کراونەتەوە پێشتر لە ساڵانی هەشتاکاندا. پێشتر لە ٢٠١٩دا، جارێکی تر ئاستی ئاوی بەنداوەکە گەیشتە ئەم زەوییانە”.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، ستار مەحمود لەبارەی هۆکاری سەرەکی ئەو زیانانە و چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو زەویانە قەرەبوو کراونەتەوە و جووتیاران کاتێک گەنمی تێدا دەچێنن، سەرکێشییە، بۆیە هەندێک جار بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکەوە زیانیان بەردەکەوێت و دەڵێت ”سەبارەت بەو جووتیارانەی کە گەنم دەچێنن لە نێو زەوییەکانی دەریاچەی سیروان، بەڵام ئەم ساڵانەی دوایی و بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاو نەدەهاتە نێو ئەو زەوییانەوە، جووتیاران گەنمیان تێدا دەچاند، بۆ ئەمساڵیش رێژەیەک لەو جووتیارانە زەوییەکانیان کردووە بە گەنم، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی سیروان، گەنمەکان داپۆشراون”.

لەبارەی زەوییەکانی نزیک لە دەریاچەکە بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دەریاچەیە سێ هێڵی بۆ دیاریی کراوە، دوو هێڵیان لەکاتی سەرڕێژ بوونی بەنداوەکە دادەپۆشرێت، هێڵی سێیەمیان دەمێنێتەوە کە وەکو پارێزگاری لە بەنداوەکە دروست کراوە.

لەبارەی ئەو زەویانەی بەر زیانی بەرزبوونەوەی ئاوی دەریاچەکە دەکەون، ستار مەحمود دەڵێت ”هەڵبەت لە سنووری دەریاچەی سیروان، ئەو بەشەی دەکەوێتە نێو پارێزگای هەڵەبجە، هەشت هەزار دۆنم زەوی دەکەوێتە ناو دەریاچەکەوە کە جووتیاران بە گەنم و دەغڵودانی تر دایدەچێنن. لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی سلێمانی کە قەزای سەیدسادق و شارەزوور دەکات، ئەوانیش رووبەرێکی زۆریان دەکەوێتە دەریاچەکەوە، چەندین ساڵە ئەم حاڵەتە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام جووتیاران خۆیان سەرکێشی دەکەن، بە چاندنی گەنم لەو زەویوزارانە، بەڵام هاوکات خۆیشیان تەحەمولی بەرپرسیارێتیان کردووە، بۆیە هیچ سکاڵایەک نەهاتۆتە لای ئێمە، لەکاتێکدا ئەگەر بێتە لای ئێمەش ناتوانین هیچیان بۆ بکەین، چونکە پێشتر قەرەبوو کراونەتەوە و ئەو ناوچەیە وەکو موڵکی بەنداوەکە و دەریاچەکە دیاریی کراوە”.

“تا کات لەبەردەستدا ماوە بەفەرمی چەکەکانتان تۆماربکەن”
پێشت “تا کات لەبەردەستدا ماوە بەفەرمی چەکەکانتان تۆماربکەن”
هێلکەکە گەیشتە سلێمانی
دواتر هێلکەکە گەیشتە سلێمانی
ەیوەندیدار