ئەمڕۆ 101هەمین ساڵوەگەڕی لەدایكبوونی حەسەن زیرەكە



حەسەن زیرەك گۆرانیبێژی نێوداری كورد، ھونەرمەند و موزیكزانی سرووشتی لە29ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە مەڵبەندی موكریان لە گوندی هەرمێلەی نێوان شارەكانی بۆكان و سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە و لە 26ی حوزەیرانی١٩٧٢ لە بۆكان كۆچی دوایی كردووە، هەر لەوێ لە ناڵەشكێنە بەخاك سپێردراوە.
ئەو یەكێكە لە بەنێوبانگترین ھونەرمەندانی كورد، بەرچاوترین كاری ئەو كۆكردنەوەی گەنجینەیەك لە ھونەری ئاواز و گۆرانی كوردییە بە دەنگی خۆی.
زیرەك باوكی ناوی عەبدوڵڵایە و دایكی ئامینی ناو بووە، باوكی لە لای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە كاری كردووە، لە بەر لێھاتوویی بە زیرەك ناوی دەركردووە. ناوبراو جگە لە حەسەن دوو كوڕی دیكەی بە ناوەكانی حوسێن و مینە ھەبووە. لە تەمەنی ژێر دە ساڵیدا لەگەڵ چەند كەس لە دەنگ‌خۆشانی بۆكان لە شاییەكانی ناو شار و گوندەكانی بۆكان گۆرانی گوتووە.

زیرەك (تەمەنی ١١ ساڵان دەبێ، كە باوكی كۆچی دوایی دەكات)، بە دوای مردنی باوكیدا بنەماڵەكەیان لە دێ بار دەكات و دەچنە شاری سەقز.
لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا دەگەڕێتەوە ھەرمێلە و لە لای خانان ئاغای ئەو دێیە بە كاركەر دادەمەزرێتەوە و بۆ درێژەی ژیانی دەست دەكات بە قاوەچییەتی و چاوساخی و بەردەستی ئاغا.
ساڵانی ھەرمێلە و سەقزھەر لەو تەمەنەدا دەنگە خۆشەكەی سەرنجی خەڵكی ئەو دێیە بۆ لای خۆی رادەكێشێ و ھەموو ھەوڵی ئەوەیان دەبێ زیرەك لە دەنگە خۆشەكەی بێ بەشیان نەكات، كە خانان دەبینێ زیرەك دەنگی خۆشە، ئەمجارە زیاتر بایەخ بە ئەو دەدا و ڕێگا دەدا زیرەك بێتە دیوەخان و بە گۆرانییەكانی كۆڕی میوانانی خان بڕازێنێتەوە.

لەو لاشەوە زیرەكی مێردمنداڵ و دەنگخۆش بۆ شەوە داوەت و ڕەشبەڵەكی كوڕان و كچانی دێ، بەزمی شەوانەیان خۆش دەكات.

دوای ساڵێك ھەرمێلە بە جێ دێڵێت و ڕوو دەكاتە شار، بە شاگرد كەبابچی و وردە كاری دیكە ژیان دەباتە سەرێ.

جارێكی دیكە دێتەوە بۆ ھەرمێلە و وەك تفەنگچی لە ماڵی ئاغا دادەمەزرێت، پاشان نێوانی لەگەڵ ئاغا تێكدەچێت و دەچێتە سەقز و دەبێتە شاگرد شۆفێری “مینەخانی ئەردەڵان” و لە نێوان سەقز و بانەدا دەستبە كار دەكات.

ڕۆژێك كوڕێكی گوندی قوڕەدەرێ بە ناوی مەحموود نارنج، دەكەوێتە بەر ماشێنەكەی و گیان لەدەستدەدات، لەترسان زیرەك سەری خۆی ھەڵدەگرێت و ئاوارە دەبێت و لەباشووری كوردستان دەگیرسێتەوە، دواتر زیرەك دەگاتە شاری بەغدا و لەوێ بە ھۆی چەند كەسێك لە میوانخانەی “شومال كەبیر” دادەمەزرێت. لەوێش دەست دەكات بە گۆرانی گوتن و لە ماوەیەكی كەم دا بەم ھۆیە ناو دەردەكات.
چەند كەس لە ناودارانی مووزیكی كوردی وەك عەلی مەردان لە ساڵی ١٩٥٣ی زایینی زیرەك لەوێ دەبینن و ئەو دەبەنە بەشی كوردی “رادیۆ بەغدا” بۆ یەكەم جار دەنگی لە ڕادیۆی كوردی بەغدا دەبیسترێت و بەم جۆرە مەیدانێكی باش بۆ خۆنواندنی گۆرانیبێژی زیرەك پەیدا دەبێت.

زیرەك و مام جەلال
مام جەلال سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق لە بارەی زیرەكەوە، باسی لە ناسینی زیرەك كردووە لە بەغدا، باسیشی لەوە كردووە، لە ڕێگەی دۆستێكی خۆیەوە، زیرەكی بردووەتە ڕادیۆی كوردی بەغدا.

مام جەلال ئاماژە بەوە دەكات، بەهار و هاوینی ساڵی خوێندنی (1954-1955) لەگەڵ هاوڕێی دێرینم كاك مستەفا قەرەداغی، كە تازە لە ئەمریكا هاتبووەوە، پێكەوە لە ژوورێك دەژیاین لە هۆتێل (الشمال الكبیر)ی خوالێخۆشبوو كاكە حەمە، لەو هۆتێلەشدا حەسەن زیرەك وەكو كرێكار كاری دەكرد، دۆستایەتیم لەگەڵ پەیداكرد، كە زانیم كوردی كوردستانی ئێرانیشە ئیدی ترسم لێی ڕەوییەوە، كە سیخوڕی عێراق بێت، بۆیە زووتر لەگەڵیدا چوومە ناو باسەكەوە.
مام جەلال دەڵێت :”لە ڕێی كوردایەتییەوە رامكێشا بەلای خۆماندا، ئەو بڵاوكراوانەی نهێنی، چ هی خۆمان و چ هی حزبەكانی دیكە، لای ئەوم دام دەناو ئەویش لە ژوورەكەی سەرەوەی هۆتێل و لە سەربان، كە زۆرتر نوێنی تێدا هەڵدەگیرا، بۆی دەشاردمەوە”.
دەشڵێت :”ئەویش ناوبەناو، كە ئیشی كەم دەبوو، دەهاتە ژوورەكەم، تا ڕۆژێكیان بەسەردا چووم، كە گۆرانی (كیژان دەچنە مێر گوڵان)ی دەگوت، منیش تاوێك هەستم لێی ڕاگرت و زۆرم بەلاوە خۆشبوو، ئیدی پیرۆزباییم لێ كرد”.
مام جەلال دەڵێت :”لەگەڵ حەسەن زیرەكی هەڤاڵ و دەنگخۆشدا تا دەهات بەینمان خۆشتر دەبوو، پاش ماوەیەك دیتم دەنگی خۆشە و شارەزاییەكی باشی هەیە لە گۆرانی فۆلكلۆری كوردیدا، بۆیە كەڵكەڵەی گەیاندنی ئەو دەنگەیم بە رادیۆ كەوتەسەر، وەرگیرا بە گۆرانیبێژ، بەو شەرتەی هەفتەی جارێك بچێت گۆرانی بڵێت و هەرجارەی 3 یان 4 دیناری بدرێتێ، ئەویش ئەوی رۆژێ زۆر زۆر بوو، چونكە ئەو لە هۆتێل جگە لە خواردن و نوستن تەنها 3 دیناری وەردەگرت”.
حەسەن زیرەك لە ماوەی مانەوەی لە بەغدا دەیان گۆرانی تۆمار دەكات، ئەم گۆرانییانە ناو و ئاوازەی زیرەك بە كوردستاندا بڵاو دەكەنەوە.
گەڕانەوە بۆ ئێران
لە ١٤ی گەلاوێژی ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، لەوێ چووە بۆ ڕادیۆی تاران، كرماشان و تەبرێز و لەوێوە گۆرانی خوێندووە.

حەسەن زیرەك ماڵەكەی دەباتە شاری بانە و لەوێ لە “كانی مەلا ئەحمەد” چایخانەیەك دادەمەزرێنێت، دیارە شان بە شانی ئەو كارەش لە گۆرانی گوتن و كاری ھونەری ناوەستێت و لە بەزم و شادی خەڵكدا بەشداری دەكات و بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە گۆرانی تۆمار دەكات.
پاشان دەچێتە شاری مەھاباد و لە دواكاتەكانی ژیانیشیدا دەچێتە شاری شنۆ، لە شاری شنۆ بە كار و كاسبی ژیان تێپەڕ دەكات.
لە ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦١ لە شاری سلێمانی لە تیپی “شانۆی ھونەرەجوانەكان” لەگەڵ “سێوەخان” و “رەشۆڵ عەبدوڵڵا” لە شانۆكای «بووكی ژێر دەواری ڕەش» و «خەسوو یان ئەژدیھا» و «تەڕپیر» بەشداری كردووە.
لە نێوان ساڵانی ١٩٦٧ – ١٩٦٨ لە شاری سەقز ھۆتێلی ھەبووە، كە بۆخۆی لەوێ گۆرانی گوتووە.
No photo description available.
گۆرانییەكان
یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك، پشت بەستنی ئەو بە گۆرانی فۆلكلۆرییە، ئەو چاوی بە زۆر ناوچە و مەڵبەندی كوردستان كەوتووە، لێیان ماوەتەوە، لە خەڵكەكەی میوان بووە و ھەڵسان و دانیشتنی لەگەڵیان بووە و لەگەڵ شێوەی ژیانیان و جلوبەرگ و ھەڵس و كەوتیان ئاشنا بووە.

ئەو گۆرانییانەی لە خەڵكەوە بیستووە، فێر بووە، هەرچەند زیرەك زۆر گۆرانیشی هەیە كە ھەم ھەڵبەستەكەی و ھەم ئاھەنگەكەی ھی خۆیەتی، زیرەك لە شێعری كوردیش كەڵكی وەرگرتووە، لە ئەو شاعرانە: نالی، وەفایی، سەید كامیل ئیمامی، كوردی، ھەردی، پیرەمێرد و هێمن، زیرەك بۆ وێنە شیعری “شەو”ی سەید كامیل ئیمامی كردووە بە گۆرانی.
حەسەن زیرەك گۆرانی فارسی و ئازەریی ھەیە، لەو جۆرە گۆرانییانەدا زیرەك ھەڵبەستی كوردی تێكەڵاو كردوون.

زیرەك زیاتر لە هەزار گۆرانی تۆماركراوی هەیە، بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان گۆرانییەكانی زیرەك خۆی لە زیاتر هەزار و 500 گۆرانی دەدات، بەڵام بەشێكیان تۆمار نەكراون، یان بەشێكیان هێشتا بڵاونەكراونەتەوە و لە ماڵاندا ماونەتەوە.
زۆربەی بەرھەمەكانی حەسەن زیرەك لە ڕادیۆ تاران لەگەڵ گەورەكانی مووسیقای ئێرانی وەك: حسەین یاحەقی، حەسەن كەسایی، جەلیل شەھناز، جەھانگیر مەلەك و ئەحمەد عیبادی بووە.
حەسەن زیرەك ئەگەرچی لەبەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لە خوێندن بێ‌بەش مابوو، بەڵام توانای بێ‌ وێنەی لە ھۆنینەوەی شێعری كوردی و دانانی مۆسیقای كوردی ھەبوو، ئەو توانایە لەگەڵ دەنگی بێ ‌وێنەی بووە ھۆی ئەوەی كە گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك لە سەرانسەری كوردستان ببێتە خۆشەویستی جەماوەری خەڵك.
حەسەن زیرەك لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ لە ڕادیۆ كرماشان كاری كردووە. لەو ماوەدا لەگەڵ گەورەكانی مۆسیقای ئەو سەردەمە وەك موجتەبا میرزادە، محەمەد عەبدولسەمدی، ئەكبەر ئیزەدی و بەھمەن پوولەكی كاری كردووە و ئەو ھاوكارییە بووە ھۆی دروستبوونی بەرھەمێك، كە وەك شاكارەكانی مۆسیقای ئەو سەردەمە یادگار ماون.

كۆچی دوایی
حەسەن زیرەك لە 29ی نۆڤەمبەری 1921 لە گوندی هەرمێڵەی نێوان سەقز و بۆكان لە دایكبووە.

لە26ی حوزەیرانی ١٩٧٢ دا لە نەخۆشخانەی شاری بۆكان ماڵئاوایی لە زێد و نێشتمانەكەی دەكات‌و لە سەر ویستی خۆی لە داوێنی كێوی ناڵەشكێنە كە ئێستا بەشێكە لە شاری بۆكان، ئەسپاردەی خاكی نیشتمان دەكرێت.
No photo description available.

بەڕێوەبەری پەروەردە وەڵامی وانەبێژان دەداتەوە
پێشت بەڕێوەبەری پەروەردە وەڵامی وانەبێژان دەداتەوە
فلۆسی، بە فەرمی بووە بەتەمەنترین پشیلە لە جیهاندا
دواتر فلۆسی، بە فەرمی بووە بەتەمەنترین پشیلە لە جیهاندا
ەیوەندیدار