مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ھۆڵەندا كۆبووەوە



 

سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی ھۆڵەندا، باسیان لە گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی كوردستان كرد، هەروەها بەرەوپێشچوونەكانی پڕۆسەی یەكخستنی ھێزەكانی پێشمەرگە و چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەیان تاوتوێ كرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ھۆڵەندا، كایسا ئۆلینگرێن كرد.

بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا، وەزیری بەرگریی ھۆڵەندا ئاماژەی بەوە كردووە كە پەیوەندییەكی دۆستانەی بەھێز لەنێوان ھۆڵەندا و ھەرێمی كوردستان ھەیە و بەردەوامبوونی ھاریكاریی، ھەماھەنگی ئەمنی و سەربازیی و پشتگیریكردنی پێشمەرگەی لەلایەن وڵاتەكەی دووپاتكردووەتەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو كە سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان سوپاسی پشتیوانی شانشینی ھۆڵەندای كردووە كە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەردەوامە لە پشتگیریكردنی ھەرێمی كوردستان، هەروەها پێزانینی بۆ ھۆڵەندا ھەبووە كە یەكێكە لەو وڵاتانەی پشتیوانی پلان و كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمە لە بواری ھەمەجۆركردنی ئابووری و گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە داوە كە بریتی بووە لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی كوردستان و ڕایگەیاندووە كە ھەردوولا سەركۆنەی ھێرش و پەلامارەكانی سەر ھەرێمی كوردستانیان كردووە و جەختیان لە پێویستیی رێزگرتن و پاراستنی سەروەری عێراق و ھەرێمی كوردستان و كۆتاییھاتنی ھێرش و دەستدرێژییەكان كردووەتەوە.

مەسرور بارزانی دووپاتی كردووەتەوە كە ھەرێمی كوردستان، وەك ھەمیشە فاكتەری ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت لە ناوچەكە و خوازیاری پەیوەندی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و رێز لەیەكترگرتن و بەرژەوەندی ھاوبەش.

ھاوكات بەرەوپێشچوونەكانی پڕۆسەی یەكخستنی ھێزەكانی پێشمەرگە و چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش، بەشێكی دیكەی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە بوو.

ئەپڵ تویتەر لە ئایفۆندا دەسڕێتەوە
پێشت ئەپڵ تویتەر لە ئایفۆندا دەسڕێتەوە
ئەنتارکتیکا…ئەو کیشوەری تەنیا زاناکانی لێ دەژی
دواتر ئەنتارکتیکا…ئەو کیشوەری تەنیا زاناکانی لێ دەژی
ەیوەندیدار