مەسرور بارزانی پەیامێك بڵاودەكاتەوە



بەبۆنەی یادی 125 ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردییەوە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ ڕۆژنامەنووسان.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، رۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان، کاربکەن لە پێناو برەودان و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و كولتووری بەیەكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و گرنگیدان بە پرسە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی یاسایی و دەستووری و جێی هیوای هەموو كوردستانیان.

 

دەقی پەیامەكە:

بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی ( کوردستان ) لەلایەن ڕەوانشاد میر میقداد مەدحەت بەردخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، گەرمترین پیرۆبایی لە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دەکەم و هیوای پێشکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
بزاڤی ڕۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا و ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان، لە پەرەپێدان و گەشەپێدانی بەردەوامدایە و حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ ڕۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی ئازادانە و لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، کار و ئەرکەکانیان بەجێ بگەیەنن.
هیوادارم رۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان، کاربکەن لە پێناو برەودان و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و كولتووری بەیەكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و گرنگیدان بە پرسە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی یاسایی و دەستووری و جێی هیوای هەموو كوردستانیان.
ئومێدەوارم ئامانجی سەرەكیی میدیاكارانی كوردستان، گەیاندنی ڕاستی و زانیاری باوەڕپێکراو و هاوسەنگ و خزمەتكردنی خەڵك و هاووڵاتیانی كوردستان و بەرگریکردن بێت لە مافەکانی خەڵکی کوردستان. نابێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ببنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هزری توندڕۆیی و هاندانی توندوتیژی و سووکایەتیکردن بە خەڵک و بەها و سیمبۆلە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان .
لەم یادەدا بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی هەموو ئەو ڕۆژنامەونووس و نووسەر و ڕۆشنبیرانەی کوردستان دەکەینەوە کە بە بیر و بەرهەمەکانیان ، خزمەتێکی زۆری زمان و ڕۆشنبیریی کوردیی و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانیان کرد و گیانیان لەم پێناوەدا بەخت کرد.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

تێچووی نەوتی هەرێم كێشە بۆ بودجە دروست دەكات
پێشت تێچووی نەوتی هەرێم كێشە بۆ بودجە دروست دەكات
بەوێنە؛ ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە
دواتر بەوێنە؛ ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە
ەیوەندیدار