مەسرور بارزانی پەیامێكی لەبارەی مووچەوە بڵاوكردەوە



 

مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند “نابێت مووچە و قوتی خەڵك تێكەڵ بە كێشە سیاسییەكان بكرێت”.

مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا ڕایگەیاند “ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان خزمەتی هاووڵاتیانی خۆمان دەكەین و وێڕای هەموو كۆسپ و تەگەرە و فشارەكان، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان باشتر بكەین”.

دەشڵێت “ئێمە لە قۆناغە سەختەكانی كۆرۆنا و فشارە ئابوورییە ناوچەیی و جیهانییەكان، توانیمان لە مووچەدان و سەقامگیركردنی باری ئابووریی هەرێم بەردەوام بین، لەمەولاش بە یارمەتی خوای گەورە و پاڵپشتی هاووڵاتیانمان لە خزمەتیان بەردەوام دەبین و گەشبینین بە باشتربوونی ڕەوشی هەرێم لە هەموو ڕوویەكەوە”.

دەشڵێت “نابێت هیچ كەس و لایەنێك لە هیچ شوێنێكی هەرێم رێگر بێت لە پرۆسەی دابەشكردنی مووچە، نابێت مووچە و قوتی خەلك تێكەڵ بە ململانێ و كێشە سیاسییەكان بكرێت”.

ئاماژەی بەئەوەشكرد “پێویستە داهاتی وڵات بۆ خزمەتی هاووڵاتیانمان بێت و دەبێت هەموو ئەو كەسانەی ئەو پرۆسەیە پەك دەخەن، لە بەرامبەر خەلك و یاسادا بەرپرسیار بن”.

ئەوە لە حاڵێكدایە لە هەرێمی كوردستان قەیرانی مووچە خەریكە سەرهەڵدەدات، بەجۆرێك ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی بۆ دابەشكردنی مووچە دایناوە، وەك خۆی جێبەجێنەكراوە، لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك گرفتی نەبوونی نەختینە بۆ مووچە دروستبووە.

پێشبینیدەكرێت سبەی یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان بێت، ئەمڕۆ كۆتا ڕۆژی دابەشكردنی مووچەیە، بەڵام هێشتا بەشێكی مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە.

تا ئێستا لە سلێمانی خانەنشینانی سەربازی و بەشێكی فەرمانبەران مووچەی مانگی ئاداریان وەرنەگرتووە، لە كاتێكدا بەپێی خشتەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دەبێت ئەمڕۆ كۆتا ڕۆژی دابەشكردنی مووچە بێت.

لەلایەكی دیكەوە ڕاگەیاندنەكانی یەكێتی بڵاویانكردووەتەوە، خانەنشینانی یەكێتی لە سنوری هەولێر و دهۆك مووچەكانیان ڕاگیراوە.

ڕاگەیاندنەكانی پارتیش دەڵێن لە سلێمانی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگەی ئەیلول ڕاگیراوە.

 

هەولێر ئامادەكاری بۆ جەژنی رەمەزان دەكات
پێت هەولێر ئامادەكاری بۆ جەژنی رەمەزان دەكات
پۆبجی، چەندان ئایکۆنی نوێی ناو گۆڕەپانی شەڕ، بەردەست دەخات
دوات پۆبجی، چەندان ئایکۆنی نوێی ناو گۆڕەپانی شەڕ، بەردەست دەخات
پەیوەندیدار