لێبووردنی نێودەوڵەتی هۆشداری لە ژەهراویبوونی كچان دەدات



لێبووردنی نێودەوڵەتی: هێرشی سەر قوتابخانەكانی كچان ئەگەری هەیە بەهۆی بەشداریكردنیان لە شۆڕشی ژینادا بێـت

ڕێكخراوی لێبووردنی جیهانی ڕاپۆرتێكی لەسەر ژەهراویبوونی كچانی قوتابخانەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت “ملیۆنان كچ لە قوتابخانەكاندا لە مەترسیدان لە كاتێكدا هێرشە گازییە ژەهراوییە بەردەوامەكان بە مەبەست قوتابخانەكانی كچان دەكەنە ئامانج”.

ڕێكخراوەكە، ئاماژەی بەوەكردووە، پێدەچێت هێرشەكان بۆ سەر قوتابخانەكانی كچان “هەڵمەتێكی هەماهەنگ” بێت بۆ سزادانی ئەو خوێندكارە كچانەی بەشداری ناڕەزایەتییەكانی “ژن، ژیان، ئازادی”یان كردووە و جلوبەرگی قوتابخانە باڵاپۆشەكانیان لابردووە.

لە بەیاننامەی ئەم دامەزراوەیەدا هاتووە “لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا هەزاران خوێندكاری كچ لە نەخۆشخانە خەوێندراون و دەسەڵاتدارانی ئێران نەیانتوانیوە بەدواداچوونی تەواو بكەن و كۆتایی بەو هێرشانە بهێنن. ئەمەش لە كاتێكدایە دەسەڵاتدارانی ئێران هۆكاری ئەو نیشانانەیان وەك ” فشاری دەروونی، وروژاندن، و كێشەی دەروونی” ناودێر كردووە.

ڕێكخراوی لێبووردنی جیهانی دەڵێت ” ئەم هێرشانەی لە مانگی یازدەی ساڵی 2022 وە دەستیانپێكردووە، لە زیاتر لە سەد قوتابخانەدا خوێندكاری كچیان كردووەتە ئامانج كە تووشی نیشانەكانی وەك كۆكە، سووتانی قوڕگ و لووت، تەنگەنەفەسی، لێدانی بەپەلەی دڵ، سەرئێشە، سكچوون و ڕشانەوە بوون. ”

ڕێكخراوەكە ئەم هێرشانەی بە “ڕێكخراو” و “هەماهەنگ” ناوبرد و نووسیویەتی مافی خوێندن و مافی تەندروستی ملیۆنان خوێندكاری كچ لە مەترسیدایە.

باس لەوەش دەكات، دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی كە لە سەرەتادا هەوڵی شاردنەوە و نكۆڵیكردنی ئەو پرسەیان داوە، تا ئێستا هیچ لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ و كاریگەریان لەسەر ئەم پرسە ئەنجام نەداوە و هەوڵی بێدەنگكردنی ناڕەزایەتییەكان لەسەر ئەو پرسە دەدەن بە ترساندنی بنەماڵە و مامۆستایان و ڕۆژنامەنووسان.

داواش لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەكات دەستڕاگەیشتنی كچان بە یەكسانی و سەلامەتی بە خوێندن مسۆگەر بكەن. هەروەها داوای لە محەمەد جەعفەر مۆنتەزەری، داواكاری گشتی ئێران كردووە كە لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ و كاریگەر لە بارەی هێرشەكانی سەر قوتابخانەكان ئەنجام بدات و دادگایییەكی دادپەروەرانەئ ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە بكرێت.

ژەهراویكردنی زنجیرەیی لە قوتابخانەكانی ئێران كە زۆرینەی كچانن، لە كانوونی لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردووەوە لە قوم دەستیپێكرد و بە خێرایی بۆ پارێزگاكانی دیكە بڵاوبووەوە.
سەرچاوە/voa

ئاوی ژێرزەوی هەرێمی كوردستان لە مەترسیدایە
پێشت ئاوی ژێرزەوی هەرێمی كوردستان لە مەترسیدایە
فەرمانگەی وردبینی سلێمانی وەڵامی هێڤیدار ئەحمەد دەداتەوە
دواتر فەرمانگەی وردبینی سلێمانی وەڵامی هێڤیدار ئەحمەد دەداتەوە
ەیوەندیدار