ئاوی ژێرزەوی هەرێمی كوردستان لە مەترسیدایە



شارەزایانی گۆڕانی كەشوهەوا: ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە هەرێمی كوردستان زۆر دابەزیوە

دوای هۆشدارییەكانی رێكخراوەكانی تایبەت بە بواری ژینگە و گۆڕانی كەشوهەوا، لەئێستادا لە عێراق هەموو چاوەكان لەسەر هۆكارەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و بەتایبەتیش مەترسی كەمئاوی، بەبیابانبوون و كەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوین، شارەزایانیش لەبارەی مەترسی كەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی و دەرهێنانی بەشێوەیەكی هەڕەمەكی لە هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدەن.

لە عێراق مەترسی بەبیابانبوون و لە هەرێمی كوردستان مەترسی كەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی، هەموو ئەو راستییانە دەردەخەن كە سیاسەتێكی دروست بۆ دابەشكردن و سوودوەرگرتن لە ئاو پەیڕەو ناكرێت.

نەبوونی بەنداوی پێویست، بەرزبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما، بڕینەوەی دار و درەخت و بەكارهێنانی وەك سووتەمەنی بەتایبەت لە هەرێمی كوردستان، لێدانی ژمارەیەكی زۆر بیری ئیرتیوازی و دابەزینی زیاتری ئاستی ئاوی ژێرزەوی مەترسییە گەورەكەن لەسەر ئایندەی وڵات كە بەپێی بۆچوونی شارەزایەكی بواری گۆڕانی كەشوهەوا، ئەگەری هەیە كۆچی بەكۆمەڵ دروست بكات بۆ وڵاتانی دەرەوەی عێراق.

رۆژنامەنووسی تایبەت لە بواری ژینگە و گۆڕانی كەشوهەوا، خالید سلێمان رایگەیاند “لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقادا، عێراق لەگەڵ وڵاتانی میسر، سعوودیە و توركیا بەشدارییەكی بەرچاویان هەیە لە دەردانی گازە گەرمەكان. ئەو وڵاتانە، هەندێكیان بەهۆی چالاكی زۆری پیشەسازی، هەندێكیشیان بەهۆی پیشەسازی نەوت، بێجگە لە چالاكی كشتوكاڵی و چالاكی مرۆیی و رێژەی دانیشتووانەكانیان، بەرزترین بەشدارییان هەیە لە چاو وڵاتانی دیكە لە دەردانی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و گازە گەرمكەرەوەكانی دیكە”.

دەشڵێت “یەكێك لە كاریگەرییە هەرە دیارەكان كە عێراقی گیرۆدە كردووە دووبارەبوونەوەی خۆڵبارینە. هەڵبەتە هۆكاری دیكەی ژینگەییش هەن وەك بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و كەمبوونەوەی رێژەی دابارین، ناوچەیەكی زۆری عێراق، بەتایبەتی رۆژئاوای عێراق رووپۆشی رووەكیی لەدەستداوە، هۆكارەكانی ئەمەیش گۆڕانی كەشوهەوا و پەنجەمۆری راستەوخۆی مرۆیی و ژینگەیین”.

روونیشیكردەوە “لە هەموو بارێكدا، بوونی رووبەری سەوزایی، دار و رووەك هۆكارێكی باشە بۆ ساردكردنەوەی كەشی ناوچەكە، بەڵام هۆكارێك نییە بۆ هەڵمژینی خۆڵبارین و گلدانەوەی خۆڵبارین، چونكە ئەمە نابێتە دیوارێك بۆ ئەوەی ئاراستەی خۆڵبارینەكە بگۆڕێت و بەرەو شوێنێكی دیكەی بنێرێت، چونكە لە دیاردەی خۆڵباریندا گەردیلەكانی خاك و خۆڵ ئەوەندە وردن كە دەچنە كەشەوە و دوایی دادەبەزن”.

ئەو رۆژنامەنووسە، باسی هۆكارەكانی كەمبوونەوەی دابارین دەكات “یەكێك لە كاریگەرییە راستەوخۆكانی كەمی دابارین و كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر ئاوە. ئێمە تاڕادەیەك دەتوانین لەگەڵ دیاردەی خۆڵباریندا خۆمان بگونجێنین، بەڵام توانای خۆگونجاندمان لەگەڵ نەبوونی ئاودا نییە. بۆیە یەكێك لە گرفتەكانی عێراق و ناوچەكەیش بریتییە لە ئاو. هۆكارەكانیش بریتین لە كەمی دابارین و كاریگەری راستەوخۆی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر عێراق و ناوچەكە. زۆربەی زۆری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق لە دوو وڵاتی دراوسێوە دێن، ئەوانیش توركیا و ئێرانن. بەشێكی كەمی سەرچاوەی ئاوی عێراق لە ناوخۆی وڵاتەكەدایە، بۆیە یەكێكە لە چارەسەر هەرە كاریگەرەكان بۆ ئەم گرفتەی عێراق رێككەوتنێكی پتەوە، نەك رێككەوتنێكی دووقۆڵی بەڵكو رێككەوتنێكی هەرێمایەتییە لەسەر ئاو كە هەموو وڵاتەكان تێیدا بەشدار بن”.

سەبارەت بە ئاوی ژێرزەوی لە هەرێمی كوردستاندا خالید سلێمان دەڵێت “ئاوی ژێرزەوی سەرچاوەیەكی ئێجگار بەنرخ و گرنگە بۆ نەوەكانی داهاتوو. هەر بۆیە هەتا بكرێت نابێت دەست بۆ ئەم سەرچاوەیە ببرێت. ئاوی ژێرزەوی یان گۆم (حەوز)ەكانی ئاوی ژێرزەوی بە ماوەی سەدان ساڵ دروست بوون و سەرچاوەیەكی نوێبووەوە نیین. لەكاتێكدا ئێستا بەبێ هیچ بەرنامەیەك دەستی بۆ دەبەین وەك ئەوە وایە مرۆڤێك هیچ دەرامەتێكی نەبێت و بڕێك پارەی پاشەكەوتكراوی لە ماڵەوە هەبێت و دەست بە خەرجكردنی بكات، لەكاتێكدا هیچ بڕە پارەكەی دیكە نایەتە سەر حسابەكەت و بڕە پارە پاشەكەوتكراوەكەیش بڕێكی دیاریكراوە. هەموو رۆژێك لە پارە پاشكەوتكراوەكە دەردەكەیت و رۆژێك دێت ئەو پارەیەش كۆتایی دێت و نامێنێت. ئاوی ژێرزەوی رێك وەك پارە پاشەكەوتكراوەكە وایە”.

دەشڵێت “ئێمە لەبەردەم كەمبوونەوەی دابارینداین، كەواتە ئاوی ژێرزەوییش تازە نابێتەوە. ئێمە دەست بۆ ئاوی ژێرزەوی دەبەین. بۆ نموونە لە شوێنێكی وەك هەولێردا لە ساڵی ٢٠٠٣ و دواتریش، ئاستی قووڵترین بیر بۆ ئەوەی دەستت بگات بە ئاو ١٠٠ بۆ ١٥٠ مەتر بووە. ئێستا باس لە ٦٠٠ مەتر بەرەو ژوور دەكەین! كەواتە ئێمە بەشی زۆری ئاوی ژێرزەوی ئەم ناوچەیەمان پڕووكاند و بەكارمان هێنا، هەروەها لە ناوچەكانی سلێمانی و سیتەك و ئەودیو چیای ئەزمەڕەوە دیسان تووشی ئەو گرفتە هاتووین. ماڵی وا هەیە بیرەكانیان وشكیان كردووە. لەكاتێكدا لە دەوربەری ساڵی ٢٠٠٣ بەنزیكەیی بە ٢٠ بۆ ٣٠ مەتر بیرەكان دەگەیشتن بە ئاوێكی زۆر، بەڵام ئێستا لە هەندێك شوێندا بە ١٠٠ مەتریش ناگات بە ئاو. كەواتە ئێمە لێرەدا دەستمان برد بۆ گەنجینەیەك كە نوێ نابێتەوە. ئێمە نابێت وەك سەرچاوەیەكی لەبن نەهاتوو تەماشای ئاوی ژێرزەوی بكەین، لەكاتێكدا ئاوی ژێرزەوی سەرچاوەیەكی دیاریكراوە. بۆیە پێویستە پێش ئەوەی دەست بۆ ئاوی ژێرزەوی ببەین دەبێت دووجار و سێجار بیر بكەینەوە”.

یەكەم ڕۆژی جەژنی رەمەزان لە هەرێم دیاریدەكرێت
پێشت یەكەم ڕۆژی جەژنی رەمەزان لە هەرێم دیاریدەكرێت
لێبووردنی نێودەوڵەتی هۆشداری لە ژەهراویبوونی كچان دەدات
دواتر لێبووردنی نێودەوڵەتی هۆشداری لە ژەهراویبوونی كچان دەدات
ەیوەندیدار