“گۆشتی ئەسپ لەڕووی شەریعەتی ئیسلام و تەندروستییەوە حەڵاڵ و دروستە”



لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دوكانێكی گۆشت فرۆش دادەخەن بەهۆی ئەوەی گۆشتی ئەسپی بە هاووڵاتیان بەناوی گۆشتی گوێرەكە فرۆشتووە و مامۆستایەكی ئایینی و پزیشكێكی ڤێتەرنەری جەختدەكەنەوە، كە خواردنی گۆشتی ئەسپ حەڵاڵە و كێشەی نییە.

مەلا عەبدولحەمید سیوەیلی، مامۆستای ئایینی لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، مادام بابەتەكە لە وڵاتی موسڵمان نشیندایە، پێویستە بڵێین گۆشتی ئەسپ لە شەریعەتی ئیسلامیدا خواردنی حەڵاڵە و هیچ گرفتێكی نییە.

وتیشی، ” گۆشتی ئەسپ لە شەریعەتی ئیسلامیدا خواردنی حەڵاڵە وەك گۆشتی وشتر و ڕەشەوڵاخ، بەمەرجێك لەژێر ڕێنمونی تەندروستیدا بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەسپ كاری گرنگتری پێكراوە نەبۆتە باو خەڵكی سەری ببڕن”.

ئەو مامۆستا ئایینییە جەختیشی كردەوە، “دەبوو ئەو قەسابخانەیەش وەك گۆشتی ئاژەڵەكانی تر بانگەشەی بۆبكردایە”.

وتیشی، “زۆرینەی زانایان لەگەڵ ئەوەدان کە گۆشتی ئەسپ خواردنی دروستە، چونکە فەرموودەی صەحیحی لەبارەوە هاتووە، لەوانە : یەکەم : جابری کوڕی عەبدوڵا (ڕەزای خوایان لێبێت) دەفەرموێت: ( نهى رسول الله ﷺ يوم خيبر عن لحوم الحمر الأهلية ورخص في الخيل ) رواه البخاري (3982) و مسلم (1941) . واته : پێغەمبەری خودا (ﷺ) لەڕۆژی خەیبەردا خواردنی گۆشتی گوێدرێژی قەدەغەکرد، بەڵام ڕێگەیدا بەخواردنی گۆشتی ئەسپ “. دووەم : ئەسمائی کچی ئەبوبەکر (ڕەزای خوایان لێبێت) دەفەرموێت: ( نحَرْنا على عهد النبي ﷺ فرساً فأكلناه ) رواه البخاري (5191) و مسلم (1942) . واتە : لەسەردەمی پێغەمبەری خوادا (ﷺ) ئەسپمان سەربڕی و گۆشتەکەشمان خوارد. (بوخاری و موسلیم ڕیوایەتیان کردووە)”.

لای خۆشیەوە، د. فریاد عوسمان، پزیشكی ڤێتەرنەری و نوێنەری ڤێتەرنەری لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت بۆ (خەڵك) وتی، “خواردنی گۆشتی ئەسپ گونجاوە لەڕووی تەندروستییەوە و كێشەی نییە و لەڕووی شەرعیشەوە دروستە، بەڵام لەڕووی لایەنی كۆمەڵگەوە گۆشتی ئەسپ قبوڵكراو نییە لەناو كۆمەڵگەی كوردی و عێراقی، بۆیە سەربڕینی بۆ ناكرێت”.

وتیشی، “هەر گۆشتێك لەڕووی ئادابی كۆمەڵایەتییەوە قبوڵكراو نەبێت دەتوانین بەپێی یاسا ڕێگری لێ‌ بكەین و دەستی بەسەردابگرین”.

لیژنەكەی حكومەتی عێراق بڕیاری لەسەر پلەبەندی نوێی مووچە دا
پێشت لیژنەكەی حكومەتی عێراق بڕیاری لەسەر پلەبەندی نوێی مووچە دا
“ئەگەر حكومەتی هەرێم ڕێگەچارەیەك نەدۆزێتەوە مووچە دوادەكەوێت”
دواتر “ئەگەر حكومەتی هەرێم ڕێگەچارەیەك نەدۆزێتەوە مووچە دوادەكەوێت”
ەیوەندیدار