فراكسیۆنی یەكێتی: توركیا هێرشەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانی ئەنجامداوە



هەرێم كەمال ئاغا: ئەمەریكا پێشوەخت توركیای لە سەردانی كۆبانێ بۆ سلێمانی  ئاگاداركردووەتەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت هێزی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمەریكا “بۆ پاراستنی ئاسایش” پێشوەخت توركیایان لە سەردانەكەی شاندێكی باڵای هەسەدە و كارمەندانی سەربازی ئەمریكا بۆ سلێمانی ئاگاداركردبووەوە.

هەرێم كەمال ئاغا، كە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقیشە، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، “هاوپەیمانان، توركیا و عێراقییان لە كۆبونەوەكەی بەرپرسانی هەسەدە و بەرپرسانی ئەمەریكا و یەكێتی لە كاتی هاتنی وەفدەكە و ڕۆیشتنیان لە سلێمانی ئاگادار كردبووەوە؛ چ پێویستی بە كەسێكی تر هەیە زانیاری بدات لەوەی كە مەزڵوم كۆبانێ لە سلێمانییە؟ ”

پێشتر، سەرۆكی یەكێتی، بە ماوەیەكی كەم دوای هێرشە درۆنیەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی و بە ئامانجگرتنی شاندەكە لە بەیاننامەیەكدا ڕووداوەكەی بە “هەوڵە نەزۆكەكەی نۆكەرانی بێگانە” ناودێر كردبوو.

هەرێم كەمال ئاغا دەڵێت ” هێزەكانی دژەتیرۆر هێزێكی زۆر تۆكمە و بەهێزن و ناوێكی بەرز و جوانیان هەیه،‌ بەردەوام ئۆپەراسیۆنیان هەیە لەگەڵ سووپای عێراق و لەگەڵ سووپای ئەمەریكا بۆیە هێزێكی متمانەپێكراو و بەهێزن. ئێستاش بەردەوام لە ئۆپەراسیۆنەكان چالاكی بەردەوامیان هەیە. ”

ڕاشیگەیاند “فڕۆكەخانەی سلێمانی نە هیچ بارەگایەكی تێدایە و نە هیچ كێشەیەكی هەیە. میوانێك هاتووە، مەزڵوم كۆبانێ، میوانی هێزەكانی هاوپەیمانان بووە. هاوپەیمانان ئاگاداری وڵاتی توركیاشیان كردووەتەوە لە هاتن و ڕۆیشتنی. لەهەمانكاتدا هێزەكانی سووریای دیموكرات پەیوەندی تری هەیە لەگەڵ عێراق و هاوكاری یەكتری دەكەن هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی دژەتیرۆر دەكەن لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژەتیرۆر، بۆیە ئەمانەی توركیا دەیكات لەچوارچێوەی شەڕی هەڵبژادنە و هیچی تر نییە.”

توركیا تائێستا بەفەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكە ڕانەگەیاندووە. بەڵام ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند كە پاشماوەكانی تەقینەوەكە ئەو گومانانە ناهێڵن كە ئەنكەرە بەرپرسیارە.

هەرێم كەمال ئاغا ڕایگەیاند، “بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ئێمە وەرمانگرت پروشكی ئەو بۆمبەی كە تەقیوەتەوە دیارە و ئەو كارگەیەی دروستی كردووە لە كوێیە. ئەو ڕاپۆرتە دەریخست كە لە وڵاتی توركیا ئەو جۆرە بۆمبە دروست دەكرێت؛ بەپێی ڕاداری فڕۆكەخانەی كەركوك و سلێمانی هیچ گومانێك نەماوە و ئەمە هی دەوڵەتی توركیایە. ”

هەروەها دەڵێت” بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لەوێن، كاتژمێر 9ی بەیانی ڕادارەكانی فڕۆكەخانەی كەركوك و فڕۆكەخانەی سلێمانی ئاماژەیان بە هەموو ئەو جموجۆڵی درۆنانە كردووە كە لەسەر ئاسمانی سلێمانی و كەركوك هەبوون هەتا دوای ڕووداوەكە. بۆیە ئاگاداری ئەمەریكاییەكانیش كراوەتەوە كە شتێكی واهەیە، ئاگاداری توركەكانیشیان كردووە پێش لێدانەكە.”

 

لە سلێمانی زیاتر لە دوو هێندەی ساڵی ڕابردوو باران باریوە
پێشت لە سلێمانی زیاتر لە دوو هێندەی ساڵی ڕابردوو باران باریوە
لافاو پشووی بە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان راگەیاند
دواتر لافاو پشووی بە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان راگەیاند
ەیوەندیدار