ڕۆیتەرز لایەنە شاردراوەكانی ڕێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا ئاشكرا دەكات



ئاژانسی ڕۆیتەرز ئامادەبوونی “بەڕێوەبەرانی ڕاپەڕاندنی نێودەوڵەتی” لە دانوستانەكانی نێوان بەغدا و هەرێم ئاشكرا دەكات كە پەیوەندییان بە قەیرانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی كوردستانەوە هەیە، ئاماژە بە “ڕۆڵی سەرەكی” ئەو بەڕێوەبەرانەش دەكرێت لە ڕازیكردنی هەردوو، تا بگەنە بڕیارێك بۆ دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.

بەپێی ڕاپۆرتێك كە لەلایەن “رۆیتەرز”ەوە بڵاوكرایەوە، لەنێوان ئەو ناوە دیارانەی بەشدارییان كرد و توانیان بوونی خۆیان بسەلمێنن،”راسێل هاردی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ڤیتۆڵ كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی بازرگانی نەوت لە جیهاندا، و پێتراكۆ و ئینێرگۆگۆبێل بەرپرسی باڵای كۆمپانیاكە و هەروەها بەرپرسانی كۆمپانیای ئەمریكی (HKN) و گروپی كوردی (كار) بوون”.

ئاژانسەكە نوسیویەتی “ئەو ناوانەی بەشێوەیەكی ڕانەگەیەندراو بەشداریی كۆبوونەوە و دانوستانەكانی نێوان بەغدا و هەولێر بوون، ڕۆڵیان هەبووە لە ڕازیكردنی بەغدا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت (بەشێوەیەكی كاتی) لە هەرێمەوە، تا پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز، ئەم هەوڵانەش لە ئەنجامی خواستی كۆمپانیاكانی پێشوودا هاتوون بۆ گەرەنتیكردنی وەبەرهێنانەكانیان لە ناوخۆی هەرێمدا”.

هەر لەو بارەیەوە بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە”كۆبوونەوەكە بە خواستی حكومەتی بەغدا بۆ دڵنیاكردنەوەی كۆمپانیاكان ئەنجامدراوە،پێداگری بەغدا و هەولێر لەسەر چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان بریتی بوو لە ئاگاداركردنەوەی كۆمپانیاكان كە وەبەرهێنانەكانیان لە ناوچەكەدا هێشتا سەلامەتن”.

ڕۆیتەرز دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەدا كە دووشەممەی ڕابردوو ئەنجامدرا، یەكێك لە بەرپرسەكان كە ڕەتیكردووەتەوە ناسنامەكەی ئاشكرا بكات و بەشداری كۆبوونەوەكان بووە “هەوڵیدا بگاتە چارەسەرێكی مامناوەند، هەمووان لە هەوڵی گەیشتندا بوون بە چارەسەر، حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكان هەوڵێكی زۆر دەخەنەگەڕ تا وڵاتەكەیان بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، دوای چەندان ساڵ لە ناكۆكی بەردەوام كە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر كەشوهەوای دەبێت.

ئاژانسەكە باس لە بەشداریی گروپی كۆمپانیاكانی “كار” دەكات لە كۆبوونەوەكان و بۆ ئەو مەبەستەش “ڕۆیتەرز” لە پەیوەندیەكیدا بە كۆمپانیا كوردییەكە، دانی بە بەشداریكردن لەو كۆبوونەوانەدا ناوە، بەڵام ئامادە نەبووە هیچ وردەكارییەك لەو ڕووەوە باس بكات، پێتراكۆ”ش دووپاتی كردەوە كە ئەوانیش بەشێكن لە كۆبوونەوەكە و هێشتا چاوەڕوانی زانیاریین سەبارەت بە پێشهاتە نوێیەكان، كۆمپانیاكانی “ڤیتۆڵ” و “HKN” ڕەتیانكردەوە هیچ لێدوانێك لەسەر پرسیارەكانی ئاژانسەكە، پێشكەش بكەن.

ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئینێرجی گڵۆب وەڵامی پرسیارەكانی ڕۆیتەرز-یان نەداوەتەوە، لەو پرسیارانەی كە پەیوەستن بە هاتنەناوەوە و بەشداریی پێكردنی بەڕێوەبەرانی كۆمپانیا ئەهلی و بیانییەكان لە كۆبوونەوە فەرمییە حكومییەكان.

ڕۆیتەرز پێیوایە، پێشهاتەكانی ئەم دواییە، لەوانەش “چارەسەركردنی كێشەی نەوتی هەرێم”، یارمەتیدەرن بۆ پتەوكردنەوەی “متمانە نێودەوڵەتییەكان” بە كەسایەتی محەمەد شیاع ئەلسودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە ماوەیەكە هەوڵی بەدەستهێنانی متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی دەدات، بەتایبەتی لە كەرتی نەوت، و هاوكاریكردنی لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، ئەمەش لەڕێی بەشداریكردنی خودی خۆی لە هەموو كۆنگرە و كۆڕبەندەكانی پەیوەست بە نەوتەوە خرایەڕوو.

حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوتە بەر “مەترسییەكی گەورە” دوای ئەوەی بەغدا سەركەوتنی بەدەستهێنا لە حوكمێكی یاسایی كە ڕێگری لە توركیا كرد نەوتی بەرهەمهێنراوی حكومەتی هەرێم بۆ بازاڕەكانی جیهان بەبێ ڕەزامەندی حكومەتی فیدراڵ هەناردە بكات، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەرێم نەتوانێت قەرزەكانی بداتەوە بە كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت كە لە ناوچەكەدا كاردەكەن و بە شەش ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێن.

هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەژێر سەرپەرشتی حكومەتی فیدڕاڵدا دەبێت و داهاتەكەشی دەخرێتە سەر هەژمارێك لە بانكی ناوەندی عێراق بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، لە هەمان كاتدا بەغدا دەسەڵاتی دەستوەردان و پێداچوونەوەی بەو هەژمارەدا دەبێت، وێڕای تێپەڕاندنی خەرجییە پێویستەكانی حكومەتی هەرێم.

لامپارد بە فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ چێڵسی
پێشت لامپارد بە فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ چێڵسی
ئاسایشی سلێمانی بكوژێكی داواكراو و لە یاسا هەڵاتوو دەستگیر دەكات
دواتر ئاسایشی سلێمانی بكوژێكی داواكراو و لە یاسا هەڵاتوو دەستگیر دەكات
ەیوەندیدار