ساڵوەگەڕی سەپاندنی ناوچەی دژەفڕینە لە هەرێمی كوردستان



 

30 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین لە هەرێمی كوردستان.

دوای كۆڕەوە ملیۆنییەكەی گەلی كوردستان كە 1ی نیسانی 1991 دەستیپێكرد، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتە سەر هێڵ لە 5ی نیسانی 1991 بە پێشەنگی فەڕەنسا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری 688ی بەسەر بەغدا دا سەپاند و بڕیاری ناوچەی دژەفڕین درا.

بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 688 بە پێشنیازی فەڕەنسا و پشتیوانی ئەمریكا و بەریتانیا و وڵاتانی دیكە دەركرا و ناوچەی دژەفڕین لە هەرێمی كوردستان بەڕووی هێرشەكانی سووپای عێراقدا ڕاگەیەندرا.

دوای ئەم بڕیارە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان گەڕانەوە و گفتووگۆی نێوان ڕژێمی سەدام حوسێن و حیزبە كوردستانییەكان دەستیپێكرد و دواتر بێ ئەنجام كۆتاییهات و حكوومەتی بەغدا هێزەكانی لە شارەكانی هەرێم كشاندەوە.

رژێمی عێراق لە ساڵی 1990دا كوێتی داگیركرد وەك پارێزگەی نۆزدەهەمینی وڵات ناساندی، خواستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ كشانەوە ڕەتكردەوە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتی ئەمریكا لە ساڵی 1991 هێرشی گرتنەوەی كوێتیان ئەنجامدا، سووپای عێراقیان تێكشكاند.

لە باشووری عێراق شیعە مەزهەبەكان دژی ڕژێمی پێشووی عێراق ڕاپەڕین.

گەلی كورد لە باشووری كوردستان لە 5ی ئاداری 1991 ڕاپەڕینیان دەستپێكرد تا 20ی ئادار زۆرینەی خاكی باشووریان گرت.

دوای خۆگرتنەوەی سووپای عێراق، بەغدا هێرشی پێچەوانەی گرتنەوەی ناوچەكانی باشووری عێراق و هەرێمی كوردستانى دەستپێكرد.

سووپای عێراق توانی لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا تەواوی خاكی باشووری كوردستان بگرێتەوە.

لە 31ی ئادار و 1ی نیسانی 1991 بە ملیۆنان خەڵكی باشووری كوردستان ڕوویان لە ئێران و توركیا كرد، ئەمە بە كۆڕەوی ملیۆنی ناسرا.

هاوكات گفتووگۆی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا دەستیپێكرد، بەڵام بێ ئەنجام كۆتایی هات.

لە هاوینی 1991 دوای شكستی گفتووگۆكان و فشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، سووپای عێراق لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك كشایەوە.

لە 19ی ئایاری 1992 یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سازكرا و دواتر یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهات.

دۆلار بۆ ماوەیەكی درێژخایەن دادەبەزێت
پێشت دۆلار بۆ ماوەیەكی درێژخایەن دادەبەزێت
سەمای فەنابوون و گەیشتن بە خودا
دواتر سەمای فەنابوون و گەیشتن بە خودا
پەیوەندیدار