حكومەتی هەرێم بڕیاری لە چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ دا



حكومەتی هەرێمی كوردستان “بەهۆی بارگرانی دارایی” دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژی بەشێوەی هەمیشەیی ڕەتكردەوە و بڕیاری داوە بكرێنە مامۆستای گرێبەست، ئەوەش دوای وەرگرتنی بۆچوونی وەزارەتی دارایی.

بەپێی نووسراوێكی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، كە واژۆی د. ئومێد سەباح-ی لەسەرە و ئاڕاستەی وەزارەتی پەروەردە كراوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای دیراسەکردن و وەرگرتنی ڕوابۆچوونی وەزارەتی دارایی و ئابووری، كە لەسەر پێشنیاری وەزارەتی پەروەردە بووە، ڕایگەیاندووە، بەهەمیشەیی كردنی مامۆستایانی وانەبێژ دەبێتە هۆی دروست بوونی بارگرانی دارایی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان .

ئەنجوومەنی وەزیرانی داوای لە وەزارەتی دارایی كردووە کاری پێویست ئەنجام بدات و ئاگاداریان بكاتەوە لەسەر کاریگەریە داراییەکانی دامەزراندنیان بە (شێوەی گرێبەست) لەسەر بوودجە بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست لەسەر بدرێت.

عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتی وانەبێژان لەهەرێمی کوردستان بۆ (خەڵك) وتی، “دوای ئەو نووسراوە ئێمە وەک نوێنەرانی دەستەی گشتی مامۆستایانی وانەبێژ خۆپێشاندانمان ڕاگەیاندن لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر لە ٢٧ی ٢ی ٢٠٢٣ و لەو كاتەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری کردەوە دووبارە، بۆ ئەوەی مامۆستایانی وانەبێژ بكرێنە گرێبەست”.

ڕاشیگەیاند، ئەمە بەرهەمی خۆپێشاندان و نارەزایی وانەبێژانە لەبەردەم ناوەندە گرنگەکان.

وتیشی، “تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ نەدراوە، بەڵام پاش ڕێکكەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ بەهەمیشەیی بوونمان تەنها لەسەر هەڵوێستی خۆمان ما”.

جەختیشی كردەوە، ئێمە وەک نوێنەرانی گشتی دەستەی وانەبێژان هەمیشە داواکاریمان بریتی بووە لە دامەزراندنی وانەبێژان بە هەمیشەیی نەک گرێبەست، چونکە زوڵمێکی گەورەیە دەکرێت لەو وانەبێژانەی، کە خزمەتێکی زۆریان هەیە، لانی کەم مامۆستای وانەبێژ هەیە لە ٣ ساڵ تا ١٦ ساڵ وانەبێژە.

لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار مامۆستایانی وانەبێژ، خۆپیشاندان و بایكۆتیان كردووە و داوای دامەزراندن دەكەن، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی بۆ دامەزراندنیان دەرنەچووە و بەپێی نووسراوەكەی حكومەتی هەرێم بێت، دەكرێن بە گرێبەست.

مامۆستایانی وانەبێژ ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 30 هەزار مامۆستا و بە پێكهێنەرێكی سەرەكی كەرتی پەروەردە دادەنرێت و ڕاگری سەرەكی خوێندنگەكانن بەتایبەت لە دەرەوەی شارەكان.

ڕاوێژكاری سودانی: بەم زووانە لە قەیرانی دۆلار ڕزگارمان دەبێت
پێشت ڕاوێژكاری سودانی: بەم زووانە لە قەیرانی دۆلار ڕزگارمان دەبێت
عێراق پارە بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتێكی هەرێم دەنێرێت
دواتر عێراق پارە بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتێكی هەرێم دەنێرێت
ەیوەندیدار