لە سلێمانی پارە بۆ مووچە نییە



کێشەی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی دووبارە سەریهەڵداوەتەوە، بەپێی خشتەی مووچە دەبوو پێش پێنج ڕۆژ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات تەواو ببوایە، بەڵام هێشتا بەشێکی خانەنشینانی پێشمەگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

ئەمڕۆ لە بانکێک دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە بەهۆی نەبوونی پارە تا نزیک کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ دابەشنەکراوە.

نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکاندا بۆ مووچە یەکەمجار نییە لە سلێمانی ڕوودەدات، ساڵێك پێش ئێستا بەهەمان شێوە کێشەی نەبوونی نەختینە بۆ چەند مانگێک بەردەوام بوو، فەرمانبەران لە زانکۆکان و فەرمانگەکان بەهۆی پێنەدانی مووچەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدەدا، دەچوونە بەردەم بانکی هەرێم.

لە مووچەی مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ، بەهەمان شێوە کێشەی نەبوونی نەختینە هەبووە، بەڵام دواتر کێشەکە چارەسەرکراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە حەوتی مانگی ڕابردووەوە خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، کە دەبوو لە ٣٠ی مانگی ڕابردوو دابەشکردنی مووچە تەواوببێت، خانەنشینی پێشمەرگەش دەبوو لە کۆتا ڕۆژدا مووچە وەربگرن.

پاش پێنج ڕۆژ، هێشتا بە تەواوی سەرجەم خانەنشینانی پێشمەرگە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمڕۆش کێشەکە بەردەوام بووە، دیار نییە بۆ مووچەی مانگی داهاتووش هەمان کێشە بەردەوام دەبێت یاخود چارەسەر دەکرێت.

لە سێ مانگدا ٤٨ كورد لەسێدارە دراون
پێشت لە سێ مانگدا ٤٨ كورد لەسێدارە دراون
نرخی بەنزین دادەبەزێت
دواتر نرخی بەنزین دادەبەزێت
ەیوەندیدار