نوێژی ئافرەت لە مزگەوتدا دروستە؟



مامۆستایەکی ئاینی باس لە نوێژی ئافرەت دەکات لە نێو مزگەوتدا و دەڵێت، ئافرەت لە پیاوان لە پێشترە بۆ چوونە مزگەوت وئاماژە بەوەشدەکات:”ئافەرین و سەد ئافەرین بۆ ئەو دایك و خوشك و کچۆڵە سەنگین و سەلارانەی کە بە ئەوپەڕی لە خۆبووردووییەوە لە شانی باوك و براو هاوسەرەکانیانەوە نوێژی تەراویح و نوێژە فەرزەکانینان بە جەماعەت دەخوێنن”.

د. ئەبوبەکر پێنجوێنی، لە نووسینێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، یەکێك لەسەیروسەمەرەکانی سەردەمی ئێمە ئەوەیە ئافرەت لە هەموو جێگایەکدا بوونی خۆی سەلماندووە، بەڵام تازە بەتازە هەندێك دەنگ هەڵدەبڕن و هاوار دەکەن نوێژی ئافرەت لە ماڵەوە خێری زیاترە، یان لەوەش خراپتر باس لە رێگریکردنی ئافرەت دەکرێت بۆ چونە مزگەوت، لە کاتێکدا لە سەردەمی پێغەمبەرو چوار خەلیفەکەدا پیاو و ئافرەت پێکەوە لە مزگەوتدا نوێژیان خوێندووەو تەنها جیاوازییەك قسەی لەسەرکرابێت ریزەکانی نوێژبووە لە رووی پێش و دوای ریزەکاندا، تەنانەت لەسەردەمی عومەری کوڕی عەبدولعەزیزدا کە هاتە مزگەوت بینی پەردەیەك کراوە لە نێوان پیاوان و ئافرەتاندا فەرمووی ئەمە چییە؟ وتیان بۆ ئەو نێوانەمان کردووە دڕاندی و فەرمووی شتێك مەکەن کە لە سەردەمی پێغەمبەردا نەکراوە.

دەشڵێت:”ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئافرەت دوور لە رەچاوکردنی مەرجەکانی باڵاپۆشی و تێکەڵاوی و خەلوەت لە هەموو جێگایەك حوزوری هەیەو سادەش بووەتەوە لەلای خەڵك، بەڵام هاتنی ئافرەت بۆ مزگەوت تا ئێستاش جێگای مشت ومڕە لە کاتێکدا ئەم مشتومڕە بەزیانی خودی ئافرەت و کۆمەڵگا شکاوەتەوە بەگشتی، چونکە حوزری ئافرەت لە مزگەوتدا جێکەوتەیەکی باشی دەبێت لەسەر پەروەردەی خودی ئافرەت و پاشان خێزان بەو پێیەی کە ئافرەت مامۆستای یەکەمی خێزانەو کۆڵەکەی ئارامی و بەختەوەرییە لە خێزاندا”.

راشیگەیاندووە، ئەزموونی چەند دەیەی جیهانی ئیسلامی و کوردستانی لەمەڕخۆمان ئەو راستییەی سەلماندووە کە مزگەوت جێکەوتەیەکی گرنگ و لەبەرچاوی هەبووەو هەیە لەسەر پەروەردەی تاك، بۆیە حوزری ئافرەت لە مزگەوت و ئامادەیی لە وتارو ئامۆژگاری و نوێژی بەکۆمەڵدا زۆرتر یارمەتی دەردەبێت بۆ باشتربوونی پەروەردەی خێزان و ئارامی و بەختەوەری خێزان، چونکە هیچ شتێك نیە بەئەندازەی پەروەردەی دینی جێکەوتەی ئەرێنی لەسەر ژیانی مرۆڤ هەبێت.

ئەو مامۆستایە دەشڵێت:” ئافەرین و سەد ئافەرین بۆ ئەو دایك و خوشك و کچۆڵە سەنگین و سەلارانەی کە بە ئەوپەڕی لە خۆبووردووییەوە لە شانی باوك و براو هاوسەرەکانیانەوە نوێژی تەراویح و نوێژە فەرزەکانینان بە جەماعەت دەخوێنن.
ئەو کەرنەڤاڵە ئاینییە خۆڕسکەی لە بەهاری ئەم رەمەزانەدا بەرچاو دەکەوێت دڵ و چاوی پێ رووناك دەبێتەوە، لە خودا داواکارم قیامی رەمەزان و قیامی تەواریح و قیامی قەدەرمان لێ قەبوڵ بکات و ببێتە مایەی لێخۆشبوون و رزگاربوونمان لە سزاو ئاگری دۆزەخ، بەجێهانی ئەو ماف و ئەرکە دەبێت بە رەچاوکردنی باڵاپۆشی و ویقارو لەسەرخۆییەوەبێت”.

 

 

بانكی ناوەندی عێراق: جیاوازی نێوان نرخی دۆلار لەبانك و بازاڕی ڕەش نامێنێت
پێشت بانكی ناوەندی عێراق: جیاوازی نێوان نرخی دۆلار لەبانك و بازاڕی ڕەش نامێنێت
ڕووسیا لە كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی شارێكی ئۆكراینا نزیكدەبێتەوە
دواتر ڕووسیا لە كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی شارێكی ئۆكراینا نزیكدەبێتەوە
ەیوەندیدار