دلاوەر ئاژگەیی: هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ریی گەورەی له‌سه‌ر یه‌كێتی ئه‌ورووپا هەیە

  • 685 بینین

بەرپرسى نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێم لە یەکێتیى ئەورووپا، رایدەگەیەنێت، هه‌رێمی كوردستان به‌ هۆی پێگه‌ی جوگرافی، هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك ڕوو بدات لێره‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر یەکێتیى ئه‌وروپاش ده‌بێت، بۆنموونه‌ بابه‌تی كۆچبه‌ران و بابه‌تی وزه‌ و بابه‌تی تیرۆر و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌، هه‌روه‌ها ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ گرنگ و یاریکه‌رێكی گرنگ سه‌یر ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ وای كردووه‌ كه‌ یەکێتیى ئه‌ورووپا به‌ گرنگتر له‌ هه‌رێمی كوردستان بڕوانێت و دوای شه‌ڕی داعش و جه‌نگی ئۆكرانیا یه‌كیەتیی ئه‌ورووپا ڕووی كردووەته‌ بڕیاری سه‌ربه‌خۆ و له‌مڕووه‌وەش هه‌رێمی كوردستان زیاتر بۆیان گرنگه‌.

د.دلاوەر ئاژگەیی، بەرپرسى نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێم لە یەکێتیى ئەورووپا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خزمه‌ت به‌و هاووڵاتییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین یا ئه‌و كه‌سانه‌ی كۆمپانیایان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه ‌و پێویستیان به‌ ڕاستاندنی مامه‌ڵه‌كانیان هه‌یه‌ لای ئێمه‌، له‌ڕووی پێدانی ڤیزا یارمه‌تیی هاووڵاتییانمان داوە،‌ بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین خه‌ڵك سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، له‌ڕووی خزمه‌تگوزارییش یارمه‌تی خه‌ڵكمان داوه‌، بۆنموونه‌ كه‌سێك ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كی هه‌بێت، به‌ده‌م كێشه‌كه‌یه‌وه‌ چووین، یاخود ئه‌وانه‌ی كه‌سێكیان لێ ده‌مرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی هاوكاری ده‌كه‌ین.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:-

له‌ڕووی دروستكردنی لۆبی و دیپلۆماسییەوە، نوێنەرایەتیی حکومەت لە یەکێتی ئەورووپا ڕۆڵى چۆن بووە؟
د.دلاوەر ئاژگەیی: هه‌وڵ ده‌ده‌ین زیاترین سوود له‌ لۆبی وه‌ربگرین، چونكه‌ دوای واشنتن، یەکێتی ئه‌ورووپا گه‌وره‌ترین شوێنه‌ بۆ لۆبی دروستكردن، به‌ڵام زۆرجار لۆبی له‌گه‌ڵ شتی دیكه‌ تێكه‌ڵ ده‌كرێت، چونكه‌ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ دیپلۆماسییه‌ت، ئه‌مه‌ش زۆر جار له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراو و كۆمپانیاكان ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی دیراسه‌كردن ده‌بێت و ده‌بێت بزانین چۆن بڕوا به‌ به‌رپرسانی یەکێتی ئه‌ورووپا بێنین، چۆن پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، پێشتر ده‌مانویست بابه‌تی جینۆساید لۆبی بۆ دروست بكه‌ین، دواتر پێشینەمان گۆڕا بۆ شه‌ڕی داعش و ویستمان سه‌رنجی ئه‌ورووپا ڕابكێشین بۆ هاوكاریكردنمان، ئه‌وه ‌بوو یەکێتی ئه‌ورووپا بڕیاری دا خۆیان پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش له‌سه‌ر پرسی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان زۆر كارمان كرد و لۆبیمان بۆ كرد، تا ئه‌و پرسه‌ له ‌په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا تێپه‌ڕ بێت، ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ی لۆبیكردن بوو، پێش ئه‌و كاره‌ش ویستمان دامه‌زراوه‌یه‌كمان هه‌بێت له‌ نێو یەکێتی ئه‌ورووپا تا ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ باشتر به‌ڕێوه‌ بچن و به‌ پڕۆفیشناڵانه‌ كار بكه‌ین، ئه‌وه‌ بوو گرووپێكمان دروست كرد له‌نێو په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا به ‌ناوی “گرووپی دۆستانی هه‌رێمی كوردستان” كه‌ هه‌موویان ئه‌ندامی په‌‌رله‌مانی یەکێتی ئه‌ورووپا بوون و وامان كرد له‌نێو هه‌موو كوتله‌كانی نێو په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا پێك بێت و سه‌رۆك و جێگریشمان بۆ دیاری كرد كه‌ نزیكه‌ی ٣٥ ئه‌ندامی هه‌بوو. ڕاستە ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كان كه‌م بوو، به‌ڵام له‌چاو گرووپه‌كانی دیكه‌ زۆر باشتر بووین و ئه‌وانه‌ی ئه‌ندامی ئه‌و گرووپه‌ی ئێمه‌ بوون خه‌ڵكی دیار و خاوه‌ن بڕیار بوون، و‌ ئه‌و به‌رژە‌وه‌ندییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان خوازیاری ئه‌وه ‌بوو پێی بگات، هه‌وڵ ده‌درا له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ له‌نێو په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا پێشنیار بكرێت و كۆمه‌ڵێك بڕیارنامه‌ و یاسا له ‌په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا له ‌به‌رژە‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان درا كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ بوو، جگه‌ له‌وه‌ش ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ پەرله‌مانتارانی خاوه‌ن بڕیار له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ بۆ بابه‌ته‌ تازه‌كان و ئه‌وان به‌ شێوازی جیا یارمه‌تییان داوین، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی ئه‌ورووپاش كارمان كردووه،‌ به‌ تایبه‌ت له‌ بواری ئه‌و په‌نابه‌ر و ئاوارانه‌ی ڕوویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، سه‌ركه‌وتووش بووین تیێدا، چونكه‌ وامان کردووه‌ زیاتر هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن له‌سه‌ر پرسی ئاواره‌كان و شاندمان له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ كوردستان هێناوه‌، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ شاندی هه‌رێمی كوردستانمان بۆ ئێره‌ هێنراوه تا باشتر شته‌كان بگه‌یه‌نن.

ـ گرنگیى پێگەى هەرێمى کوردستان بۆ یەکێتی ئەورووپا چییە؟

د.دلاوەر ئاژگەیی: هه‌رێمی كوردستان به‌ هۆی پێگه‌ی جوگرافی، هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك ڕوو بدات لێره‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر یەکێتیى ئه‌وروپاش ده‌بێت، بۆنموونه‌ بابه‌تی كۆچبه‌ران و بابه‌تی وزه‌ و بابه‌تی تیرۆر و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌، هه‌روه‌ها ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ گرنگ و یاریکه‌رێكی گرنگ سه‌یر ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ وای كردووه‌ كه‌ یەکێتیى ئه‌ورووپا به‌ گرنگتر له‌ هه‌رێمی كوردستان بڕوانێت و دوای شه‌ڕی داعش و جه‌نگی ئۆكرانیا یه‌كیەتیی ئه‌ورووپا ڕووی كردووەته‌ بڕیاری سه‌ربه‌خۆ و له‌مڕووه‌وەش هه‌رێمی كوردستان زیاتر بۆیان گرنگه‌، گرنگییش به‌ په‌یوه‌ندیی بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن و دەڵێن “ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانی به‌هێزداین له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا”، په‌یوه‌ندییه‌كانیشیان و سه‌ردانی شانده‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و گرنگیدانه‌یانه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان.

ـ شاندێکى پەرلەمانتارانى یەکێتی ئەورووپا لە هەرێمى کوردستانن، مەبەستى سەرەکى و گرنگیی هاتنیان چییە؟
د. دلاوەر ئاژگەیی: هاتنی شاندی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی كاری په‌رله‌مانی ئه‌ورووپایه‌ كه‌ شاندێكیان هاتنه‌ عێراق و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و لیژنه‌یه‌ لێی به‌رپرسه‌ كه‌ هاتوونه و ڕاپۆرته‌كانیشیان كاریگه‌ری له‌سه‌ر وڵاتانی یەکێتی ئه‌ورووپا هه‌یە، بۆیه‌ سه‌ردانه‌كه‌یان مێژوویی بوو، چونكه‌ ١٠ ساڵه‌ سه‌ردانی وا نه‌كراوه‌، ئامانجی سه‌ره‌كیشیان گوێگرتن بوو له‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ئێستا هه‌ن و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی هه‌ن و په‌یوه‌ندی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كێك له‌ بابه‌ته‌ گرنگه‌كان بوو، كه‌ به ‌لایانەوە‌ گرنگ بوو په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراق باشتر بێت، هه‌روه‌ها ویستیان په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان به‌هێز بكه‌ن و پشتیوانیكردنی خۆشیان بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

ـ لەڕووى سەربازییەوە هەرێمى کوردستان چەندە بۆ یەکێتی ئەورووپا گرنگە؟
د.دلاوەر ئاژگەیی: یەکێتی ئه‌ورووپا خۆی دامه‌زراوه‌یه‌كه‌ كه‌ هێزی سه‌ربازی نییه‌، دوای جه‌نگی ئۆكرانیا بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ یەکێتی ئه‌وروپا بوو‌دجه‌یه‌كی هه‌بێت بۆ كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی و و یارمه‌تیی سه‌ربازی و دروستكردنی هێزێكی بچووك، ئه‌وه‌ بوو له‌ كاتی شه‌ڕی داعش بڕیاری دا و هانی وڵاتانی ئه‌ندامیانی دا كه‌ هاوكاریی سه‌ربازی پێشكه‌ش بە هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و چه‌ندین وڵات هاتنه‌ سه‌ر هێڵ و یارمه‌تی پێشمه‌رگه‌یان دا و زانیارییان پێ دان، وه‌ك فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، هۆ‌ڵه‌ندا، كرواتیا، ئیتالیا و وڵاتانی ئەسكه‌ندە‌نافی وهه‌ر وڵاتێك به‌ جۆرێك یارمه‌تیی پێشمه‌رگه‌یان دا، چ به‌ ناردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی یان مه‌شق و ڕاهێنان و هتد. ئه‌و چاكسازییه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت، هه‌ر ئه‌وانن كه‌ پشتگیریی ده‌كه‌ن، چونكه‌ سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌قامگیریی خۆیان ده‌زانن.

ـ نوێنەرایەتیی حکومەت لەڕووى به ‌بازاڕكردنی به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌ورووپا، چى کردووە؟
د.دلاوەر ئاژگەیی: بابه‌تی هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌می ناوخۆ كاری باشی له‌سه‌ر كراوه‌ و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ سه‌ردانی بڕۆكسلی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌لجیكا و هۆڵه‌ندا و به‌رپرسانی هه‌رێمەكان كۆبووه‌وه‌، یه‌كێك له‌ بابه‌ته‌ گرنگه‌كان ئه‌وه ‌بوو كه‌ یارمه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن له‌باره‌ی به‌بازاڕكردنی به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌ورووپا. یەکێتی ئه‌ورووپا بازاڕێكی گه‌وره‌ و كێبەرکێیه‌كی زۆری تێدایه‌، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان بتوانێت ئه‌و ده‌رگایه‌ بكاته‌وه‌ سوودێكی زۆر به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و داهاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت. به‌رپرسانی یەکێتی ئه‌ورووپا، به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ئه‌و بیرۆكه‌یان پێ باش بوو، چونكه‌ ده‌یانه‌وێت زیاتر له‌و ڕێگه‌یه‌ یارمه‌تیی ئێمه‌ بده‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ پێویستی به‌ هه‌ندێک ڕێکار هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی یه‌كێك له‌ وڵاتانی یەکێتی ئه‌ورووپا بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئێمه‌ بگاته‌ به‌لجیكا و هۆڵه‌ندا دواتر ده‌توانرێت بۆ هه‌ر ٢٧ وڵاتی یەکێتی ئه‌ورووپا هه‌نارده‌ی بكه‌ین. هه‌روه‌ها ده‌بێت، به‌شێكی دیكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ دۆزینه‌وه‌ و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ماركێتێك یا كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ت بكڕێت و به‌سه‌ر بازاڕ دابه‌شی بكات، بۆ ئه‌مه‌ش ئێمه‌ گوتمان له‌ سه‌ره‌تادا ده‌توانین هه‌نار هه‌نارده‌ بكه‌ین، بۆ ئه‌مه‌ش بڕیاره‌ له‌ مانگی شه‌ش شاندێك له‌ به‌لجیكا بێن و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دیراسه‌ بكه‌ن و تاقیگه‌یه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تاقیگه‌یه‌كی به‌لجیكا به‌ هاوبه‌شی كار بكه‌ن، تا ئه‌وه‌ی بڕوانامه‌ به‌ به‌رهه‌مه‌كانمان به‌ پێی ستانداردی ئه‌ورووپی به‌ به‌رهه‌مه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن و دواتر هه‌نارده‌ی بكه‌ین. پێشبینی ده‌كه‌ین له‌ ماوه‌یه‌كی زوودا به‌رهه‌مه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بازاڕە‌كانی ئه‌ورووپا ببینین.

خاوەنی هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکەی دهۆک ئاشکرا بوو
پێشت خاوەنی هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکەی دهۆک ئاشکرا بوو
بڕیارێك لە هاتووچۆوە بۆ شۆفێرانی تەكسی
دواتر بڕیارێك لە هاتووچۆوە بۆ شۆفێرانی تەكسی
پەیوەندیدار