پلانی درێژخایان چارەسەرە



هەڵكەوت عەبدوڵا
لە هەرێمی كوردستان، هەتاوەكو كارەسات ڕوونەدات، هەڵوێست وەرناگیرێت و هەنگاو بۆ چارەسەركرد هەڵناهێنرێت. تا كارەساتی سوتانی ئوتێل سۆما لە سلێمانی ڕووی نەدا، بیر لە لایەنی سەلامەتیی باڵەخانەكان و جێگیركردنی ئامرازەكانی فریاكەوتن و دەربازبوون لە كاتی هەر پێشهاتێكدا نەكرایەوە. تا تەقینەوەی گاز لە سلێمانی و دهۆك ڕووی نەدا، بیر لە سیستەمی سەلامەتخوازانەی بەكارهێنانی گاز نەكرایەوە. تا بوومەلەرزەكانی توركیا و ئەو وێرانكاری و قوربانیانە ڕوویان نەدا، بیر لەوە نەكرایەوە ئاخۆ بینا و تەلارەكانمان توندوتۆڵن و هەنگاو بۆ چارەسەری گرفتەكە نەكرایەوە. واتە لە هەرێمەكەی ئێمەدا سیاسەت و هەڵسوكەوتی كاردانەوە پیادە دەكرێت، نەك بیركردنەوەی دوورمەودا و دانانی پلانی پێشوەخت و چارەسەری گونجاو.
ڕووداوەكانی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە هۆشداری دەدەن بە گوێماندا و كارەسات و قوربانی زۆریان لێ دەكەوێتەوە، كەچی هێشتا حكومەت بێدارنەبووەتەوە و دیاردەكە بەهێند وەرنەگیراوە و چارەسەری ڕێشەیی و یەكلاكەرەوەی بۆ دانەنراوە. تەنیا لەم دوو هەفتەیەی مانگی دووی ٢٠٢٣دا بە هۆی ڕووداوەكانی هاتووچۆوە ١٧ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و ٧٢ هاووڵاتیش بریندار بوون و نازانین تا كۆتایی ساڵ قوربانی و بریندارەكان دەگەنە چەند، كەچی وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەكان حازربەدەستە و بریتییە لە “پابەندنەبوون بە یاسا و ڕێنماییەكانی هاتووچۆ”.
ڕووداوەكانی هاتووچۆ و قوربانییەكانیان لەمێژە پەیامی خۆیان داوە بە گوێی حكومەتدا و ڕایانگەیاندووە مەترسییەكانی لە كارەساتەكەی ئوتێل سۆما و تەقینەوەی غاز و بوومەلەرزەكان كەمتر نییە و پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە و هەنگاوی خەمخۆرانە و پلانی زانستیی درێژخایان هەیە. لە وڵاتە پێشكەوتووەكان پلانی پێنج یان دە ساڵە هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ و پارە و وزەی زۆر بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكرێت. یەكێك لەو پلانانە كە لەسەر ئاستی جیهان بەناوبانگە و گەلێك دەوڵەت پیادەی دەكەن بریتییە لە (Vision Zero) بۆ كەمكردنەوەی مردنی قوربانیانی ڕووداوەكان هاتووچۆ و هێنانەخوارەوەی ڕادەی برینداربوون و پەككەوتنەكان، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە ڕەسمی ببێتە بەشێك لەو پلانە و سوود لە شارەزایی و ئەزموونی وڵاتان وەربگرێت و لە ڕێگەیانەوە پلانی پێنج ساڵە دابنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفتەی ساڵانە دەبێتە مایەی مردنی سەدان هاووڵاتی و برینداربوونی هەزاران و بەهەدەردانی سامانی زۆری گشتیی وڵات و تایبەتیی هاووڵاتیان.
پلانەكە جەخت لەسەر ئەو هۆكارانە دەكاتەوە كە دەبنە مایەی پێشهاتنی ڕووداوەكان و لە چەند خاڵێكدا چڕدەكرێنەوە: مرۆڤ (واتە شۆفێر و سەرنشین و پیادەكان)، ڕێگەوبان (واتە شێوازی سەلامەتخوازنەی بنیاتنانی ڕێگەوبانەكان و ڕێكخستنیان بە شێوازێكی دڵنیاخوازنە و یاسایی)، ئوتومبیل (واتە توندوتۆڵیی سوارڕەوەكان و چۆنیەتی پاراستنی سەلامەتیان)، فریاگوزاریی سەرەتایی (واتە دانانی سیستەمی فریاكەوتنی ئەوانە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبن و دەستەبەركردنی ناوەندی تایبەت لە دەرەوەی شارەكان و ئامرازەكانی گواستنەوە و چارەسەركردن).
دەستەواژەی “پابەندنەبوون بە یاسا و ڕێنماییەكانی هاتووچۆ” ڕێگر و چارەسەر نییە بۆ كەمكردنەوە و ڕاگرتنی ڕووداوەكانی هاتووچۆ، بەڵكو خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە گیان و ماڵی هاووڵاتیان و سامانی گشتیی وڵات. چونكە سەرەتا دڵنیاییەكی تەواو نییە بەرامبەر بەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە شێوازێكی زانستی و هاوچەرخ هاووڵاتیان ئاشنا بكەن بەو یاسا و ڕێنماییانە و شۆفێران بە شێوازێكی گونجاو ڕابهێنن بۆ پیادەكردنیان. بۆیە هەرچی زووە هەنگاونان بۆ پیادەكردنی پلانی (Vision Zero) لە هەرێمی كوردستان زۆر پێویست و بەرپرسیارانەیە و دواخستنی پلانێكی درێژخایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ مانای نەگرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتییە بەرامبەر بە گیان و ماڵی هاووڵاتیان.

ساڵێكی تر هات و هێشتا هەڵەبجە بێ نازە
پێشت ساڵێكی تر هات و هێشتا هەڵەبجە بێ نازە
پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی دەستپێدەكات
دواتر پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی دەستپێدەكات
ەیوەندیدار